گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندێکی هەرێم گەیشتە بەغدا.. ناس کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاشکرا دەکات

2020.04.19 - 10:22
شاندێکی هەرێم گەیشتە بەغدا.. ناس کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاشکرا دەکات

ناس کورد- شەهرام عەزیز

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەخت و بەوتەی ئەندامێکی شاندەکە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومەتی عێراق لەوانە وەزیری نەوت و کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە، دەشڵێت، دەربارەی پرسی ڕادەستکردنی نەوت و هەروەها کەمکردنەوەی هەناردەى نەوت گفتوگۆ دەکەن.

 .

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا و سەرۆکی شاندەکەی حکومەتی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 10:00ی شاندێکی هەرێم گەیشتینە بەغدا، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومەت لەوانە وەزیری نەوت و دارایی و هەروەها کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبینەوە".

 .

وتیشی، گفتوگۆکان تایبەت دەبن بەو دۆخەی ئێستا عێراق و هەرێم تێیدان، بەتایبەتی لەڕووی ئابوری و دابەزینی نرخی نەوت، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوبەش بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

 .

سەرۆکی شاندەکەی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها گفتوگۆ دەکەین لەبارەی پرسی نەوت و وزە لەنێوان هەردوولا و ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە پێشتریش ڕێککەوتووین لەسەری".

 .

هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی ڕێکخراوی ئۆپیک و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەن عێراقەوە دەبێت هەرێمی کوردستانیش  پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت و هەناردە کەمبکاتەوە.

 .

خالید شوانی ئەوەی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی گفتوگۆکان ئەو پرسە دەبێت و هەوڵدەدەن لەگەڵ عێراق بگەنە ڕێککەوتنێکی گونجاو و چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزنەوە.