گه‌ڕان

Shadow Shadow

لە پشدەر و رانیە بارگرژی هەیە...بۆ دەبێت هەموومان دەستمان لەسەر دڵمان بێت؟

2020.04.19 - 16:41

ئالان م. نوری

رووداوەکانی زینی وەرتێ ی دەڤەری رانیە زۆر بە خێرا لەماوەی 20 رۆژدا، لە هیچی نەبووەوە بوون بە سەردێڕی هەواڵەکان لە کوردستاندا. ئەوەش نەک لەبەر ئەوەی تورکیا بەمەبەستی پێکانی سەنگەر و پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆردومانی ناوچەکەی کرد. چونکە ئەویان بەجیا لەوەی هەموو کات مایەی تۆقاندن و ماڵوێرانیی گوند و گوندنشینانی هەرێمی کوردستانە، بۆتە بابەتێکی ئاسایی کە ناوەناوە، لە هەموو ئەو ناوچانەی هەرێمدا کە پێگەکانی پەکەکەی لێیە، روودەدات. گەر هەواڵەکە ئەمەندە بوایە، ئەوا چەندەها ساڵە لە دێڕێک هەواڵ و چەند نووزەیەکی ئیدانە لەملاو لەولا بەولاوە چیدی لێ نەدەکەوتەوە.

.

بەڵام رووداوەکان گەلێک لەوە مەترسیدارترن و گەر هێورنەکرێنەوە ئەوا نەفەسی جەولەیەکی تازەی شەڕی براکوژییان پێوە دیارە. بۆردومانی تورکیا تەنها تایتڵی لاوەکیی بابەتەکەیە و کێشە راستەقینەکە لەشکرکێشی و جووڵانی هێز و هێزی بەرامبەرە لە نێوان ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی کە ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان لە 1990ەکانەوە کردووە بە دوو بەشەوە، سەرەڕای چەندین کابینەی وەزاری هاوبەش، بۆ چاوونەفەس نەبێت و لەسەر کاغەز نەبێت، ئەو یەکخستنەوەی دوو ئیدارییەی هەرێم، لە راستیدا تەنها رووکەشە و لە کاتی قەیرانی وەهادا واقیعە تاڵە قێزەونەکە سەردەردێنێتەوە. 

.

بۆچی ئەوەی لەو دەڤەرەدا روو بدات مەترسیدارە؟ 

 

بارگرژی لە هەر شوێنێک، لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا روو بدات، مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خەڵکە. بەڵام کە لە دەڤەری پشدەر و رانیە رووبدات، ئەوا نیگەرانی و دڵەڕاوکێ دەبن بە دە ئەوەندە. چونکە ئەو دەڤەرە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و هەموو کات ئەو توندوتیژییانە توانیویانە بپەڕنەوە بۆ هەڵوێستی حیزب و لایەنەکان و هەموو کوردستان لە شەڕ و نائارامی بگلێنن. 

.

هەر لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولەوە کە سەرەتاکەی یاخیبوونی ئاغایانی پشدەر بوو لە یەکەمین چاکسازیی کشتوکاڵی لە مێژووی عێراقدا، بڕیاری شەڕ و زەبروزەنگ  لەو ناوچەیەدا، لە ناوەڕۆکدا ناوچەییە و بەرووکەشیش سەرعینوانە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەڵدەگرن. 

.

لەگەڵ دەستپێکی یەکەمین پەلاماری سوپای عێراق بۆ ئەو ناوچەیە لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا، لەوکاتەدا کە جوتیارانی ناوچەکە، بە نیازی پارێزگاری لە شۆڕش، چووبوون بۆ بەرگرتن بە سوپای عێراق، ئاغایانی ناوچەکە پەلاماری گوندە بێدیفاعەکانیان لە پشتەوە دا و چەندین گوندیان سووتاند بە ژن ومنداڵەوە. لە سەردەمی هەفتاکان، بە ناوی کوردایەتی وشۆڕشەوە، ئاغایانی ناوچەکە دووهەم و سێهەم چاکسازیی کشتوکاڵییان لە ناوەڕۆکی پووچەڵ کردەوە.  

.

لە ساڵی 1990 دا  هەزارەها دۆنمی جێهێڵراوی دوای ئەنفال "بەخشرا" بەسەرۆک جاشەکان و، سەرەڕای راپەڕینی ساڵی دوای ئەوە، تا ساڵی 1993 نەیانهێشت جوتیارانی ئەو ناوچەیە بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەکان کە پێش ئەنفال بەدەستیانەوە بوو. تا لەو ساڵەدا جوتیارانی پشدەر بەزەبری چەک و راپەڕین گەڕانەوە ناوچەکە. 

.

