گه‌ڕان

Shadow Shadow

لەگەڵ هیوای سەلامەتیدا بۆ قومارچییە بەڕێزەکان

2020.04.05 - 23:13

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری . چەند ساڵێکە دەیانبینم، لە کاتی جیاوازی رۆژ و شەودا. باڵا بەرز وباریک، کوڕ وکچ بە یونیفۆرمی پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش و کراسی سپی. پێڵاوی رەش و بریسکەدار. هەندێکیان یەلەگێکی گوڵگوڵی لەبەر دەکەن. ئەوە هێمای ئەوەیە کە سەرپەرشتیاری گرووپەکەن. . هەر کۆمەڵێکیان پاسێکی بچووک دێت بە شوێنیاندا و پاش تەواو بوونی کاریان دەیانهێنێتەوە. هەموویان رووسن و لە رەچەڵەکی جیاوازی وڵاتێکی فراوانی وەکو رووسیاوە دێن. هەندێکیان چاوشین و قژ زەرد، هەندێکی دیکەیان چاو بچکۆلە و رەشتاڵ و هەندێکی دیکەیان هیچ جیاوازیی ناکەیت لەگەڵ شارەزوورییەک تا گوێت لێی دەبێت بەوی تەنیشتی دەڵێت: پریڤێت (مەرحەبا بە رووسی)!. . ئەمانە دیمەنی دووبارەبووی بەردەم کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی داخراوە کە ئەم پۆلە گەنجە رووسییەی تیا دەژین لەناو سەدان ماڵی دیکەدا. ئەمانە کرێکاری دیڵەری قومارخانەیەکی کوردستانن لە سلێمانی. . دوێنێ و ئەمڕۆش (کە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆی موحەسسەنی هەموو هەرێمی کوردستان بوون) هەمان دەستە کارگەری قومارخانەکە، بە هەمان باڵای بەرز و جلی ئوتووکراو وپێلاوی بریسکەدار سواری پاسەکەیان بوون بەرەو شوێنی کاریان. ئەم دیمەنە خستمیە شکەوە. لە دڵی خۆمدا گوتم تۆ بڵێیت دیبلۆماتکار نەبن و نەمزانیبێت؟. . کەرتێکی ئابووریی شاراوە . قومارخانە دامەزراوەیەکی بازرگانییە لە هەموو شوێنێکدا کە بزنسی سەربەخۆ قازانجی زیاد لە ئاسایی بکات ئەمانە وەکو قارچکی بەهارە لەوێ هەڵدەتۆقێن. لە پۆلێنکردنی ئابوریی جیهانیدا لە گروپی کەرتی ئابووریی یارییەکان و کات بەسەربردن دادەنرێن. بەڵام لە کۆمەڵگایەکی وەکو کوردستاندا  قومارکردن هێشتا بە یاری و کات بەسەربردن دانانرێت بەڵکو لای خەڵکێکی زۆر بە کارێکی خراپ دادەنرێت. بێگومان قومارکردن و ئاڵوودەبوون بە قومارکردن دوو شتی زۆر لە یەکدی جیاوازن، هەروەک چۆن ئەلکۆهۆل خواردنەوە و ئاڵوودەبوون بە ئەلکۆهۆل دوو شتی جیاوازن. . لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە قومارخانەیان تێدایە، بەپێی یاسا ئەگەر کەسێک بە ئاڵوودەبووی قومار بناسرێت، قومارخانەکان دەبێت نەهێڵن بچنە ژوورەوە، جگە لەوە پارەی بینینی پسپۆڕی پزیشکیی راوێژکاری ئاڵوودەییش دەدەن بۆ هەرکەسێک ئەوان بە ئاڵوودەبوو دەستنیشانی بکەن. . قومارخانە وەک دەزگای پارە شۆردنەوە . بێگومان خۆشباوەڕییە گەر قومارخانەکان تەنها بە شوێنی یاری و کات بردنەسەر دابنێین، چونکە مێژووی ئەم دامەزراوە بازرگانییانە لە هەموو جیهاندا گرێدراوە بە مێژووی باندەکانی تاوانەوە. قومارخانەکان ئەو شوێنانەن کە باندەکانی