گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

فالح فەیاز لەنێو کاندیدەکاندا نییە

سێ کەسایەتی نوێ بۆ وەزارەتی ناوخۆ کاندید دەکرێن

2019.03.03 - 10:04
سێ کەسایەتی نوێ بۆ وەزارەتی ناوخۆ کاندید دەکرێن

 

 

ناس کورد-

 

کۆتا هەواڵەکان دەربارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی وەزیری ناوخۆی کابینەکەی عال عەبدولمەهدی باس لە هاتنە ناوەوەی سێ ناوی نوێ دەکات بۆ کێبڕکێکە، هەندێک سەرچاوەش کە ئاگاداری کۆبونەوەکەی نێوان فەتح وسائرون بون ئاشکرایان کرد ناوە تازەکان فالح فەیازی تێدا نیە.

سەرچاوەیەک لە کوتلەی سائرون کە داوایکرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە کۆبونەوەیەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس لە کۆمەڵێک دۆسیە کراوە لەنێوانیاندا دۆسیەی وەزیری ناوخۆ، وتیشی: "کێبڕکێکە لەنێوان سێ لە پاڵێوراوەکاندا چڕ بۆتەوە، کە ئەوانیش وتەبێژی سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکانی پێشوو قاسم عەتا، ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆمار بۆ کاروبارە سەربازییەکان شیروان وائیلی، هەروەها فەرماندەی پاسەوانانی سنور لیوا روکن حامد حوسینی".

بەو پێیەش بێت فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ناوی لە کاندیدەکاندا نییە کە پێشتر کاندیدێکی بەهێزی وەزارەتی ناوخۆ بوو.

ئەوسەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە حوسێنی چانسی لەهەموویان زیاترە، وتیشی کە هێستا کوتلەی سائیرون هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی لەبارەی کاندیدەکان یەکلانەکردوەتەوە.

بڕیارە ڕۆژی شەممە 9ی ئادار دانیشتنەکانی وەرزی دووەمی یاسادانانی خولی چوارەمی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە، تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیش لە بەرنامەی کاری ئەو دانیشتنەدایە.

سەرەڕای تێپەڕینی زیاد لە سێ مانگ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا پۆستی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگریی و داد بەچۆڵی ماونەتەوە ئەویش بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و نەگەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر ناوی وەزیرەکان.