گه‌ڕان

Shadow Shadow

چارەکێک ملیار دۆلار لە سیستەمی لانی کەمی دێمۆکراسیدا چۆن سۆراغ دەکرێت؟

2020.03.28 - 18:42

ناس بیروڕا - ئالان م نوری رۆژی 3ی مارس لە ماڵپەڕی ناس نیوزدا بەدواداچوونێکمان بڵاوکردەوە و ئاماژەمان بە هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ ی ئەمریکی دا کە:  لە ساڵی 2017-2018ی داراییدا، کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ڕوسی (ڕۆسنەفت) بڕی 250 ملیۆن دۆلاری لە بری کاری "ڕاوێژکاری" داوە بە لایەنێکی نادیار بۆ زامنکردنی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا. ، ئەم زانیارییە کاتێک ئاشکرابوو کە دوو هەفتە لەمەوبەر کۆمپانیای ڕۆسنەفت بۆ کاروباری پەترۆلی سنوردار لە ڕۆژهەڵات کە دەرهاویشتەی ڕۆسنەفتی ڕوسی خۆیەتی و لە سەنگافورا دامەزرێنراوە، ڕوونکردنەوەی دا لەسەر ئەو ڕاپۆرتە داراییەی کە لە کۆتایی ساڵی 2019 دەربارەی چالاکییەکانی ساڵی دارایی 2017-2018.  لەو راپۆرتەدا هاتووە کە لە ڕێی دەرهاوێشتەی سویسرای ڕۆسنەفت بڕی 250 ملیۆن دۆلاریان داوە بە کەسێکی سێیەم بۆ مەبەستی کاری ڕاوێژکاری لە هەوڵیاندا بۆ زامنکردنی گرێبەستەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.  ، لە هەمان بەدواداچووندا ئەومان روونکردەوە کە ئەم هەواڵە جیهانی رۆژنامەنووسیی ئابووریی هەژاند چونکە کۆمپانیا رووسییەکە داکۆکیی لەخۆی بەوە کرد کە ئەو بڕی پارەیە و چۆنێتیی سەرفکردنی بە رێوشوێنی وردبینیی رەسمیدا لێکۆڵینەوەی لێکراوە و بە کارێکی یاسایی دادەنرێت چونکە ئەو کەسە نادیارە گرێبەستێکی ئەوەندە بە قازانجی رۆسنەفت مسۆگەر کردووە کە بڕی ئەو پارەیەی پیی دراوە زۆر زیاد نییە لە رێژەی باوی ئەو جۆرە کاری "راوێژکاری"یە. ئەوشمان روونکردەوە کە ئەو بڕی پارەیە بەلای کەمەوە 4 ئەوەندەی نۆرمی پاداشتی ساڵانەی گرانبەهاترین جۆری راوێژکارییە لە جیهاندا. ، پاش ئەوەی ئەم هەواڵە لە کایەی هەواڵ و سۆسیاڵمیدیاوە تەشەنەی کرد بۆ گفتوگۆی پەرلەمانتاران و سیاسەتمەداران، وەک چۆن ئەوە چاوەڕوانکراوە لەهەر سیستەمێکی سیاسیدا کە خۆی بە لانی کەمی دێمۆکراسی بناسێت، رۆژی 27ی مارس د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رەسمیدا، کە ئاراستەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ی کردووە تێیدا دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی  کردووە کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە ." ، ئەوەی جێی سەرنجە لە وەڵامی بەڕێز د. جوتیاردا ئەوەیە کە ئەم رێوشوێنەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیە بەر بۆ بەدواداچوونی ئەم هەواڵە، نامۆیە بە نەریتی لانی کەمی دێمۆکراسی لە وڵاتاندا.  ، ئاشکرایە کە کارێکی "راوێژکار"ی وەها رووی داوە و ئەو بڕە پارەیەش لە رۆسنەفت وەرگیراوە. هەروەها ئاشکرایە کە ئەگەر بەپێی بڕی قازانج لە "راوێژکاری"یەکە لە روانگەی بزنسێکی زەبەللاحی وەک رۆسنەفتەوە لێکی بدرێتەوە، ئەوا لەلای ئەوانەوە هیچ گەندەڵییەک رووی نەداوە. هەر هەمان کار لە روانگەی هەرێمی کوردستانەوە زۆر جیاوازە. چونکە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کەسێک لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە نزیک لە ناوەندی بڕیاردان، لەبریی داکۆکی لە مافەکانی گشت هاووڵاتیانی هەرێم، کاری بۆ کۆمپانیایەک کردووە، وناوەندی بڕیاری هەرێمی بەجۆرێک بەهەڵەدا بردووە کە پاداشتەکەی 250 ملیۆن دۆلار بووە. ئەگەرەکان لەم مەسەلەیەدا لە دوان زیاتر نین: ، یەکەم: ئەوکەسە وەک راوێژکاری کۆمپانیایەکی بیانی لای دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خۆی ئاشکرا نەکردووە. بەو پێیە، کارەکەی بە رادەیەکی ترسناک نایاساییە. ،  دووەم: ئەو کەسە وەک راوێژکاری کۆمپانیایەکی بیانی لای حکومەتی هەرێم خۆی ناساندووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەشداریی لە بەلاڕیدا بردنی بڕیارێکی ئابووریی ئەوها زەبەلاحی چارەنووسی سامانێکی نیشتمانی کە موڵکی گشتییە، نیشانەی گەندەڵکارییەکی گەورەیە لە ئاستێکی زۆر بەرزی دەسەڵاتی سیاسیدا لە هەرێمی کوردستان. ، لە حاڵەتی ئەگەری یەکەمدا، ناساندنی ئەو کەسە لەڕێی ناچارکردنی (رۆسنەفت) ەوە بۆ درکاندنی ناوی ئەو کەسە دەکرێت. ئەوەش بە هەڕەشەی رێکاری یاسایی ئەگەر رۆسنەفت بەردەوام بێت لە شاردنەوەی ناوی ئەو کەسە. داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لەم حاڵەتەدا لە هاووڵاتییەکی بەستەزمانی ئەم هەرێمە دەسەڵاتی زیاتر نییە. ئەمە کاری وەزارەتی دەرەوەی عێراقە ، یان، لانی کەم، کاری نوێنەرانی یاسایی هەرێمە لەبەردەم ئەو دادگا نێودەوڵەتییەی کە حوکمی کۆنتراکتە بازرگانییەکەی نێوان هەرێم و رۆسنەفت دەکات. ، هەرچی ئەگەری دووەمیشە ئەوا پەنجەی گومان بۆ ناوەندە هەرە بەرزەکانی بڕیاری سیاسیی هەرێم درێژدەکات. لەم حاڵەتەشدا، داواکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دەزگایەک، کە لە رووی ئیدارییەوە لە خوار ئەوەوەیە، بۆ لێکۆڵینەوە لە چانسی گەندەڵییەکی زۆر پلە بەرز، داوایەکی نەشیاوە لە سیستەمێکدا کە خۆی بە لانی کەمی دێمۆکراسی بناسێنێت. بەڵکو ئەوە کاری لێکۆڵەرەوەیەکی سەربەخۆیە کە بەرپرس بێت تەنها بەرامبەر بە رای گشتی لە هەرێمی کوردستان وپەرلەمان دەسەڵاتی بەجۆرێک دیاری بکات کە هیچ ئاستێک لە دەسەڵاتی سیاسی نەتوانێت لە لێپرسینەوەی ئاشکرا دەرباز بێت. ، 250 ملیۆن دۆلار بڕە پارەیەکی زۆرە لە کاتی ئاسایی قەیرانی دارایی هەرێمدا، لەکاتی بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆناشدا دە ئەوەندە گرنگە بۆ پاراستنی گیان وماڵی هاووڵاتیان.  ، رۆژانێکی زۆر سەخت بەڕێوەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتە ناسکەدا پێویستی بە راستگۆیی و شەفافییەتە لەگەڵ خەڵکدا. گێڕانەوەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم سەرەتایەکی پێویستی گێرانەوەی متمانەیە.