گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خانەی راپەڕاندن: هەر كەس بۆچوونی كاك نەوشیروان بۆ مەرامی خۆی بەكاربهێنێت سزا دەدرێت

2019.04.10 - 14:32
App store icon Play store icon Play store icon
خانەی راپەڕاندن: هەر كەس بۆچوونی كاك نەوشیروان بۆ مەرامی خۆی بەكاربهێنێت سزا دەدرێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد-

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی كە وتە و قسە "نافەرمی"یەكانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان بەكاردەهێنن و رایدەگەیەنێت "رووبەڕووی سزا دەبنەوە".

لەراگەیەندراوێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، هاتووە "لەدوای كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕان لە پلەی رێكخراوەیی جیا جیا، و هەندێ لەوانەی خۆیان بە گۆڕان دەزانن، بۆ پاڵپشتی لە راو بۆچوون و نووسین و قسەكانی خۆیان، لە كەناڵەكانی راگەیاندنی حیزبی و ئەهلی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، قسەی نافەرمی كاك نەوشیروان دەهێننەوە و دەیكەن بە بەڵگە".
خانەی راپەڕاندن لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە لەلای بزوتنەوەی گۆڕان ئەو شێوازە لە كاری راگەیاندن بە جۆرێك لە ساختەو بوختان و گەندەڵی دەزانرێت و ئیدانەی دەكەن.

جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە، گۆڕان تەنیاو تەنیا نووسین و چاوپێكەوتنە فەرمییەكانی كاك نەوشیروان بە سەرچاوە دەزانێ، كە ئێستا لیژنەیەكی تایبەتی هەیە، بۆ كۆكردنەوەو رێكخستن و ئەرشیفكردن.

خانەی راپەڕاندن هۆشداری دەدات و روونیدەكاتەوە، گۆڕان لێپرسینەوە دەكات لەگەڵ هەر كەسێك، قسەی نافەرمی كاك نەوشیروان بكات بە سەرچاوە بۆ مەرامی خۆی.

راگەیەندراوەكەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە كە لەچەند رۆژی رابردوو گرتەیەكی ڤیدیۆیی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە لەو كاتەی كە بۆ چارەسەركردنی پزیشكی لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو و بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.