گه‌ڕان

Shadow Shadow

هێورکردنەوەی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بۆچی؟

2020.04.14 - 20:17

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری   ئەم هەفتەیە، هەواڵەکانی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە عێراقدا دڵخۆشکەر بوون. لە 8 ی نیسانەوە تا رۆژی پێش نووسینی ئەم بابەتە، 13 ی نیسان، ئاراستەیەکی بەرچاو لە کەم بوونەوەی رۆژانەی ئەو کەیسانەی کە تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا دەسەلمێندرێت، بەدی دەکرێت. هەروەها لەم هەفتەیەدا ژمارەی ئەوانەی کە چاکبوونەتەوە زیاتر بوو لەوانەی کەیسی کراوەی تووشبووی سەلمێندراون. بڕوانە هێڵکاریی کەیسە تازەکانی رۆژانەی عێراق: ، ، پێدەچێت کەم بوونەوەی کەیسی نوێی سەلمێندراوی رۆژانە لەم هەفتەیەدا دیاردەیەکی گشتگیر بێت و لە وڵاتانی دیکەش ئەمە بەدی بکرێت. بڕوانە هێڵکاریی کەیسی نۆێی رۆژانەی هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسپانیا و ئیتالیا و ئەڵمانیا: ، ، لە ئێستادا لە کۆی گشتیی کەیسی سەلمێندراو لە عێراقدا،کە 1378 کەسن، 717 لەوانە چاک بوونەتەوە و تەنها 583 کەسیان وەک کەیسی بەردەوام ماون و خۆشبەختانە کەس لەوانە مەترسی لەسەر ژیانیان نییە. ، بێ گومان رۆڵی سەرەکیی لە بەدیهێنانی ئەم ژمارە (لە چاو خۆیدا) دڵخۆشکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ رێوشوێنەکانی کەرەنتینی گشت کۆمەڵگا و رێنماییەکانی خاوێنی و خۆلێکبەدوورگیری، کە بە هەموو کەموکوڕییەکییانەوە، جێبەجێکران. سوپاسی بێ پایان بۆ هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبوو لە بەدیهێنانی ئەم ئەنجامانە، لە سەروو هەموویانەوە بۆ هاووڵاتیانی کەم دەرامەت و بێکار کەوا بەشی هەرەزۆریی بارگرانیی ئەم رێوشوێنانە کەوتە ئەستۆی ئەوان. ، لەپاڵ کۆرۆنا دا دەردە ترەمپ یش هەیە! ، لەگەڵ هەواڵە دڵخۆشکەرەکاندا، لێرەو لەوێ دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە بەرپرسانی ئیداری لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراق کەوتوونەتە ژێر فشاری زیانلێکوەتووانی ئابووریی ئەم رێوشوێنانە ولەبەر هەڵە تێگەیشتنی ئەم داتایانەی سەرەوە، بانگەشە، و هەندێک جاریش بەڵێنی ئەوە دەدەن کە رێوشوێنەکانی کەرەنتینی کۆمەڵگا، بەم زووانە، یان هێور دەکەنەوە یان بە تەواوەتی لایاندەبەن. لەمەشدا دەچنە پاڵ جۆرێک لە دەسەڵاتدارانی سیاسی لە جیهاندا کە بۆخۆیان تووشبووی دەردێکن، تازە سەری هەڵداوە، و بە دەردە ترەمپ ناسراوە. ترەمپیش لێرەدا، دۆناڵد ترەمپ ی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەوانەش کە تووشی ئەم دەردە بوون ئامادە نین گوێ لە رای پسپۆڕانی رێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی و پزیشک و زانایانی پەتاناسیی وڵاتەکانی خۆیان بگرن لەلایەک و لەلایەکی دیکەش ئەو جۆرە هەڵوێستەی دەسەڵاتی ئیدارییان پێ قەبووڵ نییە کە ناچاریان بکات بژێویی هاووڵاتیانیان بخەنە ئەستۆی حکومەتی وڵاتەکانیان تا ئەو رۆژەی کەرەنتینی کۆمەڵگا بە رێنمایی پسپۆڕانی تەندروستی لادەبرێت.  ، هەر بۆیە تەنانەت پێش دەرکەوتنی هەواڵی دڵخۆشکەر، ئەمانە لە هەوڵی ئەوەدان رێگرییەکان لابەرن و رێ بە خەڵک بدەن بە "ئازادی" پەتاکە سەرلەنوێ بڵاو بکەنەوە. ، هەواڵەکان دڵخۆشکەرن، بەڵام… ، پێویستە بڕیاری هێورکردنەوە یان لابردنی رێوشوێنە سەپێنراوەکانی کەرەنتینی کۆمەڵگا لە دەستی سیاسییەکان دەربهێنرێت و بخرێتە دەستی پسپۆڕانی تەندروستی و پەتاناسی.  ، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین کە هەفتەیەک لە هەواڵی خۆش، چ لە عێراق و چ لە جیهاندا، بەشی ئەوەندە نییە کە بڕیاری هێورکردنەوەی رێوشوێنەکانی لەسەر بنیاد بنرێت. لەم هەفتەی رابوردووەدا (کە بە هەفتەیەکی دڵخۆشکەری ناودەبەین) تووشبووانی تازەی سەلمێندراو ⅓ ی کۆی تووشبووانی سەلمێندراوی تا هەفتەی رابوردوو بوون. ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا رێوشوێنەکانی کەرەنتینی کۆمەڵگا هەر بەردەوامە. ئەگەر نزیکی 300 حاڵەتی نوێ لە هەفتەیەکی زۆر دڵخۆشکەردا، ببێت بە بارێکی ئاسایی و لێبگەڕێین تا دەدۆزرێنەوە، بە ئارەزووی پەتاکە خەڵکی دیکە تووش بکەن. لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەگەینە بارێکی زۆر مەترسیدار. ، جگە لەوە ئاستی تێستکردن و گەڕان بەدوای تووشبوواندا، لە هەرێمیش و سەرتاپای عێراق، تا ئێستا زۆر کەمە و تەنها گەیشتۆتە 37791 کەس. واتە لە کۆی هەر ملیۆن کەسێک لە عێراق تەنها 940 کەس تێست کراوە و رێژەی دۆزینەوەی تووشبووان بۆ تێست بریتییە لە 3.6 کەس بۆ هەر سەد کەسێک کە تێست کراوە.   ، بۆ زانینی ئەوەی کە عێراق چەند لە دوای وڵاتانی دراوسێیدایە لە تێستکردندا، ئەمە ژمارەی تێستکراوانی هەندێک وڵاتانی دەوروبەرە بۆ هەر ملیۆنێک لە دانیشتوانی وڵاتەکەیان: ، ئێران: 3279، تورکیا: 4868، ئوردون:2009، سعودیە: 3320، لوبنان: 2257. ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە تا ژمارەی تێستکراوان نەگەیەنرێتە ئاستێکی هاوشانی وڵاتانی دەوروبەر، هەڵوێستی چارەنووسسازی وەک لابردنی رێوشوێنەکان لەسەر بنەمای ژمارەکانی ئێستا بونیاد نانرێت. ، سەرهەڵدەداتەوە؟ ، پسپۆڕانی تەندروستی جیهان، بەوانەشەوە کە بەدەست ترەمپ و تووشبووانی دەردە ترەمپەوە دەناڵێنن، هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە تا پەیدابوونی ڤاکسینێک کە بەشێویەکی زانستی کارایی سەلمێندرابێت، هەڵەیەکی ترسناکە کە رێوشوێنەکانی کەرەنتین دەستکاری بکرێن. دەستکاری کردنیشیان دەبێت بەند بێت بە بەرز کردنەوەی ئاستی تێستکردن بە رادەیەک کە زۆربەی کۆمەڵگا بگرێتەوە. لە پاڵ ئەوەشدا دەبێت هەموو تووشبوان دەستبەجێ کەرەنتین بکرێن و هەموو ئەوانەی کە بە هەرشێوەیەک گومان لە بەرکەوتنیان دەکرێت بەو کەسانەوە، ئەوانیش تێست و کەرەنتین بکرێن. ، تا نەگەینە ئاستێکی وەها لە تێستکردن، هەڵەیەکی ترسناکە کە ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر ژمارەی تووشبووانی سەلمێندراویش زۆر کەم بۆوە.  ، لەهەمان کاتدا، پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوە دەکەن کە هیچ گەرەنتییەک نییە کە پەتای جیهانیی کۆرۆنا لە پایزی داهاتوودا بە سەختی نەگەڕێتەوە. ئەوان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە لە ئێستەوە کار بکرێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵچوونێکی فراوانی تووشبوون بە پەتاکە لە هەموو جیهاندا، لە پایزی داهاتوودا. ، خۆئامادەکردن بۆ پایز چۆنە؟ ، پێش هەموو شتێک، دەبێت کەم بوونەوەی کەیسە تازە رۆژانەکان هانمان بدات بە شێوەیەکی سیستەماتیکی تێستکردن بەرفراوان بکەین. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت تێستی خوێن بەشێک بێت لە کۆی تێستەکان کە دەکرێن. ، تێستی خوێن تێچوونی گەلێک کەمترە لە تێستی ناولووت، جگە لەوە ئاکامی تێستەکە لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەردەچێت و وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا خوێنی ئەو کەسە دژەتەنی تایبەت بە بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنای دروستکردووە یان نا؟ بوونی دژە تەن مانای وایە ئەو کەسە بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا و لەشی بەرەنگاریی کردووە. زانینی ئەمەش کاری گەڕان بەدوای ئەو خەڵکانەی کە لەگەڵ ئەم کەسەدا هەڵسوکەوتیان کردووە ئاسان دەکات تا تووشبووەکانی دیکە بدۆزرێنەوە. لە پاڵ ئەوەشدا ناسینی ئەو کەسانەی کە لەشیان دژەتەنی بەرەگاریی ڤایرۆسەکەی دروستکردووە لە لایەنی پزیشکییەوە متمانە بەو کەسانە دەدات کە لەمەودوا تووش نەبن و خوێنیشیان دەبێت بە سەرچاوەی جۆرێک لە چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لەشیان توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەی نییە و گیانیان لە مەترسی دەپارێزێت. ، بەواتایەکی دیکە پێویستمان بە تێستکردنی خوێنی زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتیان هەیە، تا تێستی ناو لووت، کە متمانەپێکراوترە، بۆ حاڵەتە گومانلێکراوە سیمپتۆماتیکەکان بەکاربهێنرێت. ، لەپاڵ ئەمەشدا پێویستمان بە خێرا بەرزکردنەوەی ژمارەی قەڵەوێرەی خەستەخانە و دەرچواندنی کادیری پەریستاری و پزیشکیی دواقۆناغی زانکۆ و پەیمانگا ودواناوەندییە پزیشکییەکانە. لەهەمان کاتدا لە ئێستەوە پێویستمان بە دابین کردنی ماسک و کەرەستەی خۆپاریزی و پێداویستییەکانی دیکەیە بۆ پایز. ، بژێوی، بژێوی، بژێوی! ، لە پاڵ ئەمانەشدا، بگرە لە سەروو ئەمانەشەوە، پێویستمان بە دابین کردنی بژێویی خەڵکە لە کاتی کەرەنتینی هەموو کۆمەڵگادا. بۆ ئەوەی رێوشوێنەکان بگەیەنین بە ئامانج دەبێت دڵەڕاوکیی خەڵک دەربارەی بژێوییان نەهێڵین. ژیانی ئابووریی خەڵک بەم زووانە ئاسایی نابێتەوە و کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسە ئیدارییەکان لەوە تێبگەن کە وادەی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاری بەرامبەر بژێویی کۆمەڵگای کەرەنتینکراو کۆتایی هاتووە و خەڵک لە توانایاندا نەماوە تەنها پشت بەخۆیان ببەستن.  ، ئەمە کێشەی تەنها هەرە بێدەرامەتترینی کۆمەڵگا نییە. بەڵکو کێشەیەکی گشتییە. دابین کردنی لانی کەمی خۆراک بۆ هەمووان، بە بووژاندنەوەی سیستەمی بیمەی خۆراک تاکە رێگەی بەرەنگار بوونەوەی ئەو کێشە گشتییەیە. ئەوەش بە سییستەمی داڕووخاوی بیمەی خۆراکی ئێستە ناکرێت و دەبێت ئەو سیستەمە بەرادەی کارایی لە 1990ەکاندا کارا بکرێتەوە و جارێکی دیکە ببێتە سیستەمێکی گشتگیر تا کاتی تێپەڕاندنی کەرەنتینی گشت کۆمەڵگا. ، لەم چوارچیوەیەدا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی "کاربەڕێکەر"ی عێراق، عادیل عەبدولمەهدی، بە بەخشینی نزیکەی 25 دۆلاری مانگانە بۆ هەر ئەندام خێزانێکی بێ دەرامەت، بە مەرجی تایبەت، کە تەنها 10 ملیۆن کەس دەگرێتەوە، بڕیارێکی بوودەڵەیە لە ئاستی گەورەیی کێشەکەدا و نیشانەیەکی دیکەی ناکارامەیی خۆی و کابینەکەی و ئەو پەرلەمانەیشە کە دەنگی پێدا. ، هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، کاتی ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتدارەکانمان کۆتایی بە گەمەی (چەندی مووچەی کام مانگ، کەی بدرێت؟) بێنن و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بەناوی کوردایەتییەوە کۆتایی پێ بێنن. لە سەروو هەمووشیانەوە، سیاسەتی شکستخواردووی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمە.  ، تا ئەو رۆژەی لە چوارچێوەی عێراقداین، بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا ئەرکی هەموو دەسەڵاتەکانە لە عێراق پێکەوە. پەتای کۆرۆناش مەترسییەکی چارەنووسسازە بۆ هەموومان. خۆپارێزیش لێی تەنها بە هەماهەنگیی هەموو کۆمەڵگا پێکەوە دەکرێت. بەرەنگاربوونەوەشی تێچوونێکی ئابووریی گەورە دەبێت. بۆیە ئێستە کاتی (ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە) نییە.