گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئوردن لەبارەى دانانی ئاڵای کوردستانەوە ڕونکردنەوە دەدات

2019.04.06 - 19:28
App store icon Play store icon Play store icon
ئوردن لەبارەى دانانی ئاڵای کوردستانەوە ڕونکردنەوە دەدات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

وەزارەتى دەرەوەى شانشینی ئوردن رایگەیاند، دانانی ئاڵای کوردستان بەبێ ئاڵای عێراق لە پێشوازی مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵەیەکى پرۆتۆکۆلییە نەک زیاتر.

لە ڕونکردنەوەیەکدا لەبارەى دانانی ئاڵای کوردستان بە تەنها لە کاتی پێشوازی مەسعود بارزانی لە فڕۆکەخانەى عەممان، سەفیان سەلمان، وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئوردن رایگەیاند، ئەو هەڵەیە بە ئەنقەست نەبووە و پابەندن بە یەکێتى خاکی عێراقەوە.

هاوکات بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن پەیوەندی پێوەکردوون و "ئەو هەڵە پڕۆتۆکۆلیەی" بۆ ڕوونکردوونەتەوە، دوپاتیشیان کردوەتەوە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەهێزتر بكەن وهەڵوێستیان جێگیر و نەگوڕە سەبارەت بە یەكپارچەیی خاكی عێراق.

ڕۆژی هەینی 4ی نیسانی 2019، مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری شاندێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابوریی دەریای مردوو گەیشتە ئوردن و لە فڕۆکەخانەى عەممان له‌ لایەن ئەمیر فەیسەڵ، برای پاشای ئوردنەوە پێشوازی لێكرا.

لەکاتی پێشوازییەکەدا، تەنها ئاڵای کوردستان بەبێ ئاڵای عێراق دانرابوو کە ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی چەند لایەنێکى سیاسیی عێراقی بە تایبەت فراکسیۆنەکانی نەسر و دەوڵەتی یاسای لە پەرلەمانی عێراق بەدوای خۆیدا هێنا و داوایان لە ئوردن کرد ڕونکردنەوە بدات.