گه‌ڕان

Shadow Shadow

تەنها بە کەرەنتین ئینسان ناژی

2020.04.08 - 11:47

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری دوێنێ 7ی نیسان، ژمارەی تووشبوانی سەلمێندراو بە پەتای کۆرۆنا لە عێراق هەزار کەسی تێپەڕاند. سەرەڕای ئەوە، رێژەی تەشەنەکردنی پەتاکە لە عێراقدا، خۆشبەختانە، هێشتا لە ئاستی تەشەنەکردنی لە وڵاتانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسپانیا و ئێران و بەریتانیا نییە. بڕوانە هێڵکاریی لۆگاریتمیی تەشەنەکردنی پەتاکە لەو وڵاتانەدا بە بەراوەرد بە عێراق. بەڵام بۆ وڵاتێکی وێرانەی وەکو عێراق ئەوە سەرەتایەکی ترسناکە کە هەفتانە ژمارەی تووشبوان دەبن بە زیاد لە دوو ئەوەندە. ئەگەر هەفتەی داهاتوو هاوشێوەی هەفتەی رابوردوو بێت. ئەوا تا 14 ی مانگ ژمارەی تووشبووان 2500 کەس تێدەپەڕێت. کۆتایی مانگیش ژمارەکە دەگاتە 15 هەزار کەس. . جێی داخە کە زیاد لە مانگێک تێپەڕی لەوەتەی بەرپرسانی تەندروستی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم پەتایەیان بە جیددی گرتووە، کەچی لە کەرەنتینی هەموو کۆمەڵگا بەولاوە، شتێکی ئەوتۆیان پێ نەکراوە. ئاستی جێبەجێکردنی کەرەنتینی کۆمەڵگا و رێوشوێنەکانی خۆلێکبەدوورگرتن لە شارێکەوە بۆ شارێک و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی عێراق جیاوازییەکی زۆر گەورەیان هەیە. ژمارەی تووشبووانی سەلمێندراو لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ⅓ ی تووشبووانی سەلمێنراوی هەموو عێراقە. کەچی رێوشوێنەکان لە هەرێمی کوردستان، بە هەموو کەموکوڕییەکەوە، زووتر و تۆکمەتر لە هەموو عێراق دەستی پێکرد. ئەمە تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە تێستکردن لە هەرێمی کوردستان زۆر لە پێشتر و چالاکترە وەک لە بەشەکانی دیکەی عێراق. کەواتە ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان لە عێراقدا تێست نەکراون و نەدۆزراونەتەوە. لە بەرامبەر بەم ناڕوونییەی بەرچاوی دەسەڵاتە پزیشکییەکادا، جگە لە بەردەوام بوون لە کەرەنتین کردنی هەموو کۆمەڵگا ، ئامڕازێکی کاریگەری دیکەمان بەدەستەوە نەماوە. . بەڵام کەرەنتین بە گیرفان و سکی بەتاڵ ناکرێت   پاش تێپەڕبوونی زیاد لە مانگێک لە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و ئاکامە ئابوورییەکانی، ئەگەر  پارە و زەخیرەی کۆکراوەی زۆربەی هەرە زۆری خانەوادەکان لە کوردستان و عێراقدا تا ئێستە تەواو نەبووبێت، ئەوا روو لە تەواوبوونە. لە وڵاتێکدا کە لە پێش کۆرۆناشدا، نیوەی هاووڵاتیانی لە دەوروبەری هێڵی فەقیرحاڵی وڵاتەکەیاندا دەژیان، پاش مانگێک زیاتر لە کەرەنتینی کۆمەڵایەتی، ئەوا ئەوانەی لەدەورەبەری هێڵی هەژاری دەژین لە نیوەوە بوون بە زۆرینە. بڕوانە ئەم هێڵکارییەی خوارەوە کە بانکی نێودەوڵەتی دەربارەی هەزاری لە عێراقدا بڵاوی کردۆتەوە: تەوەری ئاسۆیی پێوەری دەرامەتی مانگانەی تاکەکەسە بە هەزار دیناری. تەوەری شاقووڵی رێژەی خەڵکی عێراقە لە هەر ئاستێکی دەرامەتدا. ئاستی هەژاری بە نزیکەی 77 هەزار دینار لە مانگێکدا بۆ هەر سەرخێزانێک دیاری کراوە. چەماوە شینەکە دابەشبوونی دانیشتوانی شارەکانە بەسەر ئاستی دەرامەتدا (رێژەی چەندی هاووڵاتیان، چ دەرامەتێکیان هەیە) چەماوە سوورە پچڕپچڕەکەش هی گوندنشینانی عێراقە.