تاوان پارەی سەرچاوەی رەشی بۆ دێنن و لەوێ سپیی دەکەنەوە. واتە هەرچی مامەڵەی ئاڵوگۆڕی پارەیان هەیە لە رێگەی دۆڕان و بردنەوەی قومارخانەکان لە پارەی رەشەوە دەیکەن بە پارەیەک کە یاسا بۆی نەبێت بەدوایدا بچێت. . بەڵام لە دوای راپەڕینی 1991 ەوە پارەی رەش و سپی بە جۆرێک لە کوردستاندا دەستلەملانی یەکتر بوون کە دەزگایەکی وەکو قومارخانە بۆ مەبەستی سپیکردنەوەی پارە پێویست نییە. لە وڵاتی ئێمەدا کەسانێک هەن کە دوێنی لەڕ و لات بوون و ئەمڕۆ بە "ملوێن" ناڵێن پارە، کەس لێرە خۆی ئەوەندە شەرمەزار ناکات لێیان بپرسێت: مین ئەینە لەکە هازا؟! . لەبەر ئەوە گەلێک بەلامەوە سەیرە کە ئەم کەرتی "یاری کردن و کات بردنەسەر"ەی کوردستان بۆچی وا بە نهێنی کار دەکات و خاوەن قومارخانەکان بۆچی بڤەیە ناویان بێنین، ئەی ئەوە نییە خاوەن قومارخانەیەکی فاشیل ئێستە سەرۆکی زەبەلاحترین وڵاتی جیهانە؟. . حیکمەتەکەی مێجەر سۆن . کاتێک سوپای بەریتانیا سلێمانیی داگیرکرد، لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، مێجەر سۆن ی حاکمی سیاسیی سلێمانی هەوڵی دا قەناعەت بە دەسترۆیشتووانی بازرگانی و ئاینیی شارەکە بکات کە کردنەوەی دەزگایەکی لەشفرۆشی لەژێر چاودێریی پزیشکیدا شتێکی باشە. بۆ ئەو مەبەستە نموونەی ئاودەستی بەکار هێنا و گوتی پیسایی کردن یان دەبێت لە شوێنێکی دیاریکراو لەماڵدا روو بدات کە لە ژێر چاودێریی کەیبانووی ماڵە و دایم خەریکی پاککردنەوەیەتی، یان ئەوەتا هەرکەس لای خۆیەوە بە دزییەوە لە شوێنێکی شاراوەی ماڵەکە پیسایی بکات. لە حاڵەتی دووەمدا، زۆری پێناچێت ماڵەکە هەمووی بۆگەن دەکات. . جا لەبەر ئەوەی، لە خوا بەزیاد بێت، باندەکانی تاوانی ئێمە پێویستیان بە پارە سپیکردنەوە نییە ولەبەر ئەوەی لە زەمانێکدا دەژین کە خاوەن قومارخانەی جاران ئێستە سەرۆکی گەورەترین وڵاتە و لەبەرئەوەی زۆربەی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵاتی قەزاوقەدەرمان خۆیان لە خۆیاندا، پێش کۆرۆناش، هەر جۆرێک بوون لە قومار، لەبەر هەموو ئەمانە، هێشتنەوەی ئەم کەرتە ئابوورییە بە شاراوەیی و بێ چاودێریی رەسمی و یاسای سنووردارکردنی کارەکانیان و بە بێ باج سەنین لێیان کارێکی زۆر نابەجێیە. . لە زەمانی کۆرۆناشدا، دەبوا ئەو کارمەندە رووسانە و مەعمیلە کوردەکانیان رێنماییەکانی خۆلێکبەدوورگرتن پەیڕەو بکەن و لە کاتی قەدەغەکردنی هاتووچۆدا لە ماڵ نەیەنە دەر. راستە قومار واتە موجازەفە و رەنگە مەعمیلە کوردەکانی قومارخانەکان زۆر لەوە جەربەزەتر بن لە تووشبوونی پەتای کۆرۆنا نەترسن. بەڵام خۆ گەر کۆرۆنا بگرن لە سەر مێزی قومار ڤایرۆسەکە قومات ناکەن و هەر لەوێ نامێنێت، بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا بۆ ماڵ و منداڵ و هەموو کۆمەڵگای دەهێنن...لەگەڵ هیوای سەلامەتیدا بۆ قومارچییە بەڕێزەکان، تکایە لە ماڵەوە بمێننەوە. .