گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

خزمه‌تگوزارییه‌كان هاوتای نرخەکان نین

سودمەندانی پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانى سكاڵا دەبەنە ئەنجومەنی پارێزگا

2019.04.08 - 20:57
سودمەندانی پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانى سكاڵا دەبەنە ئەنجومەنی پارێزگا

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

دانیشتوان و سودمەندانی نێو سیتییه‌كان له‌ سلێمانى، سكاڵاى خراپى ئاسایش و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکە.

بۆ بەدەمەوەچونی سکاڵاکانیان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لیژنەیەکی پێکهێناوە، ڕێكه‌وت زه‌كى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌ ناس كورد-ى ڕاگه‌یاند: "به‌شێك له‌ دانیشتوانى ناو پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون له‌ سلێمانى و سیتییه‌كان، سكاڵایان گه‌یاندۆته‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، و نیگه‌رانن له‌ نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و خراپى ئاسایش، لە کاتێکدا پارەیان بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە لێوەرگیراوە".

ڕێکەوت زەکی ئاماژەی بەوەشکرد، له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییەکانی ئەو هاوڵاتیانە ئه‌نجومه‌نى پارێزگای سلێمانی لیژنه‌یه‌كى دروستكردووه‌ و هەفتەی دوو ڕۆژ سەردان و بەدواداچوون بۆ تەواوی سیتییەکان دەکەن.

"به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كان ته‌واو نه‌بوون، به‌ڵام به‌شێك له‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ ته‌واو بوون، ده‌كرێت به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ڕێنمایى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ته‌نده‌رینى بۆ بكرێت و جارێكى دیكه‌ وه‌به‌رهێنێكى دیكه‌ وه‌ریبگرێت، ئه‌ویش پاش ده‌ركه‌وتنى خراپى ئاستى نرخ و كوالێتى، تا نرخه‌كانیان ڕێكبخرێته‌وه"، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت‌.

ئه‌وه‌شیخسته‌روو، دانیشتووانى ناو سیتییه‌كان سكاڵاكانیان له بارەی‌ ئاسایشى سیتییه‌كان و نه‌بوونى سه‌وزایى و ئاو و گرانى نرخى كاره‌با هەیە.

له‌ سنورى پارێزگارى سلێمانى 64 کۆمەڵگەی نیشته‌جێبوون هه‌یه کە وەک پڕۆژەی وەبەرهێنان دروستکراون و بە "سیتی"‌ ناسێندراون، لیژنه‌كەی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیش، نوێنه‌رانى فه‌رمانگه‌كانى ئاو، كاره‌با، وه‌به‌رهێنان، ئاگركوژێنه‌وه، شاره‌وانى، نه‌وت، كانزاكان، باخچه‌كان و قائیمقامیه‌تی تێدایە.