گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند بەڵگەيەكى نوێ شوێنى كيم جۆنگ ئون ئاشكرا دەكەن

2020.04.29 - 19:56
چەند بەڵگەيەكى نوێ شوێنى كيم جۆنگ ئون ئاشكرا دەكەن

ناس کورد- 

بەگوێرەى چەند وێنەيەكى نوێى مانگە دەستكردەكان بەلەم و يەختە گرانبەهاكانى كيم جۆنگ ئون سەركردەى كۆرياى باكور لە ناوچەى كۆمەڵگەى گەشتيارى "ونسان" دەبينرێن و ئەوەش ئەو ئەگەرانە بەهێز دەكات كە باس لەوە دەكەن كيم لەو ناوچەيەيە.

 

ماڵپەرى "ئين كيە برو" وێنەكانى بڵاوكردوەتەوە و ئاماژەى بەوەداوە، وێنەكان هى ئەم هەفتەيەن و ئەو يەختە گرانبەهانە تەنها لەلايەن "كيم جۆنگ ئون"ەوە بەكار دەهێنرێن و لەئێستادا لە كەنارەكانى "ونسان"دا وەستاون و ئەو كەنارە بە درێژايى ئەم مانگە جموجوڵى زۆرى تێدا بوە.

 

لەساڵى 2011 كە تێيدا كيم جۆنگ ئون پۆستى سەركردايەتى ئەو وڵاتەى گرتوەتە دەست بۆ يەكەمجار لە بۆنە نيشتمانيەكانى وڵاتەكەى نەبينرا، لە ديارترينيان لە 15ى نيسان كە يادى "كيم ئيل سۆنگ"ى باپيرەى بوو (دامەزرێنەرى كۆرياى باكور).

 

ديارنەمانى "كيم جۆنگ ئون" چەندين پروپاگەندە و دەنگۆى بەدواى خۆيدا هێنا و هەزاران پرسيار سەبارەت بە چارەنوسى ئەو سەركردە ديكتاتۆرە تەمەن 36 ساڵەى كۆرياى باكور دەكرێت، ئەوەش دواى ئەوەى كە نەشتەرگەرى دڵى بۆ كراوە و بەهۆى ئەوەشەوە بارودۆخى تەندروستى تێكچوە.

 

دەركەوتنى ئەو بەلەم و يەختانەى كيم گومانەكانى سەبارەت بەوەى كە لەو كۆمەڵگە گەشتياريەدا هێڵراوەتەوە زياتر كرد، چونكە ناوبراو بەردەوام سەردانى ئەو ناوچەيە دەكات و تەنها هاوينى ڕابردوو شەش جار چوەتە ئەو ناوچەيە.

 

كيم لە ڕۆژى 11ى نيسانەوە ديار نييە و چەندين پرسياريش سەبارەت بە شوێنەكەى دەكرێت، لاى خۆشيانەوە بەرپرسانى كۆرياى باشورى هاوسێى جەختیان كردوەتەوە كە ماوەيەكى زۆرە لە ناوچەى "ونسان"ە.

 

لاى خۆيەوە ڕاوێژكارێكى "مون جاى ئان" سەرۆكوەزيرانى كۆرياى باشور باسى لەوەكردوە، كيم لە 13ى نيسان چوەتە ناوچەكە و بەشێوەيەكى سروشتى يەختێك بەكار دەهێنێت بۆ گەيشتن بەو ناوچەيە بۆ ڤێلاى سەرۆكايەتى ونسان كە چەندين ساڵە بەكارى دەهێنێت.

 

شيكەرەوەيەكى وێنەى مانگە دەستكردەكان ئاماژەى بەوە داوە، يەختە گەشتياريەكەى كيم 60 مەتر درێژە و پێشتر "دينيس رودمان" ياريزانى باسكەى ئەمريكى لە سەردانەكەيدا بۆ ئەو وڵاتە و بۆ لاى كيم جۆنگ ئون يەختەكەى بينيوە.

 

پێشتريش چەند سەرچاوەيەك جەختیان كردبوەوە، كيم جۆنگ ئون مردوە و هۆكارى ڕانەگەياندنەكەشى تا ئێستا بەهۆى كێشەكانەوەيە لەسەر شوێنگرەوەكەى، زۆرێك لە سەرچاوەكان پێيان وايە لە ئەگەرى مردنى سەركردەكەى كۆرياى باكور، "كيم يۆ جۆنگ"ى خوشكى زۆرترين چانسى هەيە بۆ شوێنگرتنەوەى.