گه‌ڕان

Shadow Shadow

دکتۆر ترەمپ و هەوادارانی لە عێراق و کوردستان

2020.04.25 - 15:49

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا، هاووڵاتیانی ئەمریکا و جیهانیشی ناچارکردووە کە رۆژانە گوێ لە زیاد لە سەعاتێکی قسەکانی بگرن. ئەو بێ ئەوەی هیچ رۆڵێکی بنیادنەری لە بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی ئەمریکییەکاندا دەربارەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا هەبێت، خۆی تێهەڵکێشی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان کردووە کە رۆژانە هاووڵاتیان گوییان لێدەگرن تا بزانن زانیاریی تازە چییە و چۆن باشتر خۆیان بپارێزن. خەڵک چاوەڕێن گوێیان لە گەورەزانایانی ئەمریکا بێت لە بواری تەندروستی و پەتاناسیدا، کەچی لەهەمان کۆنگرە رۆژنامەوانییەکاندا گوێیان لە قسەی حەلەق و بەلەقی سەرۆکەکەیانە کە زۆربەی کات دژی دکتۆر و زاناکانی لەهەمان کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا قسە دەکات و بۆتە مایەی سەرلێشێواندنی خەڵک لە ئەمریکادا.

.

رۆژی 23 ی نیسان، کار گەیشتە ئەو رادەیەی دوای ئەوەی هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا گوێی لێبوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرگەی تیشکی خۆر و ماددە پاکژکەرەکان ناگرێت، بڕیاری دا ئامۆژگاریی خەڵکی ئەمریکا و زانایانی پزیشکی بکات کە بزانن رێیەک بدۆزنەوە تیشکی پاکژکەر بخەنە ناو لەشی خەڵکەوە "لە ناوەوە"  و بە دەرزی ماددە پاکژکەرەکان لە خەڵک بدەن! ئەوندەشی روون کردەوە کە ئەو دکتۆر نییە، بەڵام ئەوەی لە ناو کاسەی سەریدایە پڕێتی لە "ئەوەی خۆتان دەزانن". ماوەی زیاد لە دوو هەفتەیە، کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی ئەمریکا ناچارن چ لە کاتی کۆنفرانسەکاندا و رووبەڕووی خۆی بە درۆی بخەنەوە، یان پەخشی قسەکانی ببڕن و بە زانست بەرپەرچی بدەنەوە.

.

ترەمپ سەرۆکیشە!

 

بەڵام ترەمپ تەنها ئەحمەقێک نییە کە بۆی لوابێت خەڵک ناچار بکات گوێی لێبگرن، یان خەڵک بۆ کات بەسەربردن و پێکەنین تەماشای بکەن. بەڵکو لە پاڵ ئەمانەشدا سەرۆکی دەوڵەتێکی زلهێزە کە لە بواری کولتوور و میدیادا دەسەڵاتێکی بێ رکابەری بەسەر هەموو جیهانەوە هەیە. لە پێش ترەمپەوە تا ئێستەش کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی ئەمریکا لەو جۆرە هەواڵانەیە کە پەخشیی ئاسایی کەناڵی هەواڵەکانی وڵاتانی جیهانی بۆ دەوەستێنرێت و راستەوخۆ دەگەیەنرێتە سەرزمانی زکماکی ئەو وڵاتانە و بێ فلتەر دەکرێت بە گوێی سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان لە دونیادا.سیاسەتمەداری بێ بەهرەی وڵاتانی وەک ئێمەش، لە مایەپووچیی خۆیانەوە، وەک تووتی قسەکانی ترەمپ دەکەنەوە. 

.

دەردی دەرمانی مەلاریا

 

پاش ئەوەی بە بێ هیچ داتایەکی سیستەماتیکیی سەلمێندراو ولە پێناوی بە هەوەنتە بەرزکردنەوەی پێوەرەکانی نرخی پشک لە ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ دەستی کرد بە جاڕدانی زانیاریی نادروست دەربارەی کاریگەریی دەرمانی مەلاریا (هایدرکسی کلۆرۆکوین) لە چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا. زۆری پێنەچوو پارێزگاری سلێمانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەست و بە جیهانی راگەیاند کە کۆمپانیایەکی سلێمانی چارەسەری کۆرۆنای دۆزیوەتەوە و لەمەودوا هایدرکسی کلۆرۆکوین بەرهەم دێنێت و بە خۆڕایی دەیدات بە خەڵک!

