گه‌ڕان

Shadow Shadow

پێش ئەوەی جەنگاوەری ئایدیۆلۆژی بین، با مرۆڤ بین...

کۆرۆنا، بەلێکەوەدووری، کۆمان دەکاتەوە!

2020.04.03 - 16:45

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م. نوری   رۆژی 27 ی ئازار سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی کۆنگرێسی ئەمریکای ئیمزا کرد کە 2 ترلیۆن دۆلار، بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرهاویشتە ئابوورییەکانی تەرخان دەکات. بارودۆخی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکادا، ئەوەندە ترسناکە، کە بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە خۆیان بە بەختەوەر دەزانن ئەگەر مۆدێلی تەشەنەکردنی پەتاکەیان لە وڵاتی کارەساتباری ئیتالیا بچێت. لە ئێستادا ئەمریکا، لە ژمارەی تووشبوواندا، بووە بە پێشەنگی هەموو دونیا. تا رۆژی نووسینی ئەم بابەتە زیاتر لە 245هەزار کەس لە ئەمریکا تووش بووە و زیاد لە  6 هەزاریان مردوون.  . رۆژی 31 ی ئازار سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بە هاووڵاتییانی ئەمریکای راگەیاند کە خۆیان بۆ دووهەفتەی زۆر سەخت ئامادە بکەن، چونکە مۆدێلەکانی پێشبینیی تووشبوون و مردن بە پەتاکە باس لەوە دەکەن کە ئەگەر تەنانەت هەموو کۆمەڵگای ئەمریکی پابەندی رێنمایی و فەرمانەکانی خۆلێکبەدوورخستن ببن، ئەوا لە چاکترین حاڵەتدا، پێشبینی دەکرێت 100-240 هەزار کەس لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە کۆرۆنا بمرن. هەمان مۆدێلی پێشبینی زەنگی ترسناکی ئەوە لێدەدات کە ئەگەر پابەند نەبن بە خۆلێکدوورخستنەوە (کە لە ئێستادا زیاد لە ¼ ی کۆمەڵگا پابەند نییە، چونکە دەسەڵاتی ولایەتەکەیان فەرمانی لە ماڵ نەچوونەدەری پێڕانەگەیاندوون) ئەوا چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی ئەوانەی کە پەتاکە دەیانکوژێت، نەک تووشبووان، بگاتە 1.5 -2.5 ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا. واتە لە کەمترینی ئەم پێشبینییە ترسناکەدا 5 ئەوەندەی هەموو قوربانیانی ئەمریکا لە هەردوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووم دەمرن.  . هەمان مۆدێلی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا پێشبینی دەکات کە لە نێوان 2.4 - 21 ملیۆن کەس ناچاری خەواندن لە خەستەخانە بکرێن، بەڵام تەنها 920 هەزار قەڵەوێرەی خەستەخانە هەیە لە وڵاتەکەدا. حکومەتی فیدراڵ و ولایەتەکان لە پێشبڕکێدان لەگەڵ کاتدا بۆ زیادکردنی ئەو ژمارەیە و گۆڕینی زۆربەی هەرەزۆریان بۆ قەڵەوێرەی تایبەت بە ژووری بووژاندنەوە. . شێوازی مامەڵەکردنی ئیدارەکەی ترەمپ لەگەڵ تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، هەروەها خاڵەسەرەکییەکانی مشتومڕی داڕشتنی بڕیارەکەی کۆنگرێس و دوا مسوەدەی ئەو بڕیارەی بە ئیمزای سەرۆک بوو بە یاسا، هەموو ئەمانە وێنەی 40 ساڵ لە هەژموونی فیکرێکی ئابووریی کۆمەڵایەتی دەخەنە روو کە ناسراوە بە نیۆلیبراڵیزم. تێگەیشتنی شێوازی کارکردنی ئەم سیستەمە ئابوورییە رەنگە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی ئەمریکا بەم شێوە خراپە پەتاکەی تێدا بڵاوبۆوە؟ ئەو وڵاتەی پێشەنگی دونیایە لە توانای سەربازی و تەکنۆلۆژیدا، چۆن دەبێت تا ئێستەش نەزانێت بە شێوەیەکی دروست چەند کەس لە وڵاتەکەدا تووش بووە و تا ئێستە وا دەستەوەستان بێت لەبەرمبەر تەشەنەکردنی پەتاکە؟ لە وڵاتێکی پێشەنگی پیشەسازیدا کە تێچوونی تەندروستی تێیدا بۆ هەر دانیشتوویەکی ئەو وڵاتە زۆرترین بێت لە جیهاندا، چۆن دەبێت سیستەمی تەندروستی تێیدا ئەوەندە پەککەوتە بێت؟ . ئەم وتارە شوێنی شیکردنەوەی ئەکادیمییانەی نیۆلیبرالیزم و دەرهایشتەکانی بە گشتی نییە، بەڵام جێی خۆیەتی بزانین ئەو سیستەمە چۆن دەڕوانێتە پەتا و کارەساتی مرۆیی و داڕمانی ئابووری. . خەستەخانە و پرانسیپی "ڕێک لە کاتی خۆیدا"   یەکەمین پرسیار کە هاووڵاتیانی ئەمریکا دەیکەن ئەوەیە، لە وڵاتێکدا کە بۆ هەر خزمەتگوزاریەکی پزیشکی زۆرترین پارە دەستێنرێت لە هەموو جیهاندا، چۆن دەبێت ئەوەندە قەڵەوێرەی خەستەخانە کەم بێت کە بەرگەی پەتایەکی ڤایرۆسی نەگرین؟ لە وتارێکدا جۆن بوێل لە ماڵپەڕی Informed Comment دا بڵاوی کردۆتەوە، باس لەوە دەکات کە بیست ساڵ دەبێت جەستەخانەکانی ویلایەتی نیویۆرک قەڵەوێرە کەم دەکەنەوە، نەک بەپێی زیادبوونی دانیشتووان زیادی بکەن. بیست ساڵ لەمەوبەر لە نیویۆرک 73 هەزار قەڵەوێرە لە خەستەخانەکاندا هەبوو، کەچی لە کۆتایی 2019دا بوو بە 53 هەزار. واتە بیست هەزار قەڵەوێرە لەو ولایەتەدا لابران. بۆ بەراورد، یەکێک لەگەورە خەستەخانەکانی پارێزگای سلێمانی ناسراوە بە خەستەخانەی 400 قەڵەوێرەیی. واتە لە بیست ساڵدا بەقەد 50 خەستەخانەی وەک ئەوەی سلێمانی داخراوە لە نیویۆرک. بۆچی؟ چونکە کولتووری کۆمەڵایەتی و ئابووریی باو کەرتی تەندروستیشی گرتەوە و بەڕێوبەرانی خەستەخانەکان پێیان وابوو کە تەنها بەپێی پێویستیی رۆژانەی ئاسایی دەبێت قەڵەوێرە هەبێت. چونکە قەڵەوێرەی بەتاڵ خراپە بۆ بزنس! ئەوانیش چاویان لە تاکفرۆشە زەبەللاحەکانی ئەمریکا کرد کە پرانسیپی "ڕێک لە کاتی خۆیدا" دەمێکە بەڕێ دەکەن و لە مەخزەنەکانیان دەبێت کەمترین شت هەڵگیرێت بۆ ئەوەی مەسرەفی مەخزەن نەکرێت. . تا پێش سەرۆکایەتیی ئۆباما، کۆمپانیای بیمەی تەندروستی بۆی هەبوو هەرچەندێکی بوێت قازانج بکات لە پارەی مانگانەی بیمە. لە دوای یاسای خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئۆباماوە لەبڕی 20٪ دا راگیرا، واتە کۆمپانیای بیمە بۆی هەیە بۆ هەر 100 دۆلارێک لە خەڵک وەریدەگرێت 20 دۆلاری قازانج بێت. قازانجیش