هێڵە شاقووڵییە خاڵخاڵە شینەکە هێڵی جیاکەرەوەی نیوەی دانیشتوانی شارەکانە و سوورەکەش نیوەی گوندنشینانە. وەک دیارە نیوەی دانیشتوانی عێراق، یان لە خوار ئاستی هەژارییەوەن، یان لەو ئاستەدان یان ئەوپەڕەکەی بە نزیکەی 100 دۆلارێکی مانگانە لەو ئاستە حاڵیان باشترە. . ئەم جۆرە لە دابەشبوونی دەرامەت زەنگی ئەوە لێدەدات کە بەردەوام بوونی قەدەغەی هاتووچۆ، سەرەڕای ئەوەی تەنها ئامرازی کاریگەری پاراستنمانە لە مەرگێکی گشتگیر، هەرەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی هاووڵاتیان بگەیەنێتە ئاستێک لە کەم خۆراکی کە بەردەوام بوونی ژیانیان بخاتە ژێر مەترسییەوە.  . بێگومان ترس لەوەدایە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ ناچاربن سەرپێچی بکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی نان و بژێوی، بەهەر شێوەیەک بێت، بدەن. هەفتەی رابوردوو حاڵەتێکی لەو جۆرە لەشاری ناصریەی سەنتەری هەژارترین پارێزگاکانی عێراق، کە ذی قارە روویدا و خەڵک بە لێشاو رژانە سەر جادەکان بۆ داواکردنی مافی بژێوی لە کاتی کەرەنتینکردنی کۆمەڵگادا. جێی داخە کە دەسەڵاتە ئیدارییەکەی شاری ناصریە، وەک پیشەیان لە مانگانی رابوردوودا، لە تەقەکردن لە هاووڵاتیان چی دییان پێ نەکرا. . دابینکردنی بژێویی خەڵک لە کاتی کەرەنیندا خولیایەکی دادوەریی کۆمەڵایەتیی چەپڕەوانە نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێداویستییە تەندروستییەکانی پاراستنی هەموومان، بە دەوڵەمەندەکانی عێراق و کوردستانیشەوە. بۆ ئەوەی کەرەنتین سەربگرێت و ژێرخانی تەندروستیی وڵات بەرگەی هەموومان بگرێت، دەبێت نەهێڵین خەڵک لە تاو برسێتی و نەبوونی لە کەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ یاخی ببن. ئەوی لە ذی قار روویدا تەنها پێشەکیی فلیمەکەیە، گەر کاری جیددی نەکرێت لە سەرتاسەری عێراقدا، بە کوردستانیشەوە، یاخی بوونی بەکۆمەڵ دووبارە دەبێتەوە.  . جاران ئەگەر کەسێکی دەستڕۆیشتوو بارودۆخی وڵاتی بەدڵ نەبوایە، خۆی و خێزانی دەپێچایەوە و رووی لە وڵاتێکی خۆشگوزەرانی جیهان دەکرد و، تا بارودۆخی وڵات بەلای خواستی ئەو نەگەڕایە، ئەویش و خێزانیشی نەدەگەڕانەوە. بەڵام ئێستە ئەو ئەڵتەرناتیڤە لەبەردەم دەوڵەمەندەکانی وڵاتدا نەماوە. کاری جیددی بۆ چەسپاندنی رێکارەکانی خۆلێکدوورخستنەوە و کەرەنتینی هەموو کۆمەڵگا لە بەرژەوەندیی ئەوانەشە کە تا پێش کۆرۆنا باکیان نەبوو چی بەسەر هەژار و نەداری ئەم وڵاتەدا دێت. . بیر لە داهێنانی (تایە) مەکەنەوە!   وەک چۆن دوای نزیکەی 5500 ساڵ لە دۆزینەوەی تایە،  ئەمڕۆ گەڕان بە دوای داهێنانی تایە، جۆرێکە لە کات و ئەقڵ بەفیڕۆدان، بە هەمان شێوە گەڕان بەدوای مێکانیزمێکدا بۆ زامنکردنی بژێویی هاووڵاتیان لە کاتی کەرەنتین کردنی کۆمەڵگادا، کات و ئەقڵ بەفیڕۆدانە. چونکە هەر لە دوای شەڕی داگیرکردنی کوێت و ئابڵۆقەی ئابووریی جیهانی لەسەر عێراق، لەڕیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەرنامەیەک پیادەکرا کە ژیانی چەندین ملیۆن ئینسانی عێراقیی لە لەبرسا مردن رزگارکرد. ئەویش سیستەمی ناسراو بە (بایەعی) یان (پسووڵەی خۆراک) ە. ئەو سیستەمە لە میحنەتی گەمارۆی ئابووریی 1990 ەکاندا، هەموو ماڵێکی بەبێ جیاوازی گرتەوە و بڕبڕەی پشتی ژیاندنی زۆربەی خەڵکی عێراق بوو. کەم و کوڕیی ئەم سیستەمە شارەوا نەبوون. گەندڵی هەبوو، لەوەڕاندنی دەزگا نێودەوڵەتییەکانی سەرپەرشتیاری پرۆگرامەکە لەسەر ورگی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە هەبوو، خراپیی کوالیتی خۆراک و پێداویستییەکان هەبوو...