گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خامنەیی داوای کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

2019.04.06 - 23:15
خامنەیی داوای کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

 

ناس کورد-

 

عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کشانەوەی هیزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی خامنەیی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی مانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێڕاق خستەڕوو.

خامنەیی داوای لە عەبدولمەهدی کرد ڕێوشوینی خێرا بگرێتەبەر بۆ چوونەوە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، وتیشی: "پێویستە دڵنیایی بدرێت لەوەی ئەمەریکییەکان هێزەکانیان لە زووترین کاتدا لە عێراق دەکشێننەوە، چوونکە کردنە دەرەوەیان قورس دەبێت کاتێک بوونی سەربازییان لە وڵاتێکدا درێژە بکێشێت."

لە ئێستادا پێنج هەزار و 200 سەرباز و ڕاوێژکاریی ئەمەریکی لەسەر خاکی عێراق هەن ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنێکی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتن، بەڵام تاران بوونی سەربازانی ئەمریکا لە خاکی وڵاتەکەی دراوسێی وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت و لە چەندین بۆنەدا داوای چوونەدەرەوەی ئەو هێزانەی کردووە.