گه‌ڕان

Shadow Shadow

ناردنە ماڵەوەی دەزگای دادوەری چ سوودێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا هەیە؟

2020.04.11 - 20:23

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری   لە رۆژی 14ی ئازارەوە، وەک بەشێک لە رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستن و کەرەنتینی هەموو کۆمەڵگا، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەموو دامودەزگاکانی حکومەت داخران. لە ئێستادا هەموو فەرمانبەرانی حکومەت لە پشوودان هەتا ئەو کاتەی کە جارێکی دی  ئاگادار دەکرێنەوە بە دەوام کردن. بنەما یاساییەکەی ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ بۆتە مایەی رەخنەی خەمخۆرانی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵک لە کوردستاندا. بەو پێیەی کارێکی وەها لە دەسەڵاتی نە وەزیری ناوخۆ و نە وەزیری تەندروستیدا نەبوو و دەبوا بە بڕیاری پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت ئەنجام بدرایە. بەڵام لێکدانەوەی لایەنگرانی ئەو بڕیارە ئەوەیە کە لەو دەسەڵاتانەوە سەرچاوەی گرتووە کە وەزیری تەندروستی،لە کاتێکدا کە تەندروستیی کۆمەڵ لە مەترسیدا بێت، هەیەتی، سەرەڕای ئەوەی یاسای تەندروستیی کۆمەڵ ئەو دەسەڵاتەی وەزیری تەندروستی تەنها لە ناوچەیەک یان شارێکدا سنووردار دەکات نەک لە سەرتاپای هەرێمێک یان وڵاتێکدا.  ، رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورخستن پێویستن ، بێگومان خودی بڕیاری سەپاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و کەرەنتینی هەموو کۆمەڵگا، بەجیا لە بنەما یاساییەکانی، مایەی دەستخۆشییە. چونکە لە توانای ژێرخانی تەندروستیی هەرێمدا نەبوو کە تێستی هەموو ئەوانە بکات کە گومانی تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا لێدەکرێت، نەتوانرا تەنها گومانلێکراوان کەرەنتین بکرێن. هەر بۆیە ئەڵتەرناتیڤی شیاو لەبەردەم دەسەڵاتە تەندروستییەکاندا ئەوە کە هەموو کۆمەڵگا لێکتر دووربخرێنەوە تا هەموومان لە کارەساتێکی کوشندە یەکتر بپارێژین.  ، دەزگای دادوەی و پەرلەمانیش چوونە ماڵەوە ، لەگەڵ داخستنی دەزگاکانی ئیدارەی حکومەتدا، دوای چەندین کاری وشەسازیی بەنرخ،  پەرلەمانی کوردستانیش بێ هیچ بڕیارێک دەرگای داخست و ئەندامانی لە ماڵەوە دانیشتن. دەستەی دادوەریی باڵاش بڕیاری دا کە هەموو بەشەکانی سیستەمی دادوەری بچنە ماڵەوە. ئەوە نزیکەی مانگێکە تەنها دادوەرانی لێکۆڵینەوە کار دەکەن و ئەوانیش  تا 8ی نیسان لە ماڵەوە و بە تەلەفۆن بڕیارەکانیان بە دەزگاکانی پۆلیس رادەگەیاند. لە دوای 8ی نیسانیشەوە هەفتەی دوو رۆژ هەر رۆژەی چوار سەعات و نیو لە هەندێک لە سەنتەرەکانی پۆلیس دەوام دەکەن. ، دادوەری لێکۆڵینەوە، سەرەڕای ئەوەی جومگەیەکی گرنگی سیستەمی دادوەرییە، بەڵام بڕیارەکانی لەسەر بنەمای نەبونی گومان لە تاوانباریی کەسێک نییە، بەڵکو بۆ بڕیاردانی دەستگیر کردنی کەسێک، دادوەری لێکۆڵینەوە تەنها پێویستی بەوەیە کە گومانێکی لۆژیکییانەی هەبێت لە تاوانباریی ئەو کەسە بۆ دەستبەسەر کردنی. هەر بۆیەشە دەسەڵاتەکانی سنووردارن بەوەندەی تا دادوەرێک کەیسەکە دەبینێت. بە واتایەکی دیکە لە 14ی ئازارەوە سیستەمی دادوەری پەکخراوە لە کوردستاندا. ، بۆچی؟ ، هەرچەندە هۆکاری رەسمیی ئەم بڕیارەی دەزگای دادوەری باڵا بریتییە لە کەمکردنەوەی لێکنزیکی و بەریەککەوتنی خەڵک و سەرخستنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام دووریش نییە لەلای ئەنجومەنی باڵای دادوەری، تەنانەت پەرلەمانیش، قەناعەتێکی ئەوتۆ هەبێت کە ئەوان بەشێک بن لە سیستەمی خزمەتگوزارییەکانی دەسەڵاتی بەرێوەبردنی هەرێمی کوردستان و کاتێک ئەو دەسەڵاتە پشوو رادەگەیەنێت، پشووەکە ئەوانیش دەگرێتەوە. بیرکردنەوەیەکی لەم جۆرە، ئەگەر بنەمای ئەم بڕیارەیان بێت، ئەوا شێواندنێکی سوریالیی لانی کەمی پرانسیپەکانی دێمۆکراسییە و نیشانەی ملکەچیی هەردوو دەزگای یاسادانان و دادوەرییە بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، کە لەکاتێکدا بنەماکانی دێمۆکراسی بە دوو دەزگای هاوشانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنیان دادەنێت. بەداخەوە لە دەڤەری ئێمەدا بەڵگە و نموونە زۆرن بۆ ملکەچ بوونی هەموو بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن وحوکمڕانی لەسەر شێوازی نزیکتر بە خێڵایەتی وەک لە سیستەمی مۆدێرنی دێمۆکراسی. ، دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، لە سیستەمی سیاسیی فێدراڵیدا، دەبێت بەشێکی دانەپچڕاوی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بێت. کەچی سەرەڕای ئەوەی کار لە بەشێکی دەزگاکانی دادوەری لە عێراقدا راگیراون، بەڵام هەمووی نا. دادگاکانی تاوان، مێردمنداڵان، دادگای تایبەتی تێرۆر و دادگای تایبەتی گەندەڵکاری، لە بەشەکانی دیکە عێراقدا، لەسەر کارەکانیان بەردەوامن. ئەم جیاوازییە لە نێوان هەرێم و عێراق بۆچی؟ ، داخستنی دەرگای دادگاکان لە کاتی پەتادا باشە یان هەڵەیەکی ترسناکە؟ ، لە ئەنجامی رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورگرتن و قەدەغەی هاتوچۆ وەک تاکە مێکانیزمی کاریگەری بەرەنگار بوونەوەی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، بە تایبەتی پاش ئەوەی پێناچێت دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق، تا ئێستە ئامادەبن بژێوی ئەو خەڵکە دابین بکەن کە بە فەرمانی ئەمان لە ماڵی خۆیان دانیشتوون و زۆربەیان توانای پەیداکردنی بژێوییان نەماوە. لەم کاتانەدا شتێکی چاوەڕوانکراوە کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنجامی پێکەوە حەبسبوون لە ماڵەکاندا و لە ئەنجامی تەشەنەسەندنی نەبوونی و بێکاری بە شێوەیەکی روو لە زیاد بوو وەک پەتایەکی دیکە بڵاو ببنەوە. ، بێبەشکردنی خەڵک لە رێگەچارەی یاسایی و لە متمانە بە کارایی یاسا، ئاکامی ترسناکی دەبێت. چونکە گەر خەڵک بێ هیوابوون لەوەی یاسا مافیان بۆ بسەنێت، ئەوا روو دەکەنە دەرەوەی یاسا بۆ چارەسەر. لەدەرەوەی یاساش پەیوەندییە توندوتیژەکانی خێڵایەتی و تاقمی چەکدارو و حیزب حیزبێنە هەیە کە ئەگەر خەڵک ناچار بکرێن، ئەوا پەنایان بۆ دەبەن، ئەمەش وێنەیەکی ترسناکە کە هیوادارین نەیبینین بە چاو. لە دەزگا دادوەرییەکانی عێراق، پێدەچێت لێگەڕێن تا خەڵک کێشە مەدەنی و بازرگانییەکانیان هێندە قووڵبێتەوە کە پەنا بەنە بەر توندوتیژی، ئەوسا دەرگای دادگا تایبەتەکانی تاوان و تێرۆریزم بەڕوویاندا دەکرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، تەنانەت ئەوکاتیش دەرگای دادگاکان ناکرێتەوە. ، بەکورتی و بەکوردی، پاراستنی خەڵک بە خۆلێکبەدوورگرتن کارێکی هەرە پێویستە بەڵام بەدوورگرتنیان لە دادگاکان، بمانەوێت و نەمانەوێت، داوەتنامەیە بۆ گرتنەبەری توندوتیژی و رێی تاوان لە کاتێکی زۆر ناسکی میحنەتی کۆمەڵایەتیدا. ، دادوەرە بەڕێزەکانمان شایانی پاراستنن ، بانگەشە بۆ واڵاکردنی دەرگای دادگاکانمان مانای وا نییە کە گیانی دادوەر و کارمەند و پارێزەرەکانی وڵاتەکەمان لێ زیادە و باکمان نییەتووشی پەتا ببن… لە جیهانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی ئەمڕۆدا زۆربەی هەرە زۆری کارەکانی دادگا دەکرێت بە شێوەی خۆلێکبەدوورخستن، وەک ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران و زۆر لە زانکۆکان ئەنجامی دەدەن، بکرێت. تێچوونی ماددی رێکخستنی سیستەمی بە ئینتەرنێت پێکەوەبەستراوی کامیرا و دەنگ زۆر کەمترە لە تێچوونی راگرتنی بینای دادگاکانی هەرێم. ئەم شێوازە لە کارکردن لە سیستەمی دادوەری زۆربەی دونیادا گەلێک پێش تەشەنەکردنی کۆرۆناوە بەکاردێت.  ، ژیان و تەندروستیی دادوەرەبەڕێزەکان هەموو ئەوانەی هیوامان بە سەروەریی یاسا لەم کاتە دژوارەدا بەرز رادەگرن، گەلێک بەنرخە...بەڵام هەروەها بەهاکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسا. پاراستنی یەکێکیان ناکرێت لەسەر حیسابی ئەوی دی بێت.