گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئێران ناساندویەتی و تەنها فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ماوە

سەیرانبەن وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە

2019.04.08 - 16:58
سەیرانبەن وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی  ناسێندراوە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

دەروازەی سنوریی سەیرانبەن وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی ناسێندراو، نوێنەری دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان لە حکومەتی عێراقی ڕایگەیاند، چاوەرێدەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فەرمانەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەربکرێت.

 

سالار عەبدوڵا نوێنەری دەروازە سنورییەكانی هەرێم لە حکومەتی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "دوای سەردانی شاندێكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق بە مەبەستی ناساندنی چوار مەرزی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی، لەلایەن هەمان شاندەوە مەرزی سەیرانبەنی سنوری قەزای پێنجوێن وەک دەروازەیەکی نێودەوڵەتی نێوان عێراق و ئێران ناسێندرا".

 

عەمید سالار عەبدوڵا ئەوەی ئاشکرا کرد، ڕەزامەندی وڵاتی ئێران بۆ بەفەرمی ناساندنی ئەو مەرزە وەک مەرزێکی نێودەوڵەتی، "زۆر گرنگ بووە"، وە ئەو ڕەزامەندییە گەیشتۆتە دەست شاندە عێراقییەکەش، ئێستا تەنها فەرمانێک ماوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەربچێت بۆ ئەو مەبەستە.

 

"لە ڕووی ستانداردی جیهانییەوە  مەرزی سەیرانبەن هیچ كێشەیەكی نییە، ڕووبەری مەرزەكە 44 دۆنمە، لە ئێستاشدا هەوڵدەدرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی  كوردستانەوە ڕووبەری مەرزەكە بكرێت بە 100 دۆنم بۆ باشتركردنی  هاتوچۆ لەو دەروازەیە"، نوێنەری دەروازە سنورییەکانی هەرێم وای وت.

 

لە بارەی نەناساندنی مەرزی "تەوێڵە" وەک دەروازەیەکی سنوریی نێودەوڵەتی، عەمید سالار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، تەنها گرفتێک لە مەرزی تەوێڵەدا هەیە ئەوەیە تا ئێستا كۆماری ئیسلامی ئیران ڕەزامەندی نەداوە لەسەر كردنەوەی ئەو دەروازە سنورییە.

شاندێکی دەستەی دەوازە سنورییەکانی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانیان کرد بە مەبەستی بە نێودەوڵەتی ناساندنی چوار دەروازەی سنوریی، لە دوایین سەردانیشیاند بڕیارە سەردانی دەروازە سنورییەکانی "كێلێ و پشتە" بکەن و ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.