ناس کورد-
شارەزایەکی بوارى ئەمنى و نزيك لە دەزگاى هەواڵگرى عێراقى هۆشداری دەدات لەوەی ڕێكخراوى داعش دەيەوێت پلانەكانى فراوانتر بكات و چالاكيەكانى بباتە دەوڵەتانى كەنداويش.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ ئەبو ڕەغيف، شارەزای بواری ئەمنی و نزیک لە دەزگای هەواڵگری عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕى RT وتويەتى: "ئەبو ئيبراهيم قوڕەيشى، سەركردەى نوێى ڕێكخراوى داعش بير لەوە دەكاتەوە كە چالاكى و هێرشەكانى ڕێكخراوەكەى فراوانتر بكات، دەيەوێت لە دەوڵەتە عەرەبيەكان بەتايبەتى دەوڵەتانى كەنداويش هێرشەكانيان ئەنجام بدەن".
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەسەڵاتدارانى عێراقى بە جديەوە كار دەكەن بۆ كۆتايى هێنان بەو ڕێكخراوە لە عێراق و هاريكارى لەگەڵ لايەنى نێودەوڵەتى دەكات و هەر زانياريەك هەبێت لەسەر ڕێكخراوەكە دەيداتە لايەنە نێودەوڵەتيەكان.
ئەو شارەزا ئەمنيە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، پێويستە دەوڵەتانى كەنداو ئامادەباش بن و خۆيان ئامادە بكەن بۆ ماوەى داهاتوو، ئەوەش لە پێناو ڕێگەگرتن لە هەر هەوڵێكى "تيرۆرستى" لەسەر خاكى وڵاتەكانيان لەلايەن ڕێكخراوى داعشەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەى ڕابردوودا ڕێكخراوى داعش چالاكيیەكانى لە عێراق فراوانتر و زياتر كردوە و لەكۆتا دوو كردەوەشدا لە دوو هێرشدا سەرلەبەیانی دوێنێ و شەو ڕابردوو لە چەند لايەكەوە هێرشى كردە سەر حەشدى شەعبى و بەهۆى ئەوەشەوە لە هێرشی یەکەمدا 10 ئەندامى حەشد كوژران و چەند ئەندامێكى تريان بريندار بوون و لە هێرشی دووەمیشدا درەنگانی شەوی ڕابردوو لە سەڵاحەدین و دیالە ئەنجامیدا و بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان 11 کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.