گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم پلانی دابینکردنی 200 هەزار هەلی کار بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند

2020.05.03 - 14:18
حکومەتی هەرێم پلانی دابینکردنی 200 هەزار هەلی کار بۆ هاوڵاتیان ڕاگەیاند

ناس کورد-

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم زیاتر لە هەزار پڕۆژەی ڕاگەیاند و سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان نزیکەی 200 هەزار هەلی کار دەڕەخسێندرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، پلانیان هەیە کەرتی وەبەرهێنان پەرەپێبدەن و لە داهاتوودا کاڵای هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت.

 

 

محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پلانی وەبەرهێنانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاکان داڕشتووە.

 

وتیشی، لە پلانی ئەمڕۆیاندا، زیاتر لە هەزار و 55 پڕۆژە وەک دەرفەتی وەبەرهێنان دەخەنەڕوو، بەوەش دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پلانەکەدا 11 ناوچەی پیشەسازی جێگەی کراوەتەوە لە پارێزگاکان و ئیدارەکاندا کە بەتێکڕا ئەو 11 ناوچە پیشەسازییە، زیاتر لە سێ هەزار کارگەی بچوک و مامناوەند لەخۆدەگرێت و دەرفەتێکی وەبەرهێنانی گەورە دروست دەکات.

 

سەبارەت بەو بوارانەی پڕۆژەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد: "461 پڕۆژەیان لە بواری پیشەسازیدا دەبن و 227ـیان گەشتوگوزاری ‌و هەروەها 113 پڕۆژەش كشتوكاڵین و 162 پڕۆژە لە بواری تەندروستی و لەگەڵ چەند پڕۆژەیەکی دیکە".

 

محەمەد شوکری ڕونیشیکردەوە، بە جێبەجێکردنی پلانەکە بەتێکڕا نزیکەی 200 هەزار هەلی کار بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن.

 

 سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەشکرد، ئامانجیان لە پلانەکەیان پێچەوانەکردنەوەی سیستمی وەبەرهێنانە لە هەرێم، چونکە پێشتر وەبەرهێنەران پلانیان ئاڕاستەی حکومەت دەکرد، بەڵام ئێستا حکومەت پلان بۆ وەبەرهێنەران دادەڕێژێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە لە داهاتوودا پەرە بە کەرتی وەبەرهێنان و بەتایبەت لە بواری پیشەسازیدا بدەن و بتوانن بەشێکی زۆر لە پێداویستییە جیاوازەکانی ناوخۆی هەرێم دابینبکرێت و دواتر هەناردەی دەرەوەش بکرێت.