گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەسەن رۆحانی: شارێكی پیشەسازی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دروست دەكەین

2019.04.06 - 15:02
حەسەن رۆحانی: شارێكی پیشەسازی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دروست دەكەین

ناس كورد:
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران دروستكردنی سێ‌ شاری پیشەسازی كە یەكێكیان دەكەوێتە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی، راگەیاند.

لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا بۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە) بەسەردانێك گەیشتە تاران، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران وتی "لەگەڵ بەغدا رێككەوتووین بۆ دروستكردنی شارێكی پیشەسازی گەورە و دروستكردنی شارێكی لەو شێوەش لەنێوان رۆژئاوای ئێران و هەرێمی كوردستان لە پێشینەی كارەكانمانە".

رۆحانی لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا، ئاماژەی بەوە كرد هەندێك جار لەسنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە تووشی كێشە دەبن، هیوایخواست بەهاوكاری هەر دوو وڵات كێشەكان چارەسەر بكەن.

سەبارەت بەگفتوگۆكانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەسەن رۆحانی روونیكردەوە، گرنگترین تەوەری گفتوگۆكانیان جێبەجێكردنی هەموو ئەو ڕێككەوتنانە بووە كە لە گەشتەكەیدا بۆ بەغدا لەسەری ڕێككەوتبوون، یەكەم ڕێككەوتنی جێبەجێكراویش بێ بەرامبەركردنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات بووە.

رۆحانی لەبەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا ئاماژەی بەو پڕۆژانە كرد كە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەبەرنامەدایە جێبەجێ‌ بكرێت و ئاماژەی بەوە كرد "لەگەڵ بەغدا رێككەوتووین بۆ دروستكردنی شارێكی پیشەسازی گەورە و دروستكردنی شارێكی لەو شێوەش لەنێوان رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی كوردستان) و هەرێمی كوردستان".

جەختیشی لەسەر، پەرەپێدانی پەیوەندییە بانكی و دراوییەكانی نێوان هەردوو وڵات، كردەوە.