گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یارییەک لەنێوان ئەفسانەکانی هەرێم و عێراق ئەنجامدەدرێت

داوا دەکرێت ڕۆژێک بۆ وەرزشی کوردستان دیاری بکرێت

2019.04.11 - 09:38
داوا دەکرێت ڕۆژێک بۆ وەرزشی کوردستان دیاری بکرێت

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە ڕۆژێکی تایبەت بۆ ڕۆژی وەرزشی کوردستان (Kurdistan sports day) دیاریبکرێت، بەو بۆنەیەشەوە یارییەکی تۆپی پێ لە نێوان ئەفسانەکانی کوردستان و ئەفسانەکانی عێراق ئەنجام دەدرێت.

 

پڕۆژەیەکی تایبەت هەیە بە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕۆژی وەرزشی کوردستان و داوادەکرێت پڕۆژەکە ببرێتە پەرلەمانی کوردستان و دەنگی لەسەر بدرێت، سۆران لوقمان، خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە زۆرینەی وڵاتان ڕۆژێکی تایبەت بە وەرزش هەیە کە لەو ڕۆژەدا چالاکی وەرزشی ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمیش چەندین ڕۆژی تایبەتی دیکەمان هەیە، وەک رۆژی جلی کوردی، بۆیە بیرۆکەیەکم هەبوو کە ڕۆژێکیش هەبێت بۆ ڕۆژی وەرزشی هەرێم".

 

سۆران لوقمان وتیشی، رۆژی 20ی نیسان دیاریکراوە بۆ ئەو ڕۆژە، بەڵام هێشتا فەرمی نییە و تەنها پێیانوایە ئەوکاتە گونجاوە بەهۆی بارودۆخی کەش و هەوا و قوتابخانەکانیش لەوکاتەدا دەوامی فەرمییان هەیە و دەتوانن چالاکی ئەنجام بدەن.

 

ڕۆژە تایبەتەکە هەموو وەرزشێک دەگرێتەوە و خاوەنی بیرۆکەکە ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەکە تەنها بۆ وەرزشی تۆپی پێ نییە، بەڵکو تایبەتە بە هەموو چالاکییە وەرزشییەکان و هەموو جۆرە وەرزشێک دەگرێتەوە.

 

"لە سەرەتادا دەمانەوێت تەنها چالاکی وەرزشی ئەنجام بدەین، بەڵام بێگومان دواتر پڕۆژەکە گەورە دەکەین و ساڵانە لەو ڕۆژەدا سیمینار و پڕۆژەی دیکەی وەرزشیمان دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزش لە هەرێمی کوردستان"، خاوەنی بیرۆکەکە وای وت.

 

وەک یەکەمین جار لە ئەمساڵدا پڕۆژەکە ئەزموون دەکرێت و چەند چالاکییەک ئەنجام دەدرێت، بە وتەی سۆران لوقمان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان چالاکی تایبەتی وەرزشی ئەنجام دەدەن، واتە "پڕۆژەکە ناوچەیی نییە و تایبەتە بە هەموو هەرێم".

 

سۆران لوقمان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەو بۆنەیەوە لە 20ی نیسانی ئەمساڵدا بۆ یەکەمین جار یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێ لە نێوان ئەفسانەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفسانەکانی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامدەدرێت.