گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو مەرجی هەیە

هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا نيشاندا

2019.04.09 - 08:33

ناس كورد-

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەدوای كۆتایهاتنی داعش لەسوریا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا، بەڵام بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكانیان مەرجی خۆیان هەیە.

ئاژانسی هاوار نیوز بڵاوی كردەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند" بە دوو مەرج ئامادەین گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ توركیا بكەین".

فەرماندەی گشتی هەسەدە دوو مەرجەكەی خۆیان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی توركیا ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، دەبێت توركیا لەناوچەی عەفرین بچێتە دەرەوە و لەپاشان نابێت دەسەڵاتدارانی توركیا بەهیچ شێوەیەك هەڕەشە لەناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بكەن.

خستنەڕووی مەرجەكانی هەسەدە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا لەمیانەی ئەنجامدانی ئاهەنگێك خرایە ڕوو كە لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوری سوریاوە لە شاری كۆبانی ڕێكخرابوو و ژمارەیەك لە سەركردەی هێزەكانی هاوپەیمانان و بیرناد كۆشنێر وەزیری دەرەوەی پێشووی فەڕەنساش ئامادەی بوو، هاوكات مەزڵوم عەبدی لەو ئاهەنگەدا وتارێكی پێشكەش كرد.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات روونیكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری و سەربازیی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا ئامادەیە لە قۆناغی داهاتوودا دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا بكاتەوە و بۆ ئەوەش دەبێت سەرەتا توركیا هێزەكانی لەناوچەی عەفرین بكشێنێتەوە كە لەمانگی ئاداری 2018ەوە داگیری كردووە و دەبێت بۆ لەمەولاش هیچ هەڕەشەیەك لە ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا نەكات.

بەمافی هێزەكانی سوریای دیموكراتیشی زانی بەرگری لەناوچەكانی خۆیان بكەن و رووبەڕووی هەر هەڕەشە و هێرشێك ببنەوە كە دەبێتە هۆی نائارانی بۆ ناوچەكە.