.

زۆری پێ نەچوو، دەرکەوت کە منداڵەکانی ترەمپ خۆی پشکیان لە کۆمپانیایەکدا هەیە کە ئەو دەرمانە دروست دەکات و قسە هەوەنتەکانی ترەمپ دەربارەی ئەو دەرمانە، وای لە خەڵک کرد کە بەلێشاو ئەو دەرمانە بکڕن و تەنانەت بێ چاودێریی دکتۆریش بەکاری بهێنن. لە ئەنجامدا دەسەڵاتی پزیشکیی ئەمریکا ناچار بوو هۆشدارییەک بدات و بڵێت ئەو دەرمانە مەترسیدارە و بەبێ چاودێریی پزیشکی نابێت بەکار بهێنرێت.

.

بێبەهرەیی + جیهانبینیی هەڵە

 

بێ بەهرەیی سیاسەتمەدارانمان و هەژموونی کولتووری ئەمریکا بەسەریاندا بەس نییە بۆ ئەوەی تێبگەین سیاسەتمەدارانمان چۆن بیر دەکەنەوە و کاردەکەن لە کاتی بەرەنگاریی پەتای کوشندەی کۆرۆنادا. بەڵکو لەبەر ئەوەی سەر بە هەمان جیهانبینیی دۆناڵد ترەمپن، وەک ئەو چاویان بەرایی نایەت کە دەوڵەت و توانای ئابووریی دەوڵەت لە خزمەتی گشت کۆمەڵگا بەکار بێت. چاویان وەک ترەمپ بەرایی نایەت بە راگرتنی چالاکیی ئابووری بۆ مەبەستی بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە، چونکە ئەوان ئەوسا دەبێت مشووری بژێویی خەڵک بخۆن. دۆناڵد ترەمپ و هاوشێوەکانیان لە دونیادا مردنی بەکۆمەڵی خەڵکیان زۆر لەلا ئاساییترە وەک لە   پەکخستنی کاتیی قازانج...لەبەر ئەوە هەموویان هەماهەنگن لەگەڵ ترەمپدا بۆ فشار خستنە سەر پسپۆڕانی پەتاناسی و دەسەڵاتە پزیشکییەکان بە مەبەستی بەزۆر "ئاسایی کردنەوە"ی ژیانی ئابووری.

.

سەرەڕای فشاری زۆر، دەسەڵاتە پزیشکییەکانی ئەمریکا، ملیان نەدا بۆ داوای دەستبەجێ هەڵگرتنی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی، بەڵکو پلانێکی سی قۆناغییان داڕشت بۆ چۆنێتیی "ئاسایی کردنەوە"ی ژیانی رۆژانە لە وڵاتەکەدا. بڕبڕەی پشتی ئەو پلانە بەرز کردنەوەی ئاستی توانی تێستکردن و چاودێری کردنی بەرفراوانە بۆ ئەوانەئ گومانلێکراوان کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن، پاشان دۆزینەوەی هەموو ئەوانەیە کە بەرکەوتەی ئەو کەسانە بوون و پاشان کەرەنتین کردنی ئەو دوو گرووپەیە بە تەنها. تا ئەوکاتەش کە وڵاتەکە دەگاتە قۆناغێکی وەها، دەسەڵاتی پزیشکیی ئەمریکا ئامادەیە رۆژانە خواستەکانی ترەمپ بە خۆزگە و ئاواتی ترەمپ خۆی بناسێنێت، نەک بە ئەمر و رای دەسەڵاتی بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە لە ئەمریکادا.

.

قەڵەمبازێک لە سفرەوە بۆ سێ!

