گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێژەی هەژاری لە عێراق روو لە زیادبونێکى ترسناک دەکات

2020.05.04 - 11:51
ڕێژەی هەژاری لە عێراق روو لە زیادبونێکى ترسناک دەکات

ناس کورد-

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و سەرهەڵدانی بێکارییەکی زیاتر، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ زیاتر لە %20 بەرزببێتەوە، وەزیری پلاندانانی عێراقیش دەڵێت، لە پارێزگای موسەنا ڕێژەی هەژاری %52ە".

 

 

نوری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند: "بەگوێرەی دواین ئامارەکانی وەزارەتەکەمان کە لەساڵی 2018 تۆمارکراوە، ڕێژەی هەژاری لە عێراق %20ە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ڕێژەکە بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت و لە پارێزگاکانی باشور زیاترە، بە نمونە بەگوێرەی ئەو ئامارەی ساڵی 2018 ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەنا  %52 بووە".

 

وەزیری پلاندانانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی چالاکییە ئابورییەکان و ئەو قەیران و دۆخە ئابورییەی دروستبووە، پێشبینی بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیە دەکرێت لەئێستادا، بەتایبەت کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کەرتی تایبەت کارەکانیان لەدەستداوە و هیچ کارێکی دیکەشیان نییە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەکە بەرزبووەتەوە و بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە پێشتر ناس کورد لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی دەستی کەوتبوو، پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون، %5 بوو.

 

بەگوێرەی ئەو ئامارەی ناس کورد دەستی کەوتبوو، پێشبینی ئەوە کرابوو کە لەئێستادا لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی کەسانی خوار هێڵی هەژار بەرزبووبێتەوە بۆ %15، ئەوەش بەهۆی ئەو بێکارییەوە لەماوەی ڕابردوودا بە ئێستاشەوە دروست بووە.