گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خەرجی ئاوارەکان و زیانەکانی سەردەمی بەعسمان بدەنەوە

ناوەڕۆکى نامە 10 خاڵییەکەى هەرێم بۆ بەغدا.. داوای قەرەبووی فەرمانبەران لە بەغدا دەکات

2020.04.29 - 13:50
ناوەڕۆکى نامە 10 خاڵییەکەى هەرێم بۆ بەغدا.. داوای قەرەبووی فەرمانبەران لە بەغدا دەکات

ناس کورد-

دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان نامەیەکى 10 خاڵى ئاڕاستەى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق کرد و تێیدا ئامادەیی بۆ چارەسەرى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستور و یەکلاکردنەوەى کێشە داراییەکان دەربڕیوە.

 

نامەکە دواى بڕیارەکەى ئەمیندارێتى گشتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دێت بە بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە پاساوى ڕادەستنەکردنى نەوت لەلایەن هەرێمەوە.



نامەکە لە 10 خاڵ پێکهاتووە و تێیدا باس لە سیاسەتەکانى حکومەتى هەرێم دەکات لە پابەندبوونى بە دەستور بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە موچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەرانەوە هەیە.

 

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سیاسەتى حکومەتى هەرێم چارەسەرکردنى کێشەکانى ئێستایە لەگەڵ حکومەتى عێراق بەپێی دەستور، جەختیشکراوەتەوە لەسەر پەیڕەوکردنى بنەماى یەکسانى لەنێوان هاوڵاتیانى هەرێم و پارێزگاکانى دیکەى عێراق لەرووى مافەکانیانەوە، وەکو موچە و شایستە داراییەکانى فەرمانبەران.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو کە فەرمانى بڕینى پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم پێشێلکارى بنەماى یەکسانییە، بەتایبەت کە پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەرانى حکومەتى فیدراڵ لە 15 پارێزگاکەى تر هیچ قسەیەکى لەسەر نەکراوە.

 

لە نامەکەدا باس لەوەکراوە، حکومەتى هەرێم مافى خۆیەتى مانگانە ڕێژەى 1/12 ى خەرجییە کردارییەکانى پێبدرێت وەکو پارێزگاکانى دیکە، بەڵام لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا ئەوەش خەرجنەکراوە، جگە لە قەرەبوى فەرمانبەران کە دەگاتە 452 ملیار دینار.

 

حکومەتى هەرێم دەڵێت، مادەى 10/بەندى دووەم-ج لە یاساى بودجەى 2019  حکومەتى عێراق پابەند دەکات بە پێدانى شایستە داراییەکانى هەرێم لەناویاندا قەرەبووى فەرمانبەران و بڕینى ئەو زیانە لە شایستەکان ئەگەر بڕە نەوتى دیاریکراو رادەستنەکرێت.

 

هەروەها ئەوەى خستووەتەڕڕوو کە هەرێم تا ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرى داڵدە داوە، بەبێ ئەوەى عێراق هاوکارى بکات.

 

لەنامەکەدا هەرێم جەختیکردووەتەوە کە عێراق لە شوباتى 2014 تا ساڵى 2019،  شایستە داراییەکانى هەرێمى نەناردووە، ئەوەش هەرێمى ناچارکردووە کە بەدواى سەرچاوەى داراییدا بگەرێت بۆ دابینکردنى خەرجى و پێداویستییەکانى لەرێگەى قەرز و کەمکردنەوەى خەرجى و پاشەکەوتى ناچارى  موچە.

 

هەروەها پشتیوانى دەربڕیوە بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەى شایستە داراییەکانى ئەو ساڵانە بەپێی میکانیزم و یاساکانى بودجە، داواشیکردووە پێداچونەوە بکرێت بە بریارى راگرتنى موچەى فەرمانبەران، بەپێی ڕاسپاردەى هاوبەشى هەردولا کە لەکۆوبونەوەى 20 نیسانى 2020 لەسەرى رێککەوتن.

 

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم کۆى ئەو زیانانەى بە (384.698.302.600) ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە کە لەنێوان ساڵانى 1963 بۆ 2003 کە بەهۆى تاوانەکانى رژێمى سەدامەوە بە هەرێم گەیشتوون.

 

هەروەها خەرجى ئاوارەکانى بە 7.051.909.024 دۆلار خەمڵاندووە لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2019، لەگەڵ خەرجى دابینکردنى کارەباى کەرکوک لەنێوان ساڵانى 2011 بۆ 2020.