گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەكاریی هێرشە فراوانەکەى داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق

2020.05.02 - 09:37
وردەكاریی هێرشە فراوانەکەى داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق

ناس کورد-

 چەکدارانى داعش بەرەبەیانى ئەمڕۆ هێرشى بەرفراوانیان کردە سەر چەند ناوچەیەکى عێراق و دواى پێکدادانى سەخت هێزە ئەمنییەکان توانیان هێرشەکە تێکبشکێنن.

 

هێرشەکانى داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەک بوون لە باشورى تکریت، کە چەندین کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە.

 

سەرچاوەیەكی سەربازی بەناس كوردی ڕاگەیاند، دوای هێرشە بەرفراوانەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی داعش لەچەند قۆڵێكەوە بۆ سەر ناوچەیەكی عێراق لەئێستادا دۆخەكە ئارامە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنیەكاندایە ئەوەش دوای گەیشتی پاڵپشتی زەمینی و ئاسمانیی.

 

وتیشى "پاڵپشتیە زەمینی و ئاسمانیەكان گەیشتوونەتە ئەو ناوچانەی كە بەرهێرشە تیرۆریستیەكە كەوتوون و ئێستا ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە گەرچی ژمارەیەكی زۆر لەچەكدارانی حەشدی عەشائیری و حەشدی شەعبی و چەند کەسێک لەهێزە ئەمنییەكان كوژران".

me_ga.php?id=468

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێزە ئەمنییەكان سەركەوتن و شکستیان بە هێرشەکەى داعش هێنا، دواى کوشتن و بریندارکردنى چەندین چەکدار.

 

لاى خۆیەوە، لەڕاگەیەنراوێكدا سەرایا سەلام ڕایگەیاند، دوای هێرشەكەی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەك لەچەند قۆلێكی جیاوازەوە ئێستا هەموو ئەو ناوچانە سەلامەتن و لەژێر كۆنترۆڵدان، هێرشەكەی سەڵاحەدین بووە هۆی كوژرانی 10 كەس لە عەشیرەتی ئەبو عیسا و كوژرانی 10 كەسی تر لەپارێزگى بەسرە لەكاتی ڕووبەڕوبونەوەی هێرشەكەدا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ناوچەكانی سامەڕا و ئیسحاقی و جەزیرەی سامەڕا و جەلام و شارۆچكە بەلەد و دەریاچەی ڕەساسی و سناش، هەمووی لەژێر كۆنترۆڵدان و سەلامەتن و هیچ هێرشێكیان نەكراوەتە سەر و چەکدارانى داعش دزەیان نەكردووەتە ناوییەوە.

  

یەكێك لە شێخە دیارەكانی عەشیرەتی ئال ئەبو عیساش لەڕاگەیەنراوێكدا باسی ئەو كوژراوانەی كرد كە لەهێرشەكەی داعش دا بۆ سەر ناوچەکانى سەڵاحەدین كوژراون و سەر بەهێزەكانی حەشدی عەشائیرن.

  

لەو هێرشەی كرایە سەر ناوچەی تەل زەهەب، لیوایەكی سەر بە عەسائیبی ئەهلی هەق بەناوی فەلاح مەهدی عەبدولزەهرە  كوژرا.

 

لەسەر هێرشەكەی سەر باشووری تكریت ، سەرچاوەیەكی دیكە لەناحیەی دجلە بەناس كوردی ڕاگەیاند، هێرشەكە دوای چەند ڕؤژێك هات لەو هێرشە ئاسمانیانەی كە وترا بۆ سەر چەند بنكەیەكی داعشن لەنزیك ئەو ناوچانەی كە هێرشەكەی تێدا ئەنجامدرا.

 

داعش لەو ناوچانە هێرشێكی كردە سەر ئەحباب و تەل زەهەب كە دەكەوێتە شارۆچكەی بەلەد لەباشوری پارێزگاكە.  

  

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، بەڕێوەبەرێتی ڕاگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ناوچەی مكیشیفە و تەل زەهەب و یەسرب و مەتیبیجە و شارۆچكەی دۆر ڕوبەڕووی هێرشێكی چەكدارانی داعش بوونەتەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هێزەكانیان ڕوبەڕووی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی میكیشفە و بەلەد لەباشوری تكریت بونەتەوە.

 

باسی لەوەش كردووە، هێزەكانی حەشد،چەندین چەكداری داعشیان كوشتووە و شەرێكی خوێناوی ڕوویداوە و دواترناوچەكە گەمارۆ دراوە بۆ گەڕان بەدوای چەكدارانی داعشدا، دوای گەیشتنی پاڵپشتی زەمینی و ئاسمانی.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لەو شەڕو پێكدانانەدا 10 چەكداری حەشد كوژران و لەگەڵ چەند بریندارێكدا و فەوجی دیجلەش 9 چەكداری كوژراوە لەگەڵ كوژرانی لیوای 41 لەناوچەی تەل زەهەب.