گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس كورد هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا ئاشكرا دەكات

2019.04.10 - 23:29
ناس كورد هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا ئاشكرا دەكات

ناس كورد – هەڤاڵ فەتاح

شارەزایەکى بواری بەخێوکردنی پەلەوەر رایگەیاند، کەمبوونەوەى ژمارەی جوجکە (دایکانەى تروکانى هێلکە) و گرانبوونی هێلکەی تروکاو لە وڵاتانى دەرەوە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانى هەرێمدا.

ڕزگار محەمەد، شارەزای بەخێوکردنی پەلەوەر کە هاوکات سەرۆکى پێشووی کۆمەڵەى بەخێوکەرانى پەلەوەرە لە هەرێمی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، نرخی ئەو جوجکانە دوو هێندە گرانبووە کە خاوەن پڕۆژەکانى بەخێوکردنی پەلەوەر لە چەند وڵاتێکى دەرەوە دەیهێنن بە جۆرێک پێشتر هەر جوجکەیەک بە 40 سەنت بووە، بەڵام ئێستا بۆ 80 سەنت بەرزبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتى هەرێم تەنها ڕێگە بە هاوردەکردنی جوجکە لە چوار وڵاتەوە دەدات کە ئەوانیش تورکیا و پرتوگال و بەلجیکا و هۆڵەندان کە ئەوەش باری سەرشانی خاوەن پڕۆژەکانى بەخێوکردنی پەلەوەری قورستر کردووە.

سەبارەت بە هۆکاری دووەم، ڕزگار محەمەد وتیشى، نرخی هێلکەى تروکاو بۆ زیاتر لە 50 سەنت بەرزبووەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى مەترسی نەخۆشییەوە، هاوردەكردنی هێلکەی تروكاو لە 34 وڵاتەوە قەدەغەکراوە.

جیاواز لەوەش، گرانبوونی نرخی سوتەمەنی هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەرزبوونەوەى نرخی مریشك چونكە پرۆژەكانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە مانگەکانى11 و 12دا پێویستییەکی زۆریان بە سوتەمەنی هەیە بۆ گەرم ڕاگرتنى کێڵگەکانى بەخێوکردنی پەلەوەر.

زیاتر لە مانگێکە نرخی یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکانى هەرێمی کوردستاندا لە 1500 دینارەوە بۆ سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە.