گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوو پرس تاووتوێ دەکرێن

سبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە پارتیش بە نایاسایی وەسفیدەکات

2019.04.08 - 19:20
سبەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە پارتیش بە نایاسایی وەسفیدەکات

 

 ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێكی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە بۆ تاووتوێكردنی چەند پرسێك، سەرۆکی لیستی برایەتیش لە پشکی پارتی، کۆبوونەوەکە بە نایاسایی وەسفدەکات.

 

ڕەعد ڕوشدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی سێشەممە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی دوو پرسی سەرەكی، پرسی یەکەم كاراكردنەوەی لیژنەكانی ناو ئەنجومەنەکەیە، پرسی دووەمیشیان تاووتوێكردنی نوسراوێكی پارێزگاری كەركوكە، كە تیایدا داوای لە ئەنجومەنەکە کردووە ڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر خەرجكردنی بڕێك پارە بۆ کەرکوک".

ئەو ئەندامە تورکمانەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی بەشداری لە کۆبوونەوەکە ناکات و بەو هۆیەوە ڕەنگە کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی 15 ئەندام بەڕێوەبچێت، ئاشکراشی کرد، "هەرلیژنەیەك لە لیژنەكانی ناو ئەنجومەنی پارێزگاکە پێكهاتوون لە 5 ئەندام، هەوڵدەدەین بڕیار بدەین لیژنەکان بکەین بە سێ ئەندام و کارایان بکەینەوە".

 

لە بەرامبەر ئامادەنەبوونی ئەندامانی پارتی لەو کۆبوونەوەدا، محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە پشکی پارتی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ناتوانێت بەبێ‌ ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی هیچ كۆبوونەوەیەك گرێ‌ بدات، ئەو جۆرە كۆبوونەوانەش هیچ شەرعیەتێكی نییە و نایاساییە".

"بۆ گرێدانی كۆبوونەوەیەكی یاسایی دەبێت 21 ئەندام لە كۆی 40 ئەندامی ئەنجومەنەکە ئامادەبن بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی وەربگرێت"، سەرۆکی لیستی برایەتی وای وت.

 

لە پاش ڕوداوەکانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چەند جارێك هەوڵی كۆبوونەوەی داوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەكانی كەركوك و تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، نەتواندراوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە گرێبدرێت.