 

ئەم باکگراوندەی پەیوەندیی ترەمپ بە دەسەڵاتە پزیشکییەکانی وڵاتەکەی، لە میدیای دەستی دووی عەرەب و ناوچەکە شاراوەیە و پلانەکەی دەسەڵاتی پزیشکی ئەمریکا بە شێواوی دەگاتە خوێنەرانی میدیای عەرەبی و ئینجا بە فلتەری بێ ئاگایی و نەفامیی سیاسەتمەداری عێراق و کوردستاندا تێدەپەڕێت کە ئەوانیش وەک ترەمپ لە ژێر فشاری بەرپرسیاریی ئەخلاقی و پیشەییدان و چاوەڕیی ئەوەیان لێدەکرێت بەپێیی کارەکانیان هەموومان لە پەتاکە بپارێزن، بەڵام ئامادەنین مشووری بژێویی خەڵک بخۆن...ئەم فلتەرە سێ چینییەی بێ بەهرەیی و میدیای دەستی دوو و جیهانبینیی هەڵە، وای لە پارێزگاری سلێمانی کرد، هەر رێک دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی پلانە سێ قۆناغییەکەی ئەمریکا، بێتە قسە و، بڵێت سوپاس بۆ خوا ئێمە لە قۆناغی سێیەمداین. واتە بە (کن فیکون) ێک قۆناغی یەک و دوومان تێپەڕاند.

.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی دیکەی عێراق وەک پارێزگاری سلێمانی "بەهرەمەند" نین لە بواری خەطابەت و بەلاغەتدا، بەڵام ئەوانیش لەم هەفتەیەی رابوردوودا هاودەنگی ئەو بوون و بە گشتی رێوشوێنەکان زۆر لاواز کراون و لە هەندێک شوێنیش بە تەواوەتی لابراون و "تەقەی خۆشی"شمان کردووە بە بۆنەی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا!

.

بەڵام داتاکانی عێراق چی دەڵێن؟

 

سەرەڕای تەقەی خۆشی، پێ ناچێت پەتای کۆرۆنا تێگەیشتبێت کە شەڕەکەی دۆڕاندووە لە عێراق و کوردستاندا. داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لەگەڵ شلکردنەوەی رێوشوێنەکاندا (کە لانی کەم دەبوا دوای دوو هەفتە لە دابەزینی ژمارەی رۆژانەی تووشبووانی نوێ دەستپێبکرایە، کەچی دوای تەنها 9 رۆژ دەستپێکران) دەستبەجێ ژمارەی تووشبوانی سەلمێندراوی نوێ لە عێراقدا دەستی کردەوە بە بەرز بوونەوە. تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، ژمارەی تووشبوانی سەلمێنراو لە عێراقدا گەیشتتە 1708 کەس و لەوانەش 86 کەس بە پەتاکە مردوون. بڕوانە هێڵکاریی خوارەوە:

.

ئەو بەشەی بە شین دیاری کراوە، دەربڕی بەرز بوونەوەی ژمارەکەیە رێک لەگەڵ شلکردن و لابردنی رێوشوێنەکاندا.

ئەگەر بە قسەی ترەمپ دەکەن، تاسەر بە قسەی بکەن

دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەمان دەبێت بزانن نیگەرانیی خەڵک لە بەرامبەر رێوشوێنەکانی خۆپارێزی نییە، بەڵکو لە نەبوونی سیاسەتێکی بەرنەگار بوونەوەی پەتای ئەوتۆیە کە رێز لە بژێوی و پێویستییەکانی کۆمەڵگا کەرەنتین کراوەکەیان بگرێت. عێراق وڵاتێکی پڕ خێر و بێرە. لێگەڕێن با بە سەرکوەتوویی خۆپارێزی ئەمجام بدەین، دوای ئەوە، ئەگەر هەر بەکۆڵی میللەتەوە مانەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی نەوە دوای نەوەتان دەکات. بەڵام ئەگەر هەر زۆر دڵتان بە ترەمپ ی سەرکردەی ئەخلاقیتان خۆشە، فەرموون یەکەم کەس بن شرینقەی ماددە پاکژکەرەکان لە دەمارتان بدەن، دکتۆر ترەمپ دەڵێت زۆر باشە. بەڵکو لە پەتا مەحفوووز بن.