گه‌ڕان

Shadow Shadow

پێش بەغدا، سیاسەتی نەوتی هەرێم سەرچاوەی شکستی داراییمانە

2020.04.27 - 16:40

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری

چاوپێکەوتنی کەناڵی الشرقیة لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ثامر الغضبان، کە رۆژی 25ی نیسان پەخش کرا، بۆ بینەرانی هەرێمی کوردستان وەکو خوێکردن بە بریندا وابوو. چاوپێکەوتنەکە گەلێک سەردێڕی گرنگی هەبوو، بەڵام لە هەموویان گرنگتر بەلای بەندەوە خستنەڕووی ئەوە بوو کە لە ساڵانی 2010 بۆ 2018دا قازانجی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، بە تێکڕا بریتی بوو لە دۆلارێک و چل ویەک سەنت بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهاتوو. هەروەها رایگەیاند کە لەو ماوەیەدا، تێکڕای پشکی ئەو کۆمپانیایانە بە قەرەبووی تێچوون و قازانجەوە بریتی بوو لە 14.3٪ ی تێکڕای فرۆشی نەوتی عێراق. بێگومان ئەم ژمارانە تەنها بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستانە.

ئەی هەرێمی کوردستان؟

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە 2007ەوە بە رەسمی و زۆر پێش ئەوەش بە نارەسمی بڕیارێکی سیاسییان دا کە بەمەبەستی داڕشتنی سیاسەتێکی نەوتی سەربەخۆ، خۆیان لە عێراق جیا دەکەنەوە و بەبێ رەزامەندیی مەرکەز گرێبەستی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی جیهاندا دەبەستن. بێ گومان ئەم هەڵوێستە، سەرەڕای لاوازیی بنەما یاساییەکانی، چ لە ئاستی عێراق و چ لە ئاستی یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی خستنە بازاڕی نەوت لە جیهاندا، سەرەڕای ئەمە ئاکامێکی زۆر خراپی لەسەر دانوستانەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لێکەوتەوە و هەرێمی کوردستانیش و عێراقیش هەریەکە بەجیا، لە دانوستاندا لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، گرێبەستی خراپتریان لەوە دەستکەوت کە ئەگەر بە هەماهەنگی پێکەوە ئەو سەوا و مامەڵەیەیان بکردایە.

.

سەرەڕای ئەوەی ئاشکرایە دانوستانکەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ خۆیان و کۆمپانیای حیزب و بنەماڵەیان قازانجیان لە گرێبەستەکانی هەرێم کرد، بەڵام گریمان ئەوە پاڵنەری سەرەکیی بڕیارەکانیان نەبوو و بەڵکو لە راستیدا مەبەستیان داڕشتنی سیاسەتی نەوتی سەربەخۆ و دروستکردنی ژێرخانی ئابووری وسیاسیی سەربەخۆیی کوردستان بوو… راکێشانی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەرێمی وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان و بەشدار لە زۆربەی هەرەزۆری سیستەمی دادوەریی جیهانی، بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتی مەرکەزی ئەو وڵاتە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی "ناچار کرد" کە زۆر زیاتر لە عێراق بەخشندە بن لە گرێبەستەکانیاندا. لە بریی سیستەمی گرێبەستی خزمەتگوزاری کە لە عێراقدا باوە، پەنایان بۆ سیستەمێکی دیکە برد کە بە بەشداری لە بەرهەمهێنان ناسراوە.

.

زۆر بوون ئەوانەی لەبەر بژێوییان، ئامادەبوون لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان بڵێن گرێبەستەکانی "سیاسەتی نەوتی سەربەخۆ"ی فوول کوردایەتی باشترن لە گرێبەستەکانی عێراق و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت دەبێت ببێت بە نموونە بۆ هەموو عێراق. کەمیش بوون ئەوانەی کە هاووڵاتیانی هەرێمیان لە ئاکامە مەترسیدارەکانی لەدەستدانی بڕیاری سەربەخۆ و هەرزانفرۆشتنی سامانی نەتەوەیی و لەوەڕاندنی گەندەڵی لە ئاستی زۆر ترسناکدا بەهۆی ئەو سیاسەتی نەوتی سەربەخۆیە ئاگادار دەکردەوە.

.

بەراورد لە نێوان عێراق و هەرێم

 

بە گریمانەی ئەوەی داتاکانی ثامر الغضبان راستن و دوا داتای کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینیی داتاکانی هەرێم راستن، با بزانین داتای تێکڕای 10 ساڵەی عێراق چۆنە لە ئاستی داتای چارەکی چوارەمی ساڵی 2018 ی هەرێمی کوردستان (وەک لە راپۆرتی دیڵۆیت ئەند توش دا هاتووە):

.

تێکڕای قازانجی کۆمپانیاکانی نەوت، کە لە عێراقدا بەپێی گرێبەستی خزمەتگوزاری کار دەکەن، بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهاتوو، دەکاتە 1.41 $ و تێکڕای رێژەی شایستەکانیان (تێچوون + قازانج) بۆ داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق، لەماوەی ئەو دەساڵەدا بریتی بوو لە 14.3٪. با بزانین حاڵی کوردستان چۆن بووە؟

.

لە سێ مانگی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 دا، کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا 40 ملیۆن و 960 هەزار و 333 بەرمیل نەوتیان بەرهەم هێناوە. ئەم نەوتەش بە تەنکەر و بە بۆری و لە دەرەوە و لە ناوخۆدا فرۆشراوە و داهاتی فرۆشتنیشی بریتی بووە لە 2 ملیار و 149 ملیۆن و 809 هەزار و 755 دۆلار.  لەبەر ئەوەی داتای تێچوون نەزانراوە، گریمان نزیکەی 60 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک لە تێکڕای عێراق زیاترە و لە کوردستاندا 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکە. بەو پێیە پشکی نەوتی تێچوو لە فرۆشی نەوت دەکاتە 409 ملیۆن و 603 هەزار و 330 دۆلار، کە دەکاتە رێژەی 19.05٪ ی فرۆشی نەوت و ئەوەش بەشی کۆمپانیاکانە. 

