گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نیشانەیەکی ترسناکی کۆرۆنا لەسەر گەنجان.. بەخۆیان نازانن و جەڵتە لێیان دەدات

2020.04.25 - 18:15
نیشانەیەکی ترسناکی کۆرۆنا لەسەر گەنجان.. بەخۆیان نازانن و جەڵتە لێیان دەدات

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی مەترسییەکی کۆرۆنا لەسەر گەنجان ئاشکرایدەکات و بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی توشبوونی گەنجان بە جەڵتەی مێشک پاش توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا لە هەڵکشاندایە.

.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی" واشنتن پۆست"ی ئەمریکی، لە ئێستادا نیشانەیەکی ترسناکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرونا لەلایەن پزیشکانی ئەمریکاوە دەستنیشانکراوە، ئەوەش توشبوونی ژمارەیەک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا  بەجەڵتەی مێشک کە زۆرینەشیان گەنجن.

.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لەو کەسانەی کە توشی جەڵتەی مێشک بوون تەمەنیان گەنجە یاخود لە ناوەڕاستی تەمەنیاندان، ئەوەش بووەتە جێگای سەرسوڕمانی پزیشکەکان، چونکە بە گوێرەی ڕەهەندە پزیشکییەکان ئەو جۆرە جەڵتانە تەنها توشی ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵیدایە.

.

بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەوانەی توشی حاڵەتی جەڵتەی مێشک بوون زۆربەیان لە نێوان سییەکان و چلەکانی تەمەنیاندان و کاتێک پشکنیان بۆ کراوە دەرکەوتووە  توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵام نیشانەکانی پەتاکەیان تێدا دەرنەکەوتووە زۆربەشیان بەخۆیان نەزانیووە کە توشی ڤایرۆسەکە بوون و پاش چەند ڕۆژێک مانەوەیان لە نەخۆشخانە بە جەڵتەی مێشک گیانیلەدەستداوە.

.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە ئێستادا سێ ناوەندی پزیشکی ئەمریکی گەورە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی زانیاری و داتان دەرباری دیاردەی جەڵتەی مێشک و کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دروستکردنی ئەوحاڵەتە.

.

لای خۆشییەوە چێری چۆ، پزیشکی پسپۆر لە دەمارەکان لە ناوەندی پزیشکی زانکۆی بیتسبرگ، دەڵێت: "یەکێک لەهەرە پرسیارە گرنگەکان دەرباری دیاردەی توشبوونی گەنجان بە جەڵتەی مێشک ئەوەیە، ئەو خوێن مەیی بوونە کە دەبێتە هۆکاری ڕێگرتن لە جوڵەی خوێن و دواجاریش دەبێتەى جەڵتەی مێشک ئایا هۆکارەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە یاخود بە هۆی کاردانەوەکانی سیستمی بەرگریی لەشە دژ بە ڤایرۆسەکە دروست بووە ؟".

.

 

 

ئەو پزیشکە ئەمریکییە، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "بۆ ئەوەی بەتەواوی بزانین هۆکاری توشبوونی گەنجان بە حاڵەتی جەڵتەی مێشک پاش توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چییە، ئەوا دەبێت بەوردی ڕاپۆرتی پزیشکیی هەزاران توشبووی ڤایرۆسی کورۆنا و شێوازی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە 67 ناوەندی پزیشکی و 17 وڵاتی جیهاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت".

.

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا نزیکبووەتەوە لە 900 هەزار کەس و زیاتر لە 50 هەزار کەسیش بەو پەتایە مردون.