گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئۆپۆزسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان كاندیدیان بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم نییه‌

دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم فراکسیۆنەکانی پەرت کردووە

2019.04.09 - 22:28
App store icon Play store icon Play store icon
دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم فراکسیۆنەکانی پەرت کردووە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

سبه‌ی له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان، ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌درێت، یه‌كێتى و نه‌وه‌ى نوێ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، بۆ به‌ ته‌شریفاتیكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌نگ بڵندن، به‌ڵام پێده‌چێت له‌ 10 ڕۆژى ئاینده‌دا ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ى پارتى و گۆڕان به‌ هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى و ڕاسپاردنى مه‌سروور بارزانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كۆتایى پێبێت.

 

ده‌رباره‌ى ڕێكاره‌ یاساییه‌كانى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ تارق جه‌وهه‌ر، ڕاوێژكارى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "له‌ دانیشتنى سبه‌ینێى په‌رله‌مانى كوردستاندا ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوى بڕگه‌ و مادده‌كانى پڕۆژه‌یاسایى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌درێت، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ندێك خاڵى ناكۆك هه‌ن له‌ باره‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و شێوازى هه‌ڵبژاردن و ماوه‌ى مانه‌وه‌ى سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ پۆسته‌كه‌ی و به‌رپرسیاربوونى له‌ به‌رده‌م په‌ڕله‌مان".

 

"له‌حاڵه‌تێكدا پێشنیار و تێبینى فراكسیۆنه‌كان ده‌نگى پێویستى هێنا جێگه‌یان بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ڕاپۆرته‌ى كۆتایی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایی په‌ڕله‌مان ئاماده‌كراوه‌ وه‌ك خۆى ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت"، تاریق جه‌وهه‌ر واى وت.

 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، دوو بۆچونى جیاواز هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان، بۆچونێكیان پێى وایه‌ ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، دوو له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر بده‌ن، بۆچۆنێكى دیكه‌شیان ئه‌وه‌یه‌كه‌ ده‌بێت به‌ ده‌نگى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌، سبه‌ینێ ئه‌وه‌ش یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێى پڕۆژه‌یاساكه‌، هیچ به‌ربه‌ستێك نییه‌ بۆ هه‌رهێزێكى سیاسی نێو په‌ڕله‌مانى كوردستان، بۆ كاندید پێشكه‌شكردن بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، به‌ڵام ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆته‌ هۆكارى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى زۆرێك له‌ پرسه‌كان، ئه‌و دوو فراكسیۆنه‌ش كه‌ خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن یه‌كلاكردۆته‌وه‌ هیچ كاندیدێكیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ تا ئێستا نیه‌.

 

هه‌روه‌ها به‌پێى هه‌مان پڕۆژه‌یاسا ئه‌و كه‌سه‌ى كاندید ده‌كرێت بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، ده‌بێت تاوانبار نه‌كرابێت به‌ تاوانى كوشتن و خیانه‌تى نیشتمانى و بڕوانامه‌ى زانكۆ یاخود ئاماده‌یى هه‌بێت.

 

یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانى پرۆژه‌یاسای هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، تا ئێستا چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ى جیاجیاى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بۆ كراوه‌، ئه‌ویش پرسی چۆكدادانى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌ له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، له‌و باره‌یه‌وه‌ كازم فاروق، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "ناكرێت سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێكى زۆرى هه‌بێت و له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان متمانه‌ وه‌ربگرێت، كه‌چى ئه‌و په‌رله‌مانه تواناى لێپرسینه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى نه‌بێت، چونكه‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا هاتووه‌، ته‌نها ده‌توانرێت له‌ سێ حاڵه‌تدا متمانه‌ له‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بسه‌ندرێته‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر خۆى بیه‌وێت، یاخود نه‌توانێ ئه‌ركه‌كانى ڕاپه‌ڕێنێت، یاخود به‌ده‌نگى سێ له‌سه‌ر چوارى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان متمانه‌ى لێوه‌ربگیرێته‌وه‌".

 

"لیژنه‌ى یاسایى و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان به‌ هاوسه‌نگى سه‌یرى پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌شكراوه‌كانى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانیان نه‌كردووه‌، له‌كۆى سێ پرۆژه‌یاساى نه‌وه‌ى نوێ و كۆمه‌ڵ، پڕۆژه‌یاسا هاوبه‌شه‌كه‌ى پارتى و گۆران كارى له‌سه‌ر كراوه‌، وه‌ ئه‌و هه‌مواره‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پێى ناوترێت سیستمى په‌رله‌مانى، چونكه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌سته‌ڵاتێكى ڕه‌هاى هه‌یه‌، به‌وه‌ش چوار ساڵى داهاتوو ئه‌نجامى باشى نابێت"، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ واى وت.

