گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیترێک بەنزین چەند دەکەوێت لەسەر بەنزینخانەکان کەوا نرخەکەی دانابەزێنن؟

2020.04.25 - 17:26
لیترێک بەنزین چەند دەکەوێت لەسەر بەنزینخانەکان کەوا نرخەکەی دانابەزێنن؟

ناس کورد-

سەرباری دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاڕادەیەک نرخی بەنزین وەک ڕابردووە و دانەبەزیوە، ناس کورد زانیویەتی، نرخی لیترێک بەنزن ناگاتە 300 دینار.

.

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانیش لە پەرلەمان دەڵێت، بازرگانەکان خۆیان مامەڵە بە بازاڕەوە دەکەن و پێویستە حکومەت دەستێوەردان بکات.

. 

ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی نەوتی خاوی برێنت و خاوی تەکساسی ئەمریکی لە جیهاندا بەردەوام ڕوو لە دابەزینە و ئەوەش لە زۆرینەی وڵاتاندا کاریگەری کردووەتەسەر بەرهەمە نەوتییەکان و نرخەکانیان دابەزیوە.

 .

کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامان سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت: "لە هەرێمی کوردستان بازاڕ ئازادە و هیچ چاودێرییەکی حکومەت نییە، ئەوەش وای کردووە بازرگانەکانی نەوت و بەنزین لە هەرێم بە هەر نرخێک لە دەرەوە بیهێنن، لێرە بەدڵی خۆیان بیفرۆشن و نرخ دیاریبکەن".

 .

وتیشی: "حکومەتی هەرێم خۆشی نازانێت بازاڕ سەرمایەدارییە یاخود هاوبەشە، هەروەها نایەوێت خۆی مامەڵە بەو پرسەوە بکات و داویەتی بە دەسەڵاتی پارێزگاکان، پارێزگاکانیش بازاڕیان ئازاد کردووە، بۆیە ئەو دۆخە دروست بووە".

 .

دەربارەی تێچووی ئەو بەنزینەی کە هاوردە دەکرێت، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ناس کورد وتی: "بەگشتیی لە هیچ حاڵەتێکدا نرخی لیترێک بەنزین تا دەگاتە بەنزینخانەکان ناگاتە 300 دینار".

 .

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرەکەی و دابەزاندنی نرخەکەی زۆر ئاسانە لەئێستادا لە جیهاندا ئابوری هاوبەش هەیە، بەوەی حکومەت دەستێوەردان دەکات لە سنورێکدا، ئێستاش پێویستە حکومەت دەتوانێت دەستوەردان بکات و داوا بکات نرخەکەی کەمبکەنەوە.

 .

ڕونیشیکردەوە، نەوتی سپیش بەهەمانشێوەیە لە هەرێم، هەرچەند نرخەکەی زۆر دابەزیوە لە دەرەوە، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە هەرێم هەروەک رابردووە.

 .

گەزنەیی باسی لەوەشکرد، پێشتر ڕاپۆرتێکی داوەتە حکومەت لەوبارەیەوە کە پێویستە حکومەت لە هەندێک کەرتدا دەستێوەردان بکات، هەرکاتیش پەرلەمان دەستی بە کارەکانی کردەوە هەوڵدەدەن لیژنەیەک لەسەر ئەو پرسە پێکبهێنن.