بەڵام بە شیوەیەکی گشتی ئەو پرۆگرامە نەبوایە کارەساتی مرۆیی ئابڵۆقەی ئابووریی 1990ەکان دەیان ئەوەندە زیاتر دەبوو. . ئەو بەرنامەیە چیی لێ بەسەر هات؟   لە دوای رووخاندنی رژێمی سەددام و داگیرکرنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەرنامەی پسووڵەی خۆراک، وەکو هەموو دامودەزگا و بەرنامەکانی حکومەت کەوتە دەست دەسەڵاتدارە نوێیەکانی عێراق، کە دوو سیفەتی زۆر ترسناک، بە جیاوازیی مەزهەبی و ئیثنی و کولتوورییانەوە، کۆیان دەکاتەوە: . یەکەم: هەموو شتێکی دوڵەت لەلایان وەکو دەستکەوتی جەنگ وایە و بە تاڵان بردنیان لەلای ئەوان کردارێکی ئاسایی سەرکەوتووانی جەنگە. تەنها کایەی جیاوازبوونی سیاسی لە یەکتر لەلایان بریتییە لەوەی کێ چ پارچەیەکی دەوڵەتی بەردەکەوێت بۆخۆی بیڕووتێنێتەوە! . دووەم: وەک بەشێک لە قەبوڵ کردنیان لە یانەی براوەکان، هەڵگری ڤێژنێکی کاڵوکرچی سەرلێشێواون لە ئایدیۆلۆژیای نێۆلیبرالیزم، پێیان وایە ئاسن تا گەرمە دەبێت بکوترێت و بە ناوی دابڕینی وڵات لە کولتووری رژێمی تۆتاڵتاری بەعس دەبێت هەموو پرۆگرام و دامودەزگاکانی کەرتی گشتی هەڵبوەشێنرێنەوە و بژێویی کۆمەڵگا بدرێتە دەست کەرتی تایبەتی هەڵقوڵاوی بەتاڵانبردنی دەوڵەت و دەزگاکانی، کە خۆیان خاوەنین. . هەتا ساڵی 2010 بەرنامەی پسووڵەی خۆراک هێندە گەندەڵیی تیاکرا، کەس نەما لە وڵاتدا بڕوای مابێت بەوەی ئەو بەرنامەیە بەشێکی متمانەپێکراوی بژێوییان بێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەرنامەکە بۆ هەموو دانیشتوانی عێراق بوو، هەموو کەس بە چاوی خۆی دابەزینی کوالیتیی بابەتەکانی بایەعییەکەی دەبینی و گەندەڵکارانی ئەم پرۆگرامە، سەرەڕای دەستکەوتی زۆریان توووشی حەیاچوونی گەورە بوون. . سنگەخشکێی نێۆلیبرالیزم   لەپاڵ ئەوەشدا، لەگەڵ بەهەدەردانی ملیارەها دۆلاری سەروەت و سامانی گشتی لە عێراقدا، تەنگوچەڵەمە داراییەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق زیادیان کرد و رووکرایە دەزگا نێودەوڵەتییەکان بۆ یاریدەدانی عێراق. لەوێوە دەرگا بۆ بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی ئابووریی عێراق واڵا بوو. بە هاندانی ئەم دوو دەزگایە کۆمەڵێک سیاسەتی قاڵبی حازری نێۆلیبرالی کران بە سیاسەتی رەسمی لە عێراقدا. دەوڵەت بەپێی ئەم سیاسەتە نێۆلیبراڵانە، دەبوا بچووک بکرێتەوە و رێژەی یارمەتییە راستەوخۆکانی دەوڵەت بۆ هاووڵاتیان دەبوا بە پەلە کەم بکرێنەوە تا رادەی نەهێشتنیان. لە 2010 ەوە لەژێر چاودێری و رێنمایی بانکی نێودەوڵەتی پلانێکی 5 ساڵی داڕێژرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی پسووڵەی خۆراکی، بەوپێیەی کە بەرنامەیەکی گرانبەهایە، خێری بۆ هاووڵاتیان بە جۆرێکە کە بۆ هەر دۆلارێک دەگات بەوان، 6 دۆلار سەرف دەکرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی بەرنامەکە سیستەمی نرخ لە بازاڕدا دەشێوێنێت و رێگە لە کەرتی تایبەت دەگرێت. بڕیار درا لە ماوەی 5 ساڵدا ئەو بەرنامەییە لە بەرنامیەکی گشتگیرەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان بکەن بە بەرنامیەکی تایبەت بە یارمەتیدانی هەژارترین هەزارەکانی عێراق و بودجەکەی بەرەبەرە ئەوەندە کەم بکەنەوە کە خەڵک بۆ بەرنامە ئاساییەکانی بیمەی بێکاری و یارمەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و لەوجۆرە پرۆگرامانە بۆ یارمەتی بگەڕێت، نەک چاوەڕوانی پسووڵەی خۆراک بن. ئەمەی خوارەوە ئەو هێڵکارییەیە کە لەسەر کاغەز روونی دەکاتەوە چۆن ساڵ بەساڵ بەرنامەی پسووڵەی خۆراک کەم دەکرێتەوە و هەر لەسەر کاغەز چۆن بەرنامە تایبەتەکانی یارمەتیدان جێی دەگرنەوە. بە شیوەیەکی پراکتیکی دەست کرا بە کەم کردنەوەی بودجەی پرۆگرامی پسووڵەی خۆراک: ساڵی 2009 ئەم پرۆگرامە 5.6٪ ی بەرهەمی نیشتمایی بۆ تەرخان کرا. ساڵی 2010 بوو بە 3.7٪، ساڵی2011 بوو بە 2.8...ساڵی رابوردووش بوو بە تەنها 1٪ ی بوودجەی تەرخانکراوی حکومەتی عێراق.  . ئەو بەرنامەیەی 1990ـەکان نەماوە . ئەوجا لەبەر ئەوەی تەنها خێزانە هەرەدەستکورتەکان سودمەندن لەم پرگرامە، ئەوانیش لە لای دەسەڵاتی سیاسیی عێراق هیچ بەهایەکیان نییە، کوالیتییی بەرنامەکە بە شێوەیەکی ترسناک دابەزیوە. لە ئیستادا بڕی پارەی سەرفکراو بۆ هەر سەرخێزانێک لە مانگێکدا لە 15$ تێناپەڕێت و کەمتر لە ⅓ دانیشتوانی عێراق لێی سوودمەندن لەم پرۆگرامە. . هەفتەی رابوردوو لە سۆسیال میدیا هاووڵاتییەکی عێراقی لە ڤیدیۆیەکدا ئەوەی لە رێی ئەم پرۆگرامەوە  لە مانگێکداوەریگرتوە، دەخاتە روو، ئەویش بریتییە لە 3 بوتڵ رۆنی گەنمەشامیی بچووک و 5 کیلۆ شەکر. . بەرنامەی پسووڵەی خۆراک دەبێت کارا بکرێتەوە   ئاشکرایە کە بەم ڤێرژنە نێۆلیبرالەی ئێستای ئەم پرۆگرامە بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئاکامە ئابوورییەکانی ئەنجام نادرێت. بۆیە پێویستە: . یەکەم: بەرنامەکە دستبەجی بکرێتەوە بە بەرنامەیەکی سەرانسەری بۆ گشت دانیشتووانی عێراق، بەوانەشەوە کە لەبەر بێ بەهایی پرۆگرامەکە لە ئێستادا خۆیان ناونووس نەکردووە. . دووەم: کاری سەرپەرشتیی و بەڕێوەبردنی پرۆگرامەکە بدرێتە دەست پسپۆڕانی لۆجستیی سوپا، ئەوانەی کە لە شەڕی داعشدا توانای رێکخستن و بەرێوەبردنیان لە شەرەکەدا دەرکەوت. . سێیەم: ‌هێزە سەربازییەکان لە ژێر ئەمری دەزگا لۆجستیی سوپا بەکرداری دابەشکردنی هەستێت. . چوارەم: دابەشکردن بکرێت بە کارێکی هەفتانە. . پێنجەم: بەشی هەر سەرخێزانێک بکرێت بە لانی کەم 100$ لە مانگێکدا. . شەشەم: بەشێکی روو لە زیادبووی بابەتەکانی پسووڵەکە بەروبوومی کشتوکاڵیی ناوخۆبن و راستەوخۆ لە جوتیاران و بەرهەمهێنەران بکڕدرێن. . حەوتەم: ئەم بەرنامەیە وەک بەرنامەیەکی ئیمێرجنسی بناسرێت و لانی کەم تا 4 مانگ بەردەوام بێت و لانی کەم ⅓ ی هەموو بودجەی حکومەتی عێراقی بۆ تەرخان بکرێت. .   ژیاندنی 38 ملیۆن ئینسان بۆ ماوەی 4 مانگ ئەرکێکی زۆر قورسی وڵاتێک نییە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا زیاد لە 4 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا. پرسیار لەوەدا نییە ئایا لە رووی داراییەوە دەرقەتی دێین یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا توێژی سیاسەتمەداری مشەخۆری عێراق ئامادەیە لەپێناوی نەمردنی ئەوانەی خوێنیان دمژێت، بە شێوەیەکی کاتی لە خوێنمژین رابوەستێت؟    .