لە نەهێشتنی قەڵەوێرەی بەتاڵدایە تا خەستەخانەکان بتوانن ئەو نزخە بدەن بەو کۆمپانیایانە کە قازانجی خەستەخانە کەم نەکاتەوە. ئێستە نیویۆرک، کە حاڵی لە هەموو ئەمریکا خراپترە، سێنتراڵ پارک و یاریگاکان دەکات بە خەستەخانەی کاتی تا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر کەمیی قەڵەوێرەی خەستەخانەکاندا. . قازانج و کارەساتی مرۆیی   یەکێک لە پرانسیپەکانی نێولیبرالیزم رێگە نەگرتنە لە بزنس و خولیای قازانج، تەنانەت لەکاتی کارەساتی مرۆییدا. بگرە ئەدەبییاتی ئابووریی نیۆلیبراڵ، کە نیو سەدەیە دەکرێت بە مێشکی خەڵکدا، پێیان وایە، بە تایبەتی لە کاتی کارەساتی مرۆییدا، رێگە نەگرتن لە خولیای قازانج تەنها هەڵوێستی راستە! . لە مەسەلەی تەشەنەکردنی کۆرۆنادا ئەمە زۆر بە زەقی بە کێشەی تێچوونی تێستکردن و خەواندنی خەستەخانە و چاککردنەوەی تووشبووەکانەەوە دەرکەوت. هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنادا، سەرەڕای ئەوەی یاسا رێگە بە بەڕێوبەری سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا دەدات کە مەسرەفی تێستکردنی دانیشتووان و جیاکردنەوەی پزیشکی و چارەسەری تووشبووان بخەنە ئەستۆی حکومەت. بەڵام، لەبەر ئەوەی بڕوای وابوو کە هیچ کارەساتێک نابێت رێگر بێت لە خولیای قازانجی بزنسی کەرتی تەندروستی، بۆ زیاد لە 4 هەفتە ئیدارەی ترەمپ بە خەڵکی ئەمریکایان دەگوت کە بچن بۆ تاقیگەکانی کەرتی تایبەت لە رێی بیمەی تەندروستییەوە و لەسەر حسابی خۆیان تێست بکەن. تێستیش لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەک و لە رێپێدراوی جۆرێک لە بیمەوە بۆ جۆرێکی دیکە جیاواز بوو.  . دوو هەفتە لەمەوبەر لە لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانیدا،  کەیتی پۆرتەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بەڕێوبەری سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی لەبەردەم کامێراکانی تەلەفزیۆن ناچارکرد کە دان بەوەدا بنێت لە دەسەڵاتی ئەودایە ئەو تێچوونە، بە تێچوونی جیاکردنەوە و چارەسەرکردنیش بگرێتە ئەستۆ.  . سەرەڕای ئەوە تا ئەمڕۆش روون نییە تێچوونی جیاکردنەوە و چاککردنەوە کێ دەیخاتە ئەستۆ. بۆچی؟ چونکە ئیدارەی ترەمپ پێیوایە سیاسەتی گشتی نابێت لە بنەڕەتترین بزوێنەری سەرمایەداری بدات کە خولیای قازانجە. پێیوایە ئەگەر حکومەت ئەو تێچوونانە بگرێتە ئەستۆ، بە نرخی جوملە لەگەڵ تاقیگەکان و خەستەخانەکان دەبێت ببسازێت و نرخی هەموو خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبن لەوەی کە لە گیرفانی دانیشتووانی بێدەسەڵاتی ئەمریکا کۆمپانیاکانی بیمە دەتوانن بیسەنن. واتە، لە ناسکترین کاتی کارەساتێکی مرۆیی لە ئەمریکادا، ئایدۆلۆژیای خزمەتکردنی خولیای قازانج رێ لە خزمەتکردنی خەڵک