گه‌ڕان

Shadow Shadow

بەغدا چیدەوێ؟

2020.04.29 - 15:43

بژار حەکیم

یەکەم:

بەپێی زانیارییەکان، له‌ گفتوگۆی ئه‌مجاره‌ی نێوان ھەردوو شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و عێراقدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، حكومه‌تی هەرێم ئاماده‌یی پیشانداوە‌ كه‌ رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت راده‌ستی به‌غدا بكات، به‌رانبەر بە وەرگرتنی پشکی بوودجەی هه‌رێم كه‌ نزیكه‌ی ترلیۆنێك دیناره.

 

به‌ڵام شاندی حکومەتی عێراق بە شاندەکەی ھەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، ئێستا رادەستکردنی نه‌وت بە عێراق سوودی نییە بۆ ئەوان، چونکە بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک عێراق بەرھەمھێنانی نەوت و ھەناردەکردنی کەمکردووەتەوە.

 

ھەروەھا شاندی دانووستاندکاری عێراق، داوایان کردووە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت بێجگە لە نەوت، داھاتەکانی خاڵه‌ سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و داھاتە ناوخۆییەکان رادەستی حکومەتی مەرکەزی بکات.

 

ھاوکات داواشیان کردووە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لیستی تەواوی فەرمانبەران و خانەنشینکراوان بداتە بەغدا، بۆ ئەوەی دوای رادەستکردنی سەرجەم داھاتەکانی ھەرێم بە بەغدا، ئەوانیش مانگانە مووچەو بوودجە بۆ ھەرێم رەوانە دەکەن.

 

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئێستا، ھیچ سەرۆکوەزیرانێک ھێندەی عادل عەبدولمەھدی پشتیوان و دڵسۆزی کورد نەبووە، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە عەبدولمەھدی ھێندە کەمتەرخەمبوو بەڕادەی پشتگوێخستن و پشتیوانیکردنی بەربژێرەکانی دیکە دۆستەکەی لەدەستدا.

 

عادل عەبدولمەھدی، لە یارییەکە گەیشتووە، کاتێک ھیچ پشتیوانییەکی لە کوتلە سیاسییەکانی عێراق نەدی، بۆیە کارتەکانی گوشاری بەرانبەر بە کوردستان بەرزکردەوەو راستەوخۆ گۆڵی خۆی کردەوە.

 

حکومەتی ھەرێمی کوردستان نازانێ چیدەکات، لەلایەک داوای مووچەو بوودجە لە عادل عەبدولمەھدی دەکات و لەلایەکی دیکەش پشتیوانی لە مستەفا کازمی دەکات ببێتە سەرۆکوەزیران، کاتێک تۆ دەتەوێ خورمژ بخۆی دەبێ چاوەڕێی ئەوەش بکەیت لە قورگت گیرببێ.

 

دووەم:

بەریتانیا و ئەمریکا چۆن ھاتنەسەرخەت؟

دوای ئەوەی رۆژی ١٦ـی ئەم مانگە، ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کرد، بەمەبەستی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق بەخێرایی لە راگەیاندن و سۆشیالمیدیا دەنگیدایەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ھەریەک لە باڵیۆزانی بەریتانیا، ئەمریکاو ئێران و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لە عێراق ئاگەدار کردووەتەوە، کە حکومەتی عێراق نووسراوی راگڕتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی دەرکردووە.

 

دوای ئاگەدارکردنەوەیان، باڵیۆزانی ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی بەتەلەفۆن لەبارەی پرسی راگڕتنی مووچە گفتوگۆیان کردووەو پێیان راگەیاندووە، کە راگڕتنی مووچەی ھەرێمی کوردستان خزمەت بەم قۆناغەی عێراق ناکات.

 

دواتر نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەنێوەندگیریدابووە بۆ چارەسەری کێشەکەو دوایی ئەم ھەوڵانە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان نامەیەکیان بۆ عادل عەبدولمەھدی ناردووە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران.

 

ھەر بەپێی زانیارییەکان، ھاوکات باڵیۆزی ئێرانیش لە عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی عێراق لە گفتوگۆدابووە بۆ چارەسەری کێشەکەو بەڵینی زارەکی دراوە کە عەبدولمەھدی مووچەی مانگی چوار خەرجبکات و دوای ئەوە دەبێت رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی ھەرێم و کابینەی نوێی عێراق بکرێت.

 

لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆر بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لیژنەی دارایی پەرلەمان حکومەت و ھەمووانی ئاگەدار کردووەتەوە کەنابێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت و سەرۆککۆمار رێگری لە بڕینی مووچە دەکات.