گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جیبەجێکردنی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێکەوە ئاهێکی بە نرخەکەیدا هێناوە

2020.05.01 - 15:55
جیبەجێکردنی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپێکەوە ئاهێکی بە نرخەکەیدا هێناوە

ناس کورد-

نرخى نەوت ئەمڕۆ هەینى ڕووى لە بەرزبوونەوە کرد ئەوەش لەگەڵ دەستکردن بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان لەلایەن گەورە بەرهەمهێنەرانى نەوتەوە، بەپێی رێککەوتنەکەى نێوانیان.

 

بەڵام هێشتا ئەو وزەیە دەستکەوتەکانى پێشووى بەدەستنەهێناوەتەوە و مانگى ئایار بە هەڵکشان و داکشانى زیاتر دەستیپێکرد، دواى ئەوەى لەمانگى نیساندا داشکاندنێکى مێژویی تۆمارکرد و نرخى نەوتى ئەمریکا بۆ ژێر سفر دابەزى.

 

نرخى نەوتى برێنت کە لە تەموزدا رادەستدەکرێت، ئەمڕۆ هەینى بە 26.70 دۆلار مامەڵەى پێوەکرا. رۆژى پێنجشەممە برێنت بەڕێژەى نزیکەى 12% بەرزبووە، بەڵام هێشتا نزیکەى 60%ى نرخەکەى لەدەستداوە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تائێستا بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە.

 

هەروەها نرخى نەوتى خاوى ئەمریکا کە مانگى حوزەیران رادەستدەکرێت بەرزبووەوە و گەیشتە 19.18 دۆلار، بەڵام هێشتا 70%ى نرخەکەى لەدەستداوە لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە.

 

لويز ديكسون، شیکەرەوەى بازاڕى نەوت دەڵێت، "لەکاتێکدا دەبوو نرخەکە بەشێوەیەکى گەورە رووى لە باشبوون بکردایە، بەڵام بازاڕى نەوت بەشێوەى سیحرى هەنگاو نانێت".

 

بەپێی رێککەوتنەکەى ئۆپیک پڵەس، لە ئەمڕۆوە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانى نەوت کەمدەکرێتەوە تا هاوسەنگى بۆ بازاڕى زێڕى ڕەش بگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوى ئاستى کاریگەرییەکە دیار نییە.

 

لەگەڵ ئەو هۆکارە، نرخى نەوت پشتیوانیەکى دیکەشى بەدەستهێناوە کە بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخەکەى، ئەویش کەمبوونەوەى ئاستى کۆگاکردنى نەوت بوو لە ئەمریکا، کەمتر لەوەى کە پێشبینیدەکرا.

 

بەپێی ئامارەکانى ئیدارەى زانیارى وزەى ئەمریکا، هەفتەى ڕابردوو 527.6 ملیۆن بەرمیل ئاستى کۆگاکردن زیادیکردووە، ئەوەش کەمترە لە پیشبینى شیکەرەوان لەو بارەیەوە.

 

جگە لەو هۆکارانە، بازاڕى نەوت چاوى لە پلانى وڵاتانە بۆ هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ و رێگەپێدان بە هۆکارەکانى گواستنەوە تا خواست لەسەر ئەو وزەیە و پێکهاتەکانى بەرزبێتەوە.

 

ستیڤن ئینیس شیکەرەوە لە گروپە ئەکسیکورب دەڵێت، "خواست لەسەر نەوت هێشتا لە ئاستێکى نزمدایە، لەکاتێکدا وڵاتى خاوەن ئابورى گەورە ستراتیژ بۆ دەرچوون لە رێوشوێنەکان و دەستکردنەوە بە ئاسایی بوونەوەى ژیان تاوتوێ دەکەن".