 

فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ كاندیدى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم نابێت هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان حیزبێكى ئۆپۆزسیۆنن، گه‌ر كاندیدیان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مان ده‌نگى پێویست ناهێنن.

 

 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ ناس كورد-ی ڕاگه‌یاند: "68 ئه‌ندام په‌ڕله‌مان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم واژوویان هه‌یه‌ و پێشكه‌شى په‌رله‌مان كراوه‌، ده‌بێت سبه‌ى له‌ دانیشتنى په‌ڕله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بدرێت ئه‌گینا پێچه‌وانه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ده‌بێت".

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراكسیۆنى پارتى جیاواز له‌ نه‌وه‌ى نوێ و به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كانى تر ده‌ڕوانێت له‌ ده‌سته‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته‌كانى ته‌شریفاتین و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتى و گۆڕان بووه‌ پێشتر، ده‌شڵێت: "كاندیدى ئێمه‌ نێچیرڤان بارزانی-یه‌ و كه‌س ترسى له‌جه‌نابیان نییه‌ و ده‌رگا ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌ركه‌س جورئه‌تى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ریان بابێته‌ ناو په‌ڕله‌مان و خۆى كاندید بكات".

 

له‌ باره‌ى لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى هه‌رێم، هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتى: "ئه‌و پۆسته‌ پۆستێكى جێبه‌جێكار نییه‌، به‌ڵكو پۆستێكى سیاسى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنى نییه‌ تا لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، نێچیرڤان بارزانیش باوه‌ڕناكه‌م له‌ هیچ بترسێت، وه‌ له‌ده‌روه‌ى ڕێككه‌وتنیش باوه‌ڕناكه‌م یه‌كێتیش كاندیدى هه‌بێت ، چونكه‌ ده‌زانن ناتوانن ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه‌، دواجار ڕێككه‌وتنێكیش هه‌یه‌ و پێمان وایه‌ یه‌كێتى پابه‌ندى ده‌بێت، پێده‌چێت له‌ماوه‌ى 10 ڕۆژدا سه‌رجه‌م پرسه‌كان یه‌كلاببنه‌وه‌".

 

یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان كه‌ هه‌ر زوو خۆیان وه‌ك هێزێكى ئۆپۆزسیۆن ڕاگه‌یاند، بڕیاریان داوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌یه‌ بن كه‌ دژى زۆرى ده‌سته‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌، شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ڕه‌تیكرده‌وه‌ كاندیدیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌بێت و به‌ ناس كورد-ى وت: "له‌ دانیشتنى سبه‌ی په‌رله‌مان، پشتگیرى ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دژ به‌زۆرى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمن و پێمان وایه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌شریفاتى و پڕۆتۆكۆڵى بن".

 

له‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاساى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، فراكسیۆنى یه‌كێتى ئاماده‌ نه‌بوو، به‌ڵام بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م پاش ئه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ پارتى گه‌یشتوون به‌ ڕێككه‌وتن، فراكسیۆنى سه‌وز ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ى په‌رله‌مان بوو، له‌ ئێستاشدا نازانرێت سبه‌ى یه‌كێتى چى هه‌نگاوێك به‌ره‌و پرۆسه‌ى ده‌نگدان به‌ پرۆژه‌یاساكه‌ هه‌ڵده‌گرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ لوقمان وه‌رتى، ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "وه‌ك فراكسیۆنى یه‌كێتى تائێستا هیچ بڕیارێكمان نییه‌ بۆ به‌شدارینه‌كردن له‌ دانیشتنى سبه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان، له‌گه‌ڵ پارتى لێكتێگه‌یشتنمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت و پشكى یه‌كێتى له‌ حكومه‌ت یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ و ئومێد ده‌كه‌ین له‌ زوترین كاتدا واژوو له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێت".

 

"یه‌كێتى هیچ گرفێكى له‌گه‌ڵ پارتى نییه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ڵكو گرفتێك هه‌یه‌ له‌نێوان پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر دانانى جێگر بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئێمه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌كه‌ین نه‌ك گۆڕان"، لوقمان وه‌رتى واى وت.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێـتى ده‌ڵێت، ئه‌وان پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و شه‌ش وه‌زیر و چه‌ند ده‌سته‌یه‌كیان ده‌بێت، ده‌شڵێت: "قسه‌مان له‌سه‌ر گریمانه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ره‌كانیش به‌و ئاڕاسته‌ن پێش كۆبوونه‌وه‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان واژووى ڕێككه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كێتى بكرێت و یه‌كێتى ئاماده‌ى ته‌واوى هه‌یه‌ بۆ واژووكردنى ڕێككه‌وتنه‌".

 

دەقی پرۆژەیاسای هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم: