گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکی سودان لە پۆستەکەى دورخرایەوە

2019.04.11 - 09:31
سەرۆکی سودان لە پۆستەکەى دورخرایەوە

ناس کورد-

میدیاکانى سودان باس لە دورخستنەوەى عومەر بەشیر، سەرۆکى سودان دەکەن و گەشتی دەرەوەى وڵاتی لێ قەدەغەکراوە.

بەرەبەیانى ئەمرۆ بەشێک لە ئەفسەرانى سوپای گەمارۆی کۆشکی کۆمارییان دا و دەستیان گرت بەسەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆی فەرمی وڵاتدا. لە ئێستادا بەشێک لە فەرماندەکانى سوپای لەکۆبوونەوەدان بۆ دروستکردنی ئەنجومەنى سەربازیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

تەلەفزیۆنی فەرمی سودان دەڵێت، بڕیارە پاش کەمێکى تر فەرماندەیی سوپای سودان ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە. هاوکات هێزێکى زۆری سوپا لە ناوچە جیاوازەکانى خەرتومی پایتەخت بڵاوبوونەتەوە و سەرجەم گەشتەکانى ڕۆشتن لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی خەرتوم ڕاگیران.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانى سودان، زیاتر لە 100 کەسایەتى سیاسی و سەربازیی و سەرکردەى حزبیی کۆنگرەى نیشتمانی سودانی عومەر بەشیر دەستگیرکراون کە محەمەد تاهیر ئیلا، سەرۆکى حکومەتى سودان و بەکری حەسەن ساڵح، جێگری یەکەمی پێشووی عومەر بەشیریان تێدایە.

هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانەکانى کۆشکی کۆماری تاوەکو گۆڕەپانی مانگرتن لەبەردەم فەرماندەیی گشتیی سوپا گردبوونەتەوە و ئاهەنگی خۆشی و شادی دەگێڕن.

هاوکات لە بەشێک لە ناوچەکانى خەرتومی پایتەخت دەنگی تەقەی خۆشی دەبیسترێت.

ساڵی ١٩٩٤، عومەر حەسەن بەشیر کودەتای بەسەر حکومەتى هەڵبژێردراوی سادق مەهدیدا کرد و بە سەرۆکى سودان و سەرۆکى حزبی کۆنگرەى نیشتمانیی هەڵبژێردرا و تا ئەمڕۆ سەرۆکی سودان بوو.

 

https://www.youtube.com/watch?v=InT4-lw2tL8

نوێدەکرێتەوە...