کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لە كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بریاردرا گەر یەكێتی نەگەیشتە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی ئەوا حزبەكەیان سەرپشكبێت بیر لە بژاردەی دیكە بكاتەوە.
پاش كۆبوونەوەكە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە ڕایانگەیاند: "وەك ئەنجومەنی ناوەندی پشتگیری خۆمان بۆ سیاسەت و پرۆژەی (ی.ن.ك) دەردەبڕین كە پرۆژەیەكی نیشتیمانیە و نەخشە رێیە بۆ رێكەوتنێكی سیاسیانە و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەییانە بۆ كۆی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابرێندراوەكان و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لە پشكی یەكێتی".
سەبارەت دانوستانەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕایانگەیاندووە: "پێشنیار دەكەین ئەگەر هەردوو لایەنی سەرەكی نەگەیشتنە رێككەوتن و پارتی بەبێ سازان و بەبێ بەشداری یەكێتیی لە رێی سەرۆكایەتی كاتی پەرلەمانەوە و بەشێوەیەكی تاك ڕەوانە بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرپشك دەكەین بۆ بیركردنەوە لە بژاردەیەكی دیكە".
هەڤاڵ زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە: "دۆخی ناوخۆی یەكێتی لە دۆخێكی باشدایە و پێویستە لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هەوڵەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم چڕتر بكەینەوە و گۆرانكاری لە هەیكەل و فۆرمی بەرێوەبردنی حزبەكەمان بكەینەوە".
ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەو كۆبوونەوەدا بە كۆی دەنگ ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەدوای كۆنگرەی سێیەمەوە لە ساڵی 2010 وە هەر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان بە فلتەری ئەنجومەنی ناوەندیدا تێنەپەڕیبێت ئەوا ئەنجومەنەكە دانی پێدا نانێت.