گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دارایی پەرلەمانی عێراق: موچەی مانگی نیسان و ئایار گەرەنتیکراوە و هەوڵی حوزەیرانیش دەدەین

2020.05.02 - 13:20
دارایی پەرلەمانی عێراق: موچەی مانگی نیسان و ئایار گەرەنتیکراوە و هەوڵی حوزەیرانیش دەدەین

ناس کورد-

دوو ئەندام لە لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق کەمکردنەوەى یان دەستکاری موچەى فەرمانبەران و دەرماڵەکانیان بەدور دەزانن و دەڵێن، موچەى مانگی ئایار و نیسانی موچەخۆران 100% گەرەنتیکراوە.

 

حەنین قەدۆ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حکومەتى عێراق دەڵێت، موچەی فەرمانبەران بە یاسا ڕێکخراوە، هەر گۆڕانکارییەک تێیدا دەبێت بە یاسا بێت و لە پەرلەمانەوە دەربچێت، بۆیە دەستکاریکردنی دەبێت کارێکی نایاسایی.


باسی لەوەشکرد کە "پێویستە حکومەت جێگرەوەى تر بدۆزێتەوە" و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە بێدەنگی حکومەت بۆ ناردنی 435 ملیار دیناری عێراقی بۆ هەرێم لەکاتێکدا یەک دیناری ڕەوانەى بەغدا نەکردووە، لەئێستاشدا ناکرێت باس لە بودجەى 2020 بکرێت چونکە حکومەت بوونی نییە."


ڕونیشیکردەوە کە "لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا دەبێت کاری لەپێشینەى ئەنجامدانی هەمواری بودجەیە تاوەکو گەرەنتی موچە و ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا بکات."


لەلایەکی ترەوە، ئەحمەد مەزهەر جبوری، ئەندامی لیژنەى دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند، "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و لەڕێگەی هەماهەنگی و کۆبوونەوە بەرەوامەکان و پەیوەندیکردنی بە وەزارەتی دارایی گەشتینە ئەنجامێک بۆ گەرەنتیکردنی موچەى 100%ی مانگی نیسان و ئایاری موچەخۆران."


وتیشی، "لیژنەى دارایی بە هەماهەنگی وەزارەتی دارایی کاردەکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک بۆ گەرەنتیکردنی موچەى مانگی حوزەیران و مانگەکانی دواتر، چونکە ئێمە بە قەیرانێکی گەورەى داراییدا تێپەڕ دەبین."