کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
لەئەنجامی بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی و وەرگرتنەوەی كامێرای چاودێری، 4 تۆمەتبار لە روداوەكەی دوێنێ (سێشەممە)ی شەقامی سالم، دەستگیركران.
لەراگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە "دوای بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنەوەی كامێرای چاودێری، توانرا 4 تۆمەتبار دەستگیر بكرێن و لە ئێستادا ئەنجامدەری سەرەكی تاوانەكە كە ناوی (أ،أ،ص) هەڵهاتووە و هێزەكانی پۆلیس لە گەڕان و لێكۆڵینەوەدان بۆ دەستگیركردنی".
بەپێی راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی، دوێنێ (سێشەممە) كاتژمێر 3:30 خولەك لە نێو گازینۆیەكدا لە شەقامی سالم لەشاری سلێمانی دەستدڕێژی گولە لە هاوڵاتیەك كرا و دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی رزگاری و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كراو دەركەوت كە تۆمەتبارێك تەقەی لە هاوڵاتیەك كردووە و 3 فیشەكی پێوە ناوە.
پێشتر نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ڕوداوەكە لە سەر كێشەی مامەڵەكردنەوە بووە بە ئۆتۆمبێل، كە لە نێوان دوو كەسدا لە كافێیەك لە سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی دەمەقاڵە دروستبووە، یەكێكیان ئەوی دیكە بە فیشەك بریندار دەكات و هەڵدێت".
وتیشی "لە پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بریندارەكە گیانیلەدەستداوە، تا ئێستاش بكوژەكە دەستگیر نەكراوە و پۆلیسی سلێمانی بە دوایدا دەگەڕێت".