کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وتەبێژی هێزەکانى هاوپەیمانان رایگەیاند، ڕۆژی هەینی زیندانیکراوانی داعش لە زیندانی دایرک لە نزیک سنوری عێراق هێرشیان کردووەتە سەر پاسەوانەکان و هەوڵیان داوە لە زیندانییەکە هەڵبێن.
سکۆت ڕاولینسن، وتەبێژی هێزەکانى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تویتێکیدا رایگەیاند، دەستبەجێ هێزەکانى سوریای دیموکرات (هەسەدە) "بەبێ هیچ زیانێکى گیانى ئاژاوەکەیان کپکردووەتەوە و دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە."
دەشڵێت، هێزەکانى هاوپەیمانان چاودێری ئاسمانی ئۆپراسیۆنەکەیان کردووە و هاوکاری هەسەدەیان کردووە لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هیچ زیندانییکراوێکیش هەڵنەهاتووە.
سکۆت ڕاولینسن ئاماژەى بەوەشکردووە، "هەسەدە بە باشی لە مەترسی زیندانیکراوانی داعش تێدەگات و هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی زیندانییەکان."
لەئێستادا هەزاران زیندانیکراوی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە زیندانەکانى هەسەدەدان و چەندینجاریش داوای لە وڵاتان بە تایبەت وڵاتانى ئەوروپی کردووە ئەو چەکدارانە وەربگرنەوە یاخود تێچووی دادگاییکردنیان لە ئەستۆ بگرن.
هەسەدە هۆشداری داوەى لەوەى بەهۆی سەرقاڵی هێزەکانیان بە بەرەکانى شەڕەوە نەتوانن ئاسایشی تەواوەتى زیندانییەکان لە ئەستۆبگرن و زیندانیان هەوڵی هەڵهاتن بدەن.