ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف پڕۆژە یاسایەكی گەڵاڵە كردووە سەبارەت بە پیرۆزكردنی شارەكە و هەوڵی تێپەڕاندنی دەدەن بەئامانجی پارێزگاریكردن لە پیرۆزی پارێزگاكە.
لەپڕۆژە یاساكەدا چەند بڕگە و بایەتێكی تێدایە پەیوەست بە فڕۆشتن و مامەڵەكردن بە مادە كهولیەكان و هەروەها نمایشكردنی جلوبەرگی ژنان بەشێوەیەكی ئاشكرا و ئەمەش بەلای بەشێك لەئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكەوە بە بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان تەماشا دەكرێت.
حسێن حەرداوی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "هەر پڕۆژە یاسایەك دژی ئازادی تاكە كەس بێت دژی دەوەستینەوە، ئەم پڕۆژە یاسایە ئەگەر لە چوارچێوەی پارێزگاریكردنە لە پیرۆزی ئەو شارە ئاینییە بەپشتبەستن بە یاسای تاوانەكان و دەستوری عێراق، هەوڵدەدەین تێپەڕیندرێت ، بەڵام ئەگەر هاتوو ئازادییەكانی بەرتەسك كردەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ رێگریكردن لێی".
لەئێستادا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە كراوە و لە بەشێكی پڕۆژە یاساكەدا داواكراوە یانەكانی شەوان و مەی فڕۆشتن و خواردنەوە كهولییەكان و نمایشكردنی هەندێ لە جلوبەرگی ئافرەتان لە فڕۆشگاكان و بەشێوەی ئاشكرا قەدەغە بكرێت.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف رەخنەی لە پارێزگار و جێگری پارێزگاری شارەكە گرت كە لە گردبوونەوەیەكدا بەشدارییان كرد وەك پشتگیریكردنێك لە پڕۆژە یاساكە و ئەو كارەی ئەوانی بە تێكدانی رەوشی ئاسایش و ئارامی شارەكە ناوبرد.
پارێزگای نەجەف لای شیعە مەزهەبەكانی هەموو جیهان پیرۆزییەكی بەرچاوی هەیە، بەوپێیەی گڵكۆی عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب، چوارەم خەلیفەی موسڵمانانی لێیە و ناوەندی خوێندن و توێژینەوەی گشت مەرجەعەكانی شیعەیە.