ناس كورد-
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی گۆڕان رەخنە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و بەو جۆرە وێنای دەكات كە تەنانەت نازانێت مووچەش دابەش بكات.
كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەژماری خۆی لەفەیسبوك نووسینێكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كە سەرەڕای ئەوەی بەمدواییە تەواوی مووچەی مانگی (3) و جیاوازیی مووچەی مانگەكانی (1 و 2) لەبەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە، كەچی حكومەتی هەرێم، هێشتا مووچەی مانگی 1ی دابەش نەكردووە.
پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لەنووسینەكەیدا، حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی كە نابەرپرسیارانە پشتی كردۆتە ئەركی دابینكردنی مووچەی خەڵك و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەرێم زیاد لە پارەی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ دابەشكردنی مووچە و تانەیان لێدەدات بەوەی "حكومەتی هەرێم تەنانەت نازانێ مووچەش دابەش بكات".
كاوە محەمەد پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە هۆكاری دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هۆكارەكەی نەزانینی حكومەتی هەرێم نییە و بەبڕوای ئەو "هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئێمە تا ئێستا حكومەتمان نیە، بەڵكو ئەوەی هەیە و حوكم دەكات، چەند گروپێكی مافیایین و تەواوی بودجەی عێراقیشیان بخەیتە بەردەست، خەڵك هەر لەكاتی خۆیدا مووچەی خۆی پێ نادرێ".
جەختیش دەكاتەوە "گۆشت بە پشیلە بسپێردرێت، ئەنجامەكەی هەر ئەمە دەبێت".