گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنى کۆمەڵ: ئەوەى سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستی داوەتێ پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە

2020.05.04 - 20:39
فراکسیۆنى کۆمەڵ: ئەوەى سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەستی داوەتێ پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە

ناس کورد-

لەبارەى هەوڵی سەندنەوەى پارێزبەندی لە سۆران عومەر، فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی 29 ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، فراکسیۆنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان کاک (سۆران عومەر سەعید)."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەمەی به‌ڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە."

 

ڕاشیگەیاند، "ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە!"

 

ڕونیشیکردووەتەوە، "ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت!"