دەگرێت و مەرگیان دەکات بە دیاری. . لەهەمان کاتدا، ترەمپ، کە تینووی کشاندنی دەسەڵاتەکانی خۆیەتی، لە هەموو بوارێکی دیکەدا، تا ئەمڕۆ بە خواستی خۆی ئامادە نییە دەسەڵاتی وەک سەرۆکی حکومەتی فێدارڵ بەکار بهێنێت بۆ ناچارکردنی کۆمپانیا زەبەللاحەکان بە گۆڕینی ئاراستەی بەرهەمهێنانیان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی کە ژیانی خەڵک دەکڕنەوە. دیمەنی پەریستارەکانی نیویۆرک کە لەبەرنەبوونی جلی خۆپارێزی، کیسەی خۆڵیان لەبەرکردبوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهاندا، هەموو کەسی هەژاند ئیدارە جەنگاوەرە ئایدیۆلۆژییەکەی ترەمپ نەبێت.  .  ئیدارەی ترەمپ لەبریی دەستگرتن بەسەر بڕیاری بەرهەمهێنان و دابەشکردندا لەکاتی کارەساتی مرۆییدا، خەمی ئەوەیەتی پێشبڕکێ لەنێوان ولایەتەکان لە دژی یەکتر بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەلە پزیشکییە پێویستەکان بەردەوام بێت. خۆی و ئیدارەکەی نایانەوێت تواناکانی کڕین بەپێی پێویستیی گشت کۆمەڵگای ئەمریکا یەکبخەن، چونکە پێیان وایە بۆ ئەوەی سەرمایەداری بتوانێت بەرەنگاری پەتای کوشندە بێتەوە، دەبێت رێ بە سەرمایەدارە زەبەللاحەکان بدرێت قازانجی باش لە پەتا و کارەساتی مرۆیی بکەن. . برسیکردن و زەوتکردنی ئاسوودەیی هێزی کار، تەنها زامنی کارکردنیانە   روویەکی دیکەی لەوە قێزەونتری نێۆلیبراڵیزم لە کاتی دانوستانی ئەو گوژمە 2 ترلیۆنییەی لە ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر درا، دەرکەوت. لە بنەڕەتدا، مەبەستی سەرەکیی ئەو گوژمە بزوێنەرە ئابوورییە ئەوەبوو متمانە بە زامنکردنی بژێوی ئەوەندە لای خەڵکی ئەمریکا بەهێز بکات کە ناچار نەبن، لە پێناوی رەواندنەوەی دڵەڕاوکێیان بەرامبەر بە چارەنووسی بژێوییان، بەنەخۆشییەوە لە ماڵ بێنەدەر بەدوای ئیشا بگەڕێن و یەکتر تووشبکەن(ئەمەش حاڵەتێکی زۆر نەخوازراوە کە تەنها لە وڵاتانی کڵۆڵی وەک ئێمەدا شتێکی ئاسایی و بێ بەهایە).  . لە کاتی دانوستاندا، جەنگاوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی بیۆلیبراڵیزم نەیانهێشت کە بڕێک پارەی مانگانە سەرف بکرێت تا ئەو کاتەی ئەم پەتایە کۆتایی دێت و چالاکیی ئابووری ئاسایی دەگەڕێتەوە.  تەنها یەک جار پارەیان پەسەند کرد بۆ هەر کەسێک لە ئەمریکادا. ئەو بڕەپارەیەش 1200 دۆلارە بۆ هەر کەسێکی سەروو هەژدەساڵ و 600 دۆلارە بۆ هەر منداڵێک لە خانەوادەیەکدا.  . شێوازی سەرەکیی رەواندنەوەی دڵەڕاوکێی ئابووری کە نێۆلیبراڵەکان پێی رازی بوون لەو یاسایەدا، فراوانکردن و درێژکردنەوەی بێمەی بێکاری بوو. واتە ئەوانەی لە ئەنجامی دەرهاویشتەی ئابووریی ئەم پەتایە بێکار بوون، بۆ چوار مانگ بڕێک پارەی زیاد لە جاران وەک بیمە وەردەگرن و ئەگەر بێکارییان درێژەی کێشا، ئەوا بۆ ماوەیەکی زیادتر یمەی بێکاریی نۆرماڵیان بۆ سەرف دەکرێت.  . بنەمای رازی بوونی نێۆلیبراڵەکان بەو بەندە ئەوە بوو کە "ماف"ی خاوەنکارەکان بپارێزن لە دەرکردنی هەر کەسێکدا کە دەیانەوێت. نەک وەك وڵاتانی دیکە کە یارمەتیی ئابوورییان بۆ خاوەنکارەکان دەستنیشان کرد، بە مەرجی دەرنەکردنی کرێکاران لەسەر کار، بۆ ئەوەی کە بارودۆخ چاک بوو کرێکاران بزانن دەتوانن دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانی جارانیان. بەڵام لە ئەمریکادا ئەو ئاستە لە ئاسوودەیی بە "هێزی کار" رانەبینرا. گەلێک لەو زیاد لە 6.5 ملیۆن کەسەی کە ئەم مانگە لە ئەمریک بێکار کران خەڵکانێکن کە، ئەگەر بارودۆخ ئاسایی بۆوە، دەبێت وەک ئەوەی ساڵەهای ساڵە لەو شوێنی کارەیان خزمەتیان نەکردبێت، سەر لە نوێ هەوڵ بدەن خاوەن کار رازی بکەن بیانگێڕێتەوە سەر کارەکانیان.  . لە هەمان کاتیشدا هەندێک لە سێناتۆرە نێۆلیبراڵەکان زۆر پەست بوون لەوەی لە ئەنجامی ئەم یاسایەدا، هەندێک لەو کرێکارانەی کە کەمترین دەرامەتیان هەیە، بە یارمەتییە حکومەتیەکەوە چەند سەد دۆلارێک زیاتر لە پێش کاتی پەتای کۆرۆنا وەردەگرن! ئەوان بە ئاشکرا ئەو بیرۆکە ئابوورییەیان دووبارەکردەوە کە لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیدا باو بوو و پێی وابوو دەبێت مۆتکەی برسێتی و دڵەڕاوکێی بژێوی بەسەر سەری کرێکاردا بهێڵرێتەوە بۆ ئەوەی تەمەڵ نەبێت و هەمیشە ئامادەبێت بۆ کار! . کۆمپانیا لە مرۆڤ بەهادارترە   لە بری ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری پارەکەی ئەم یاسایە بچێت بۆ زۆر بەپەلە فراوانکردنی توانا تەندروستییەکان لە ئەمریکا و بۆ زامن کردنی بژێویی خەڵک، تەنها 117 ملیار دۆلار لەو 2000 ملیارە دەچێت بۆ خەستەخانەکان، بەشێکی زۆری ئەو پارەیەش دەڕوات بۆ پەسەندکردنی بەرزکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان کە پێشتر لەڕێی یاساکەی سەردەمی سەرۆک ئۆبامادا کەم کردابوونەوە، بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک لە بەڕێوبەرانی خەستەخانەکان وەربگیرێت کە ئەو زیادەیە دەچێت بۆ پزیشک و پەریستار و کرێکارانی تەندروستی. بەهانەکەشی ئەوەیە کە دەبێت خەستەخانەکان رازی بکرێن رێژەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە قازانجی زۆریان تێدایە کەم بکرێتەوە تا تواناکان بۆ رزگارکردنی خەڵک لە مەرگ بە پەتا تەرخان بکرێن. . هەمان یاسا بڕی 500 ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ قەرز، کە دەشێت ببێت بە بەخشینی بێ بەرامبەر، بۆ ئەو کۆمپانیایانەی کە زەرەرمەند بوون لەم داڕمانە ئابوورییەی بەهۆی پەتاکەوە بەسەر ئەمریکادا هاتووە. ئەمە جگە زیاد لە 2 ترلیۆنی پێشوو کە لەڕێی داشکاندنی باجەوە پێشکەش بە کۆمپانیا زەبەللاحەکان کراوە و، لە 6 ترلیۆن دۆلاری دیکە کە بانکی فیدراڵی ئامادەیە بە قەرزی زۆر ئاسان بیدات بە کۆمپانیا زەبەللاحەکان بەبێ هیچ مەرج و سنووردارییەک.   . لە ریزی پێشەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کیسەیان گرتۆتەوە بۆ قەرزەکان، کۆپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکان کە دەوڵەمەندترین کۆمپانیای هێڵی ئاسمانین لە جیهاندا، لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتن، کە ئەوانیش، بی رکابەر، دەوڵەمەند ترین کۆمپانیاکانی جیهانن. ئەمە جگە لە کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار، کە لەلای سەرۆک خۆی زۆر شیرینن و چاوەڕواندەکرێت سەرۆک خۆی لەو قەرزانە سوودمەند بێت. . مەرجی سەرەکی ئەو 500 ملیار دۆلار قەرزە ئەوەیە کە کۆمپانیاکان نەتوانن بۆ زیادکردنی پاداشتەکانی بەڕێوبەرانی کۆمپانیاکان، یان بۆ کڕینەوەی پشکی کۆمپانیاکان وە یان بۆ دانی قازانج بە خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکان بەکار بێت. هەروەها مەرجێکی تایبەت دابراوە تا بەهێڵرێت سەرۆک ترەمپ بەو یاسایە خۆی و منداڵەکانی دەوڵەمەند بکات. سەرەڕای ئەوە ئیدارەی ترەمپ ئەو مەرجانە بە رێنمایی دادەنێت و تا ئێستە خۆی بە بەرپرس لە جێبەجێکردنی لە بەرامبەر کۆنگرێسدا نازانێت. . بێ شەرمانە ئاشكرایە کە رازی بوونی جەنگاوەر ئایدیۆلۆژییە نێۆلیبراڵەکان بە یارمەتیدانی هاووڵاتییانیان، بەند بوو بەم هەموو خێروبێرە بۆ کۆمپانیا زەبەللاحەکان لە وڵاتدا. چونکە لای ئەوان نە حکومەت و نە خەڵک دەبێت بەشی ئەوەندە پارەیان لەبەر دەستا بێت، کە تەمەڵ بن و خزمەتی قازانجی کۆمپانیا زەبەللاحەکان نەکەن. . ئەمە هەمووی بە ئێمە چی؟   سەرەڕای ئەوەی ئەم مشتومڕە، لەسەر چارەنووسی ئابووریی جیهان و، ئەمریکای پێشەنگە زەبەلاحەکەی ئەو ئابوورییە، رەنگدانەوەی زۆر گەورەی دەبێت لەسەر جیهانی دوای پەتای کۆرۆنا، بەڵام بۆ هەووڵاتییەکی ئەم دەڤەرە کلۆڵەی خۆمان رەنگە وەک گوێز ژماردن و خەیاڵ پڵاو وابێت. جێی داخە کە وا پێدەنێینە دوو مانگەوە لە کوردستان کە بە خەڵک دەڵێین لە ماڵ مەیەنە دەر تا لە مەرگ و کارەسات یەکتر بپارێزین، بەڵام رۆژ بەرۆژ توانای خەڵک بۆ بەردەوام بوون لەم یەکترپارێزییە کزتر دەبێت و پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە زیاتر دەبن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، وەک ئەوەی لە چێرۆکێکی سوریالیدا بژیین، لە بریی ژیاندنی خەڵک، مشتومڕەکان لە دەڤەرەکەماندا لە چوارچیوەی "چەندی مووچەی کام مانگ، کەی سەرفدەکرێت؟" دا دەبینینەوە. ئاستی نابەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی دەڤەرەکەمان بە رادەیەکی ترسناک سوریالییە و پاڵەپەستۆی هەمەلایەنەمان نەبێت، حاڵ لەمە باشتر نابێت، بەڵکو خراپتر دەبێت.