هەر ساڵێک پاش ئەوە، شەڕی براکوژی سەرتاسەری کوردستان هەر لەو ناوچەیەوە هەڵگیرسایەوە. ئەویش لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو لەسەر ریزێک دوکان لە شاری قەڵادزێ کە پێشتر زەویی کشتوکاڵی بوون و کێشەیەکی درێژخایەن لەسەریان لە ئارادا بوو…

.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە کێشەکانی پشدەر و رانیە لە بنەڕەتدا کێشەی قووڵی خاوەندارێتیی زەوی و زارن و چەند نەوەیە لە توندوتیژی بەولاوە چاری دیکە لەبەردەم لایەنەکانیدا نەبووە. هەر لە زەمانی جاش و پێشمەرگەوە ئەگەر لایەک بووبێت بە پێشمەرگە، ئەوی دی بووە بە جاش و هەندێکیان چەند جارێک رۆڵیان ئاڵوگۆڕکردووە. لە زەمانی چەوساندنەوەی بە ناوی کوردایەتی لە دژی خەڵکی چەپڕەو، کوردی عەیار 24 بوون و لەسەر "کوردایەتی" راوی سەرانی بزوتنەوەی جوتیارییان کردووە. کە "کوردایەتی" بوو بە چەند پارچەیەکەوە، بە ناوی پاکتاوکردنی کوردایەتییەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە بەرگی حیزبایەتییان لەبەر کرد و، حیزبایەتیش بە ڤێرژنی رانیە و پشدەر بریتی بوو لە یەکتر کوشتن. 

.

ئێستەش زۆربەی کادێرو سەرکردە ناودارەکانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان لەو رابوردووە خوێناوییەوە سەرکەوتوون بۆ دەسەڵاتی حیزبی و لە رێی ململانێی قۆرغی دەسەڵاتی ناوچەیی درێژە بە کێشە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکەی خۆیان دەدەن.

.

بەڵام بۆ ئەو ناوچەیە بەو شێوەیەیە؟

 

کۆمەڵێک هۆکار کۆبوونەتەوە کە کێشەی زەوی و زاری ئەو ناوچەیەیان بەم ئاقارە ترسناکەدا بردووە.

.

یەکەم: لە ماوەیەکی زۆر کورتی لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، چەندین جار ناوچەکە بەر هێرشی عەشرەتی چەکداری جیا جیا کەوتووە و هەر جارێک عەشیرەتی نوێ ئاغایانی پێشوو و جوتیارانی پێکەوە وەک کۆیلە مامەڵە کردوە.

.

دووەم: موڵکایەتی زەوی وزار بەهۆی زەبروزەنگ و دەستڕۆیشتوویی عەشرەتە چەکدارەکان تا ساڵی 2008 بە رەسمی یەکلا نەکراوەتەوە. لە کۆی موقاتەعەکانی هەموو پشدەر تەنها 10٪ یان بەتەواوەتی موڵکایەتیی یەکلا کراوەتەوە و ئەوەش کەمترین رێژەی هەموو پارێزگای سلێمانییە. ڕانیە لە چاو پشدەردا زەوی وزاری زۆرتری یەکلا کراوەتەوە (نزیکی 61٪ی موقاتەعەکانیان بە تەواوەتی یەکلا کراوەتەوە) بەڵام کێشەکانی رانیەش درێژکراوەی بارودۆخی ناوچەکەن.

.

ئەو زەوییانەی کە یەکلا نەبوون، بە پێی یاسا، بە موڵکی دەوڵەت حیساب کراون و هەمووی لە 1970 کانەوە بە گرێبەست بەسەر جوتیارانی ناوچەکەدا دابەشکران. بەڵام بەدەگمەن دەستی یاسا لەو ناوچەیە رۆیشتووە. هەرچییەکیش جوتیاران دەستیان کەوتووە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدا بووە.

.

 گرێبەستی جوتیاران و دامودەزگای کشتوکاڵیی حکومەتیش لەو ناوچەیەدا بەدەست بنەماڵەی ئاغاکانەوە بووە و لە زۆر شوێن تەنانەت هەتا ئێستەش جوتیاران نەیانزانیوە کە نزیەکەی 50 ساڵە ئەو زەوییانەی خۆیان و نەوەی دوای خۆیان کاری لەسەر دەکەن، لە لای بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ناوچەکە، گرێبەستی بە ناوی ئەوانەوە لەسەرە.

.

سێیەم: بەنداوی دوکان و رێوشوێنە یاساییەکانی پاراستنی، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا گۆڕانی گەورەی بەسەر کوالیتیی زەوییەکان و ووردەکاریی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیدا هێنا لەو ناوچەیەدا.

.

چوارەم: ئەنفال لە ناوچەی پشدەر و رانیەدا، وەکو هەموو بەشە ئەنفالکراوەکانی کوردستان، ئاستێکی نوێی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی هێنایە کایەوە. لە پشدەر 100٪ ی گوند و گەورەدێ و شارۆچکەکان خاپوور کران. و لە چوارقوڕنە 97٪ و لە بێتواتە 57٪. 

.

