گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هیچ وادەیەك بۆ واژووكردنی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی دیاری نەكراوە

یەكێتی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم بە كێشەی پارتی و گۆڕان دەزانێت

2019.04.10 - 12:36
App store icon Play store icon Play store icon
یەكێتی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم بە كێشەی پارتی و گۆڕان دەزانێت

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شەهرام عەزیز

لەگەڵ ئەوەی ئامادەكاریی كراوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەڵام هیچ گرەنتییەك نییە دانیشتنەكە لەكاتی خۆیدا بكرێت و لێرە و لەوێ‌ دەنگۆی دواخستنی هەیە.

لە ماوەی ڕابردوودا نەگەیشتنە ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ ببووە گرێ كوێرەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لە 4ی نیسانی 2019 بە هەوڵی هەریەك لە مەسعود بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ، هەردوولا گەیشتنە ڕێككەوتنێك و بەپێی ڕێككەوتنەكە پارتی ڕازی بوو جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت و بدرێتە یەكێتی و بڕیاردرا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕێككەوتنەكە واژوو بكرێت، بەڵام دواتر دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند:"تائێستا وادەیەك بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی، دیار نییە".

(ناس كورد) زانیوویەتی، رازی نەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەزیادكردنی جێگرێكی تری سەرۆكی هەرێم بۆتە كێشە بۆ دواكەوتنی واژووكردنی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان ئاماژە بەوە دەكات كە لە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی كە لە 16ی شوباتی 2019دا واژوویان كرد جێگری سەرۆكی هەرێم دراوەتە گۆڕان و ناكرێت لەدەرەوەی رێككەوتنەكەی پارتی و گۆڕان جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت.


بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیش مەرجیان هەیە بۆ دەستبەرداربوون لەو پۆستە، ئەویش گۆڕینەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمە بە پۆستی وەزیری پێشمەرگە كە بەركەوتەی یەكێتییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە بابەتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە كێشەی یەكێتی نازانێت و لەو بڕوایەدایە ئەو كێشەیە كێشەی نێوان پارتی و گۆڕانە و پەیوەندی بە یەكێتییەوە نییە.

"هیچ وەڵامێكی سەركردە و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان نادەینەوە، كاری ئێمە نییە وەڵامی گۆڕان بدەینەوە" سەعدی ئەحمەد پیرە وای وت.

هاوكات دوێنێ‌ (سێشەممە) لوقمان وەرتی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ناس كورد-ی وت"بەپێی ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەڕلەمان و شەش وەزیر و چەند دەستەیەكمان دەبێت، یەكێتی هیچ گرفتێكی لەگەڵ پارتی نییە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، بەڵكو گرفتێك هەیە لەنێوان پارتی و گۆڕان لەسەر دانانی جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكەین نەك گۆڕان".

لە ئێستادا دەنگۆیەك هەیە بۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان تاوەكو گەیشتن بەڕێگە چارەیەك، لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامی تایبەت بە ناس كورد-ی وت" تا ئێستا ئەوەی هەیە دەنگۆیە و بە فەرمی پێمان ڕانەگەیەندراوە دانیشتنەكە دوادەخرێت، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار لەوە دەدەن".

192 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێندراوە.