گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

به‌شێكیان نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه ‌

نزیكه‌ى 100 په‌نابه‌رى كورد له‌ وڵاتى هه‌نگاریا ده‌ستگیركراون داوای یارمەتی دەکەن

2019.04.09 - 23:21
نزیكه‌ى 100 په‌نابه‌رى كورد له‌ وڵاتى هه‌نگاریا ده‌ستگیركراون داوای یارمەتی دەکەن

 

 

ناس كورد-

نزیکەی 100 په‌نابه‌رى كورد لە کامپێکی داخراوی وڵاتی هەنگاریا دەستبەسەرن، ئەو پەنابەرانە لە دۆخێکی خراپدان و داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ کامپێکی کراوە.

 

ده‌زگاى لوتكه‌ بۆ كاروبارى په‌نابه‌ر و ئاواره‌کان، له‌ زارى کارزان محەمەد كه‌ خەڵکی زاخۆیە و یەکێکە لەو پەنابەرانە بڵاویكردۆته‌وه‌: "ماوەی نزیکەی 10 بۆ 11 مانگ دەبێت 97 پەنابەری عێراقی، کە سەرجەمیان کوردن و خەڵکی ناوچه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمى کوردستانن، لە کامپی تۆمپا لە وڵاتی هەنگاریا گیریان خواردووە و ناتوانن بەهیچ شێوەیەک بچنە دەرەوەی کامپەکە".

 

ئەو پەنابەرە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: "کامپەکە داخراوە و چواردەوری به‌ تەلبەن گیراوە و ناتوانین بە ئازادی جموجۆڵ بکەین و  بچینە دەرەوە، رۆژانەش تەنها دوو ژەم خواردنمان پێدەدەن، کە کەس پێی ناخورێت".

ڕاشیگه‌یاندووه‌، ئەوان بە شێوازی یاسایی چونەتە هەنگاریا، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون و سەرجەمیشیان پەنجەمۆریان پێکراوە و داوانامەی مافی پەنابەرێتیان پێشکەش بەو وڵاتە کردووە.

 

کارزان محەمەد ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەنێو پەنابەرەکاندا ژن و منداڵ هەن، بەشێکیشیان نەخۆشی درێژخایەن و نه‌خۆشى ئۆتیزم و دەروونیان هەیە و لە بارودۆخێکی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن، بۆیە داواده‌كات چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان بدۆزرێتەوە و بکرێنە کامپێکی کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی بژین.

 

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند: "لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو کۆمەڵە پەنابەرەی نێو کامپە داخراوەکەی هەنگاریا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتی هەنگاریا لە عێراق کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ئەو پەنابەرانە بدۆزینەوە".

 

به‌پێى ئامارێكى ده‌زگاى لوتكه‌، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 13هەزارو 522 پەنابەری عێراقی لە وڵاتی هەنگاریا داوای مافی پەنابەرێتیان پێشکەش بەو وڵاتە کردووە.