ناس کورد-
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئامادەکاری بۆ کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان دەکرێت و تەندروستیی سنورەکە داوا لە پێشنوێژ و مجێور و کارمەندانی مزگەوتەکان دەکات، بچن پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدەن.
.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان ڕایگەیاند: "ئاگاداری سەرجەم پێشنوێز و مجێور و کارمەندانی مزگەوتەکانی سنورەکە دەکەینەوە لە سبەینێ سێشەممە کاتژمێر 9:00وە سەردانی نەخۆشخانەی گشتیی کەلار بکەن بۆ وەرگرتنی نمونەی پشکنینی کۆرۆنا".
.
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو ڕێکارە بەمەبەستی ئامادەکاری پێویستە لە ئەگەری کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکاندا".
.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، دەرگای مزگەوتەکانیش داخران و لەئێستاشدا لەدوای ئەوەی قۆناغ بەقۆناغ ژیان ئاسایی دەکرێتەوە و مانگی ڕەمەزان نزیکدەبێتەوە، هاووڵاتیان داوادەکەن دەرگای مزگەوتەکانیش بکرێنەوە.
.