گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن لەناکاودا گاردی کۆماریی دیارنەما و بەغداش کەوت؟

2019.04.09 - 11:58
چۆن لەناکاودا گاردی کۆماریی دیارنەما و بەغداش کەوت؟

ناس كورد-سۆران ڕەشید

زۆربەى عێراقییەکان گومانیان لەوە نەبوو کە ئەگەر سوپای ئەمریکا بگاتە دەوروبەری بەغدا ڕوبەڕوی شەڕ و بەرگرییەکى قورس دەبێتەوە، چەند مانگێکیش پێش کەوتنى لە ساڵی 2003دا، سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەى عێراق چەندینجار جەختی لەوە دەکردەوە کە بەغدا دەبێتە "گۆڕستانی داگیرکەران"، بەڵام بەیانى ڕۆژی 9ی نیسانى 2003 خەڵکی عێراق و جیهان بینەری کەوتنى پەیکەری سەدام حسێن بوون لە گۆڕەبانی فیردەوسی بەغدای پایتەخت لەلایەن ئەمریکییەکانەوە.

خەڵک لە مەتەڵی کەوتنى بەغدا و دیارنەمانی هێزەکانى گاردی کۆماریی و ئەو هەموو چەک و کەلوپەلە سەربازییەى سوپای عێراق سەریان سوڕما، هەرچەندە سەدام هۆکارەکەى بە ناپاکی چەند سەرکردەیەکى سەربازی بەستەوە، بەڵام یادەوەری چەند سەرکردەیەکى سەربازی هۆکاری دیکە ئاشکرا دەکەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەدام هۆکار بوو!

بەپێی وتەى چەند فەرماندەیەکی سەربازیی سوپای عێراق لە چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەیەکى چینی کە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاویکردووەتەوە، یەکەکانى سوپای عێراق لە ناوەوە تێکشکابوون و سەرکردایەتییەکى مەرکەزییان نەبوو، هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکان فەرمانیان بە سەربازەکانیان کردبوو شەڕ نەکەن، هاوکات سەدامیش فەرمانیدابوو فڕۆکە جەنگییەکان بشاردرێنەوە و نیوەی ڕادارەکانیش لەکارکەوتبوون.

بەپێی قسەى فەرماندە سەربازییەکان، ئەو پلانەى کە سەدام داینابوو بۆ شەڕی کۆڵان بە کۆڵا لە بەغدا جێگەى متمانەى زۆربەى ئەفسەر و فەرماندەکان نەبوو، هیچ کەسێک نەیدەزانی پلانەکە چییە و چۆن شەڕ دەکرێت.

لیوا عەبدولکەریم عەبدولڕەزاق، یەکێک لە فەرماندەکانى سوپای ئەو کاتەى عێراق دەڵێت، ڕۆژی 7ی مانگ بەشێک لە سەربازەکانى کۆکردووەتەوە بەڵام زۆر ماندوو و ترساو و بێهیوا بوون، بەڵام فەرمانیان پێکردوون بەردەوام بن لە شەڕ.

ئەو دەڵێت، کاتێک ڕونبووەوە کە کۆنتڕۆڵیان لەدەستداوە، فەرمانی بە سەربازەکان کردووە بکشێنەوە چونکە مانەوەیان واتە مردنیان و دەڵێت، لە ڕۆژانى کۆتاییدا سوپای عێراق لە ناوەوە ڕووخابوو، زۆرێک لە سەربازەکان لە بەرەکان هەڵهاتن و هەندێکیش لە سەرکردەکان ڕەتیان کردەوە سەربازەکانیان بە کوشتن بدەن چونکە سوپای ئەمریکا چەکی زۆر پێشکەوتوو هەبوو. ڕۆژی 3ی نیسان، کاتێک زانرا هیچ چانسێک نەماوە بۆ بردنەوەی شەڕ، لە 70%ی سەربازانى عێراق هەڵهاتن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

لیوا یاسین محەمەد جبوری دەڵێت، سەدام هێزێکى بچوکی بۆ پاراستنى خۆی و هۆزەکەى دروستکردبوو چونکە لە کودەتای سوپا دەترسا، کاتێک سوپای گەیشتە فڕۆکەخانەى بەغدا، نیوەى سەربازەکان هەڵهاتن و هەندێکیشیان لە نزیکی فڕۆکەخانە خۆیان شاردەوە.

لیوا مەزهەر تەها غەنام دەڵێت، ڕێگری کرابوو لە وەزارەتى بەرگریی عێراق پلانی شەڕی بەغدا دابڕێژێت و وەک بەرپرسیاری لاوەکی تەماشا دەکرا، ئەرکی شەڕی بەغدا بە هێزەکانى گاردی کۆماریی تایبەتى سەدام حسێن سپێردرا بوو، سەرکردایەتى هێزەکەش بە قوسەى کوڕی سەدام حسێن سپێردرابوو کە کەسێکى سەربازی نەبوو بەڵکو دەرچووی یاسا بوو.

لیوا مەزهەر دەشڵێت، ئەرکەکان بە کەسانى شارەزا نەدەسپێردرا چونکە سەدام زۆر دەترسا لە کودەتای سوپا و وەزارەتى بەرگریی هیچ دەسەڵاتێکى نەبوو، تەنانەت فەرمان لای فەرماندەى هێزەکانى گاردی کۆمارییش نەبوو بەڵکو لای سەرپەرشتیاری هێزەکە بوو کە قوسەى کوڕی سەدام بوو، ئەویش هیچ ئەزمونێکى سەرکردایەتى شەڕ و جەنگەکانى نەبوو، هیچ پلانێکیشی نەبوو و نەیدەتوانی سەرپەرشتى بکات.

لیوا مەزهەر دەڵێت، هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە بە سەرکردایەتییان وتووە کە یەکەم شوێن هێرشی بۆ دەکرێت فڕۆکەخانەى بەغدایە بەڵام ئەوان گوێیان پێ نەدا.

 

 

گێڕانەوەکەى محەمەد حەسەنەین هەیکەل

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی جەزیرە، محەمەد حەسەنەین هەیکەل، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی بەتوانای عەرەب دەڵێت، چەند نامەیەکى تایبەتى نێوان نزار حەمدون، دیبلۆماتکاری پێشووی عێراقی و سەدام حسێنى بینیوە و تێیدا سەدام نوسیویەتى، " داگیرکارییەکە هەر ڕوودەدات، بەڵام شەڕ یان جەنگی ڕاستەقینە دەکەوێتە دواترەوە، من گەلی عێراق دەناسم، ئەمریکا نایناسێت."

مەحمود مەراغی، نوسەر و ڕۆژنامەنوس لەبارەى گێڕانەوەکەى هەیکەل دەڵێت، سەدام زانیویەتى عێراق "داگیردەکرێت" و سوپاش ناتوانێت بە بەردەوامی بەڕوی ئەمریکادا بووەستێتەوە، بەڵکو گەلی عێراق ئەو کارە دەکات چونکە زۆر شەڕ و جەنگی بینیوە.

مەراغی دەڵێت، لەوانە هەر ئەوەش وایکردبێت سەدام فەرمانی بە کشانەوەى هێزەکان و وەستاندنی شەڕ کردبێت.