گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەى دانیشتنى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى کازمى دیاریکرا.. ئایا ڕۆشنایی دەبینێت؟

2020.05.05 - 00:09
وادەى دانیشتنى پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەى کازمى دیاریکرا.. ئایا ڕۆشنایی دەبینێت؟

ناس کورد-

سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق وادەى دانیشتنى پەرلەمانى بۆ متمانەدان بە کابینەکەى مستەفا کازمى دیاریکرد، یاساناسێکیش دەڵێت ئەگەر "نیوە کۆی یەک" ى پەرلەمانتاران ئامادەبن لە ڕووی یاساییەوە بە پەسەندکراو دادەنرێت.

 

سەرۆکایەتى پەرلەمان ئەمڕۆ دووشەممە، 4ی ئایاری 2020، ڕایگەیاند، دانیشتنى تایبەت بە دەنگدان لەسەر بەرنامەى وەزاریی و کابینەى حکومەت رۆژى چوارشەممە بەڕێوەدەچێت.

 

لاى خۆیەوە عەلی تەمیمی، شارەزای عێراقی لە بواری یاسادا بە میدیا عێراقیەکانی ڕاگەیاند، "پێویست ناکات کازمی داوکاری پێشکەش بە پەرلەمان بکات بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان  بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی، چونکە ناوبراو توانیویەتی لە کاتی خۆیدا و پێش کۆتایی هاتنی وادەی دەستوری کە دیاریکراوە بە 30 ڕۆژ پێکهاتەی کابینەکەی تەواو بکات و کارنامەی حکومەتەکەشی بخاتە بەردەم پەرلەمان".

 

تەمیمی ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە، هەرکات "نیوە کۆی یەک" لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی کازمی فەراهەم بوو ئەوا لە ڕووی یاساییەوە بە کابینەیەکی پەسەندکراو دادەنرێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراقی کازمیان تۆمەتبارکردووە بەوەى لە ژێر فشاری سیاسی لایەنەکاندا مۆتەکەی سیستمی پشک پشکینە و بەرژەوەندی حیزبی لایەنە سیاسییەکانەوە لە ناو کابینەکەیدا بەرجەستە بووە.

 

بەڵامی بەشێک لە لایەنەکانی تری وەک سائیرون و حیکمە و نەسر و بەشێکی زۆر لە سونەکان و کورد پشتگیری کازمی دەکەن.

 

یەکەم کاردانەوەش لەسەرکابینەکەی کازمی لە لایەن هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای سەر بەنوری مالکی بووکە دوێنێ (یەکشەممە) لە ڕاگەیاندراوێکدا بەفەرمی خۆیان یەکلایی کردوەتەوە ڕایانگەیاند ئەوان  بەهیچ شێوەیەک لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگ بە کابینەی کازمی نادەن.

 

دەوڵەتى یاسا لە ڕاگەیاندراوێکدا جەختیکردووەتەوە "ئەو پێکهاتەیەى کازمى کە پێشکەشی پەرلەمانی کردوە پڕە لە کەسانی بێ ئەزموون  و ئەو کەسانەی کە مشتومڕی زۆریان لە سەرە و جێگای پەسەند کردنی گەلی عێراق نین".

 

هەر دوێنی ( یەکشەممە) ئەسعد یاسین، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمەی سەر بە عەمار حەکیم لە پەرلەمانی عێراق لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، لە گرنگترین ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە ڕێگری دەکەن لە تێپەڕاندنی کابینەکەی کازمی ئەم کێشانەی دواییەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بڕینی موچەی فەرمانبەرانە.

 

لە 9ی نیسانی 2020، مستەفا کازمی، سەرۆکى دەزگای هەواڵگری عێراق لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێدراو و بە گوێرەى دەستور، 30 ڕۆژی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەى کابینەی حکومەتەکەى بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق.