گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندەکەى حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی حکومەتى عێراق لەکۆبوونەوەدان

2020.04.29 - 12:16
شاندەکەى حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی حکومەتى عێراق لەکۆبوونەوەدان

ناس کورد-

شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتى هەریم لە بەغدا لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سامر غەزبان، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری نەوت و وەزیری نەوت لە کۆبوونەوەدان.

 

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نەوت و غاز بکەن کە بەم دواییە جارێکی تر لەنیوان هەردوولا سەری هەڵداوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، جگە لە قوباد تاڵەبانی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خالید شوانی، وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون. 

 

لەلایەن حكومەتی ناوەندیشەوە، جگە لە سامەر غەزبان، جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت،  ژمارەیەك وەزیر و نوێنەریتری وەزارەتەكانی عێراق چەند وەزیر و بەرپرس و نوێنەرێكی وەزارەتەكان ئامادەبوون كە دیارترینیان بریتی بوون لە: حەمید غزی، ئەمنیداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، نوری دلێمی وەزیری پلاندانان، عەلا یاسری بەرێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، تەیف سامی، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی، كازم حەسەنی و سالم چەلەبی لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران، حامید زەوبەعی، بریكاری وەزیری نەوت، لەگەڵ ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر.

 

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کۆببێتەوە.  

 

سەردانى شاندەکە لەکاتێکدایە، دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و رادەستکردنى نەوت تا ئێستا بێ ئەنجام بوون، دواى ئەوەى بەغدا بڕیاریدا چیتر پارەى موچەى فەرمانبەران رەوانەى هەرێم نەکات بەپاساوى پابەندنەبوونى هەرێم بە رادەستکردنى نەوتەوە.  

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "هەرێم سێ پێشنیازى داوەتە عەبدولمەهدى و هێشتا لەسەریان رێکنەکەوتوون".  

 

وتیشى "پێشنیازەکان تایبەتن بەوەى بۆ ئەم مانگە کار بە نوسراوى ڕاگرتنى موچەى فەرانبەران نەکرێت، موچەى ئەم مانگە رەوانە بکرێت، بۆ مانگەکانى داهاتووش بگەنە رێکەوتن لەسەر موچە و رادەستکردنى نەوت".  

 

بەوتەى شیروان میرزا، ئومێد هەیە بۆ ئەم مانگە هەردولا بگەنە رێککەوتن، چونکە نێوەندگیر و فشاریش هەیە لەو بارەیەوە.