دوای داگیرکردنی کوێت ئەو زەویانەی لە ئەنفالدا چۆڵ کران، کران بە دوو بەشەوە (مەحذورە و موحەڕڕەمە). مەحذورە جوتیار بۆی هەبوو بڕوات کشتوکاڵ بکات، بەڵام بۆی نەبوو شەو بمێنێتەوە، و موحەررەمەش دران تەنها بە هێزی چەکداری جاش. ئەوانیش یان خاوەن گرێبەست و خاوەن موڵکەکانیان، لەسەر زەویی خۆیان، وەک کرێکاری کشتوکاڵی کار پێکرد یان هەر نەیانهێشت توخنی زەویەکانیان بکەون. ئەمەش راپەڕینی چەکداریی ساڵی 1993 لێکەوتەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێداوە.

.

پێنجەم: لە کاتی گەرمەی شەڕی براکوژیدا (ناوەڕاستی 1990 ەکان) دەزگاکانی دەسەڵاتی کشتووکاڵی خرانە ژێر رکێفی حیزب و بەوپەڕی نەشیاوییەوە بەکار هێنران بۆ رازی کردنی دۆست و ئازاردانی نەیاران. لە ماوەی یەک ساڵدا (1995-1996) حەڤدە جار لیژنەی کشتوکاڵی باڵا بەکار هێنرا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی زەوی وزار، 13 جاریان لە دەوروبەری بەنداوی دوکان بوو:  8 لە قەزای دوکان، 3 لە پشدەر و 2 لە رانیە.

.

لە کۆی ئەو 17 دۆسێیە، لە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای کشتوکاڵی، کە بەپێی یاسا رۆڵی دادوەر دەبینن و بڕیارەکانیان تەنانەت لە دادگاکانیشدا تانەی لێ نادرێت، لەو بڕیارانەدا 25 حاڵەتی پێشێلکاریی یاسا هەیە بەم شێوەیەی خوارەوە:

.

14 بڕیار بۆ بەکرێدانی زەویی موڵکی گشتی بەدەر لە رێنماییە یاساییەکان.

5  بڕیاری پەیوەندیی کرێی جیاواز لەوەی یاسا رێی پێدەدات لە نێوانی خاوەن موڵک و جوتیاراندا.

4 بڕیاری بەشەرعی کردنی داگیر کردنی زەوی بەزۆر.

2 بڕیاری وەلانانی دەقی یاسا و جێگرتنەوەی بە "نەریتی باو".

.

شەشەم: لە دوای 2003شەوە، وەک هەموو لایەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، دەیان هەزار مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زەویی کشتوکاڵی کراوە کە نە فرۆشیار توانایی یاسایی فرۆشتن و نە کڕیار توانای یاسایی کڕینی هەبووە و هەموو مامەڵە بازرگانییەکان بەجێهێڵراون بۆ بنەماکانی هێز و تۆقاندن.

.

حەوتەم: ساڵانی 2007 و 2008 دوو یاسا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون، یەکێکیان دەرگای سەرلەنوێ یەکلاکردنەوەی موڵکایەتی دەکاتەوە بۆ ئەو زەوییانەی لە 1970 کانەوە کاتی یەکلاکردنەوەیان بەسەر چووە و بوونەتە موڵکی گشتی، بە نیازی ئەوەی بدرێن بەوانەی کە بە زەوی خۆیانیان دەزانن (زۆربەی هەرە زۆری پشدەر و رانیە) لە پاڵ ئەوەشدا یاساکەی تریان هەمان زەوی دەکات بە موڵکی ئەو جوتیارانەی بە گرێبەست کاریان لەسەر کردووە. یاساکانیش بە جۆرێک داڕێژراون کە هیچیان ئەوی دی بەتاڵ ناکاتەوە. 

.

کاتێک لە راوێژکاری یاسایی وەزارەتی کشتوکاڵمان پرسی کام یاسایەیان بۆ کام ناوچە بەکاردێنن؟ وەڵامەکەی ئەوەبوو، کە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک سەرپشکە کامیان لە کوێ بەکار بێنێت!

.

وەک دیارە، لە ناوچەی پشدەر و رانیە، مێژوویەکی فرەخوێناوی و فرە ئاڵۆز دراوەتە دەستی یاسای زەبروزەنگ و تۆقاندن بۆ چارەسەرکردنیان. هێزە کۆمەڵایەتییە دژوارەکانی ئەو ناوچەیەش چەندین ساڵە لەوە گەیشتوون کە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە بەڵێنی فراوانکرنی دەسەڵاتیان سەرخۆش بکەن ئەوا بە خۆشحاڵییەوە بەهەر چوار پەل خۆیان و کۆمەڵانی لایەنگرانی حیزبەکەیان فڕێدەدەنە ناو ئەو ئاگرەوە.

.

مێژووی پشدەر و ڕانیە برینێکی قەتماغە نەبووی ئەم میللەتەیە و چڕکراوەی دەیان ساڵی چەوتوچێلیی حیزبایەتی و سیاسەتە لە کوردستاندا. پرسیاری خەڵکیش ئەوەیە: ئەم جارەش، بەو دەردەدا دەمانبەن یان نا؟