.

بە تێچوون و قازانجەوە، کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو سێ مانگەدا 782 ملیۆن و 195 هەزار و 553 دۆلاریان وەرگرتووە.(بۆ مەبەستی ئەم نووسینە ئەوە پشتگوێ دەخەین کە کۆمپانیاکانی نەوت بە گشتی لە وەرگرتنی شایستەکانیان رازی نین و هەموو ساڵێک لە راپۆرتی داراییاندا بە ناتەواو لە قەڵەمی دەدەن). کەواتە رێژەی شایستەکانیان لە کۆی فرۆش بریتی بووە 36.38٪. واتە پشکی کۆمپانیاکانی هەرێم لەو سێ مانگەدا زیاد لە دوو ئەوەندە و نیوی پشکی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت بوون لە عێراق! ئەگەر گریانەی 19.05٪ تێچوون قەبووڵ بکەین، کە ئەوە بۆ خۆی زۆر زیاد ترە لە تێچوون لە عێراقدا، ئەوا قازانجی صافیی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا دەکاتە 17.33٪ ی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەکاتە 9.09 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهاتوو. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم نزیکەی شەش ئەوەندە ونیوی کۆمپانیاکانی عێراق قازانج دەکەن و هێشتا ناڕازیشن! 

.

رەنگە یەکێک بڵێت، ئەمە ناهەقییە بەرامبەر هەرێم چونکە لە پارەی فرۆشی نەوت قەرز و قۆڵە دەدەینەوە و تێچوونی هەرناردەمان زیاترە. بەڵام ئەم ژمارانەی دیلۆیت ئەند توش پێش لێدەرکردنی قەرزوقۆڵە وجۆرەها مەسرەفی دیکە وپێش تێچووی تاریفەی ناردنی نەوت بە بۆری بە خاکی تورکیادایە. بەپیی راپۆرتەکەی ئاماژەمان پێداوە، پاش دانەوەی قەرز و قۆڵە و تاریفەی ناردن، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاکامی ناردنی نەوت، بە صافی، 784 ملیۆن و 760 هەزار و 994 دۆلاری بۆ ماوەتەوە کە دەکاتە رێژەی 36.5٪ی تێکڕای فرۆش. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شایستە بۆماوەکانی هەرێم تەنها 0.12٪ ی لە شایستەی کۆمپانیاکان زیاترە. 

.

ئەودوای پارەی فرۆش بۆ کوێ دەچێت؟

 

لەبەر ئەوەی ژمارەکان بە ئەنقەسد لە راپۆرتەکەی دیلۆیت ئەند توشدا تێکەڵ کراون، ئەوەندەی دیارە ئەوەیە کە بڕی 355 ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بە قەرز (سوود و مایە تێکەڵن). واتە نزیکەی نیوەی بۆماوەی بەشەفرۆشی حکومەتی هەرێمە! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لەو سێ مانگەدا نزیکەی ⅓ ی داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم رۆیشتووە بۆ دانەوەی قەرز.

.

نرخی باوی ناردنی نەوت بە بۆری لە جیهاندا 0.50 - 0.75 دۆلارە بۆ هەر 1000 میلێک بۆری بۆ هەر بەرمیلێکە. بەڵام بۆ گەیاندنی نەوتی هەرێم بە بەندەری جیهانی تورکی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە 600 میل بۆری ، 3.45 یان داوە لەم سێ مانگەدا. واتە بڕی 135 ملیۆن و 581 هەزار و373 دۆلاریان داوە، کە دەکاتە 17.27٪ بۆماوەی بەشەفرۆشی حکومەتی هەرێم. 

.

جگە لەوە، ئەگەر سەیری راپۆرتی مانگەکانی نیسان، مایس، حوزەیران بکەین، کە هێشتا داتای هەناردەی تانکەری تێدا ئاشکرا کراوە، دەبینین کە بۆ هەر بەرمیلێکی نەوت کە بە تانکەر نێردراوەتە دەرەوەی کوردستان بە بەراورد بە فرۆشی بۆری، بە 5.54 دۆلار کەمتر فرۆشراوە. بڕی نەوتی فرۆشراویش لە ژێر سەردێڕی (هەناردەی نەوت بە تانکەر) بریتی بووە لە 408 هەزار و 757 بەرمیل لەو سێ مانگەدا. واتە تەنها لە جیاوازیی فرۆشدا، 2 ملیۆن م 266 هەزار و 149 دۆلارمان زەرەر لێکەوتووە. هەر لە ماوەی ئەو سی مانگەشدا، بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 ملیۆن دۆلاری کرێی پارێزەری داوە بەو کۆمپانیای پارێزەرانەی کە کەیسی دانە غازیان لە دژی حکومەتی هەرێم دۆڕاند!

 

.

 

کاتی خۆی وەزیری نەوتی عێراق بە وەفدی هەرێمی وتبوو، نەوت فرۆشتن تەماتە و خەیار نییە. ئەوکات سەرانی هەرێم زۆر لەو قسەیە زویر بوون. بەڵام حاڵی دەستکەوتی فرۆشی نەوتی هەرێم و قەیرانی دارایی ئێستای وای لێکردووین خۆزگە بە لێهاتوویی فرۆشیاری خەیار و تەماتە بخوازین.