گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلانى A و B.. چى ڕودەدات ئەگەر ڤاکسینى دژى کۆرۆنا نەدۆزرێتەوە؟

2020.05.04 - 08:37
پلانى A و B.. چى ڕودەدات ئەگەر ڤاکسینى دژى کۆرۆنا نەدۆزرێتەوە؟

ناس کورد-

هەرچەندە کارکردن لەسەر نزیکەى 76 ڤاکسینى چاوەڕوانکراو لە ئارادایە بۆ ئەوەى وەک چارەسەرى کۆرۆنا بەکاربهێنرێت، بەڵام زانایان تاوتوێی پلانى جێگرەوە دەکەن لە ئەگەرى شکستهێنانى دۆزینەوەى ڤاکسینى سەلامەت و کارا.

 

 

د.ديفيد نابارو مامۆستاى تەندروستى جیهانى لە لەندەن ئاماژە بە ئەگەرى بەرهەمنەهێنانى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دەکات و دەڵێت "گریمانەیەکى رەها نییە لەبارەى بەرهەمهێنانى ڤاکسینەوە، تەنانەت ئەگەر بەرهەمیش بهێنرێت نازانرێت کارا و سەلامەت دەبێت یان نا؟".

 

ناوبراو کە هاوکات نوێنەرى تایبەتى رێکخراوى تەندروستى جیهانییە لەبوارى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنادا وتى "هێشتا هەندێ ڤایرۆس هەن هیچ ڤاکیسنێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە"، ئەوەش بەپێی تۆڕى سی ئێن ئێنى ئەمریکى.

 

وتیشى "کارێکى زۆر پێویستە کۆمەڵگەکان ئامادە بکرێن کە بتوانن بەرگرى لەخۆیان بکەن دژى ڤایرۆسەکە، ئەگەر وەکو هەڕەشەیەکى بەردەوام مایەوە، لەگەڵ زانینى چۆنیەتى گەڕانەوە بۆ ژیانى ئاسایی کۆمەڵایەتى و ئابورى لەکاتى بڵاوبوونەوەى پەتاکە لەناویاندا".

 

زانکۆى ئۆکسفۆرد کە کار لەسەر بەرهەمهێنانى یەکێک لە ڤاکسینەکان دەکات دەڵێت، ڤاکسینەکە لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەگەرى هەیە بەفراوانى بەرهەمبهێنرێت، بەڵام د.بیتر هوتیز راگرى قوتابخانەى نیشتیمانى بۆ پزیشکى لە کۆلێژى بایلورى پزیشکى دەڵێت "ناکرێت بەخێرایی ڤاکسین بەرهەمبهێرێت لەماوەى ساڵێک یان 18 مانگدا، مەبەستم ئەوە نییە کە بڵێم مەحاڵە، بەڵام ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوە کارێکى ئازایانەیە".

 

دەشڵێت پێویستیان بە پلانى A و پلانى B هەیە.

 

پلانى A..ئەگەر ڤاکسینەکە کارنەکات

 

هەرچەندە زانایان چەندینجار بەڵێنیانداوە بە گەشەپێدانى ڤاکسینى دژە ڤایرۆسى لاوازى بەرگرى جەستە "ئایدز"، بەڵام زانایان ماوەى چوار دەیەیە بەدوایدا دەگەڕێن کە بووەتە هۆى مردنى 32 ملیۆن کەس لەسەر زەوى.

 

هەروەها نەخۆشییەکانى دیکە دواى مردنى سەدان هەزار کەس و ساڵانێکى درێژ پاشان ڤاکسینیان بۆ دۆزراوەتەوە.

 

د.نابارو دەڵێت "ئێمە مامەڵە لەگەڵ سیستەمێکى بایۆلۆژى دەکەین نەک میکانیکى، بۆ ئەوەش دەبێت بەشێوەیەکى گەورە پشتببەستین بە چۆنیەتى کارلێکى مرۆڤ لەگەڵ ئەو جۆرە ڤاکسینانە".

 

هەروەها د.بیتر هوتیز وتى "کێشەکە لە گەشەپێدانى ڤاکسینەکە نییە، بەڵام تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ کاتیان پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کارایی و سەلامەتى".

 

بەوتەى توێژەرانى زانکۆى ئۆکسفۆرد، دەکرێت دەست بەبەرهەمهێنانى ڤاکسینەکە بکرێت بەبێ دڵنیابوونەوە لە کارایی تەواوەتى، ئەوەش بۆ خێراکردنى پڕۆسەکە.

 

یەکەم تاقیکردنەوە لەسەر ڤاکسین، لە شارى سیاتل لە ئازارى رابردوودا بەڕێوەچوو لەلایەن کۆمپانیاى مۆدیرناوە، کۆمپانیاکە دواتر داوایکرد قۆناغى دووەمى تاقیکردنەوەکە بەڕێوەبچێت و بریارە لە چارەکى دووەمى ئەمساڵدا دەستپێبکات، بەڵام دەرنەکەوتنى ئەنجامى هەردوو قۆناغەکە تا ئێستا، کاتى بەرهەمهێنانى ڤاکسینەکەى بە نادیارى هێشتووەتەوە.

 

پلانى B..گەشەپێدانى چارەسەرى نەخۆشییەکە

 

 زانایان لە ئێستادا تاوتوێی ئەو پلانە دەکەن، هاوکات لەگەڵ تاقیکردنەوەکان لەسەر ڤاکسینە چاوەڕوانکراوەکان.

 

هەرچەندە بەشێک لە وتەکان لەهەندێک باردا دڵنیاکەرن، بەڵام ئەو تاقیکردنەوانە تا ئێستا لە قۆناغێکى زۆر سەرەتادایە، بۆیە زانایان دەگەڕێن بەدواى چارەسەرى دیکەدا بۆ کۆرۆنا.

 

لەناو ئەو چارەسەرانەدا، قسە لەسەر چارەسەرى  "رمديسفير" دەکرێت کە چارەسەرى ئیبۆلایە، هەروەها باس لە چارەسەرى پلازما دەکرێت کە لە خوێنى ئەو کەسانەدایە کە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، سەرەڕاى چارەسەرى هيدروكسى كلوروكوينى تایبەت بە چارەسەرى مەلاریا.

 

بەڵام توێژینەوەکان لەسەر ئەو چارەسەرانە بەردەوامن، بەشێکیان رەتکراونەتەوە بەهۆى کەمى تاقیکردنەوە لەسەرى، یان بەکارهێنانى بەشێوەیەکى ناڕێکخراو.

 

ژیان بەبێ ڤاکسین چۆن دەبێت؟

 

ژیان ناگەرێتەوە بۆ سروشتى خۆى وەک پێش دەرکەوتنى پەتاکە، یان لانى کەم بەخێرایی ناگەڕێتەوە ئەو کاتە.

 

د.نابارو دەڵێت، "پێویستە ئامادەبین بۆ ئەوەى هەموو کەسێک بەرپرس بێت لە سەلامەتى خۆى و کەسانى دیکە، کاتێک ژیانى سروشتى خۆیان دەستپێدەکەنەوە".

 

وتیشى "بەرپرسیارێتى کۆمەڵایەتى ئەوەیە هەموو کەسێکى توشبوو خۆى کەرەنتین بکات ئەگەر نیشانەکانى لێدەرکەوت، پێویستە وەکو پاڵەوان سەیرى ئەو کەسانە بکرێت نەک وەکو کەسێکى بێزراو".