گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سلێمانی.. دوو سەرمایەدار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

2019.04.10 - 22:43
سلێمانی.. دوو سەرمایەدار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

ناس کورد-

بە تۆمەتی گەندەڵی، دوو سەرمایەداری شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دوای ئازادکردنیان بە کەفالەت، یەکێکیان چووەتە دەرەوەى وڵات.

بەپێی ئەو زانیارییانەى دەستى ناس کورد کەوتووە، هەفتەى ڕابردوو لەسەر داوایەکی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی، دوو سەرمایەدار بە ناوەکانى (س ئ ئ، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی "س") و (هـ م ڕ، هاوپشک لە کۆمپانیاکانی "ئ" و "ف" و چەند پڕۆژەیەکی دیکە) دەستگیرکراون و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون.

عومەر ئەحمەد، وتەبێژی دادگای سلێمانی زانیارییەکانى بۆ ناس کورد پشتڕاستکردووە و ڕایگەیاند، "ڕۆژی پێنجەشممەی ڕابردوو 30ی ئازاری 2019، تۆمەتبارەکان بە ماددەی 335ی یاسای سزادانی عێراق لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار دەستگیرکراون و دواتر بە کەفالەتێکی زۆر ئازادکراون، لەئێستادا دۆسیەکەیان لە لێکۆڵینەوەدایە".

هەر بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، تۆمەتبار (هـ م ڕ) ڕۆشتووەتە دەرەوەى وڵات، وتەبێژی دادگای سلێمانیش دەڵێت، ئەو ماددەیەی هەردوو تۆمەتبارەکەی پێ دەستگیرکراوە گەشتکردنیان لێ قەدەغە ناکات و دەتوانن سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، ڕەنگە بۆ گەشتێک چووبێتە دەرەوە و هیچ زانیارییەک نییە دەربارەى هەڵهاتنی.

ناس کورد پەیوەندی بە کۆمپانیای تۆمەتبار (ھـ م ڕ) کرد، بەڵام ئەوان بێئاگایی خۆیان لە دۆسییەکە نیشاندا و ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن.

سەبارەت بەو مادەیەی هەردوو تۆمەتبارەکەى پێ دەستگیرکراوە، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "ماددەی 335ی یاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە هەر فەرمانبەرێک يان کەسێکى ڕاسپێردراو بۆ کارێکى گشتی دەستبگرێت بەسەر پارەیەک یاخود کەلوپەلێک یاخود نوسراوێک کە مافی خەڵکی دیکەی تێدایە، یاخود کارەکە بۆ کەسێکی دیکە ئاسان بکات و ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بەکاری هێنابێت".

سەرۆکی دەستەکە وتیشى،" بەپێی مادەکە سزای ئەو کەسانە لە سێ مانگ زیندانییەوە دەستپێدەکات بۆ 10 ساڵ".