گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە

سەركردایەتییەكی یەكێتی: ئێمە بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە دەدەین

2019.04.06 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
سەركردایەتییەكی یەكێتی: ئێمە بڕیار لەسەر پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە دەدەین

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شەهرام عەزیز


ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پەسەندكردنی، كۆدەبێتەوە و بەوتەی سەركردایەتییەكی یەكێتی "پەسەندكردنی رێككەوتنەكە تەنها لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنەكەیە".

بەرزان ئەحمەد كوردە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ (یەكشەممە) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە".

كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی هاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كە بەوتەی لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی "لەكۆبوونەوەكەدا رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی پەسەند كردووە".

هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرس لەیەكێتی بە ناس كورد-ی وت "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی واژوو دەكرێت".
كوردە رەتیكردەوە مەكتەبی سیاسی لە دەرەوەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری پەسەندكردنی ڕێكەوتنەكەی دابێت و جەختی كردەوە "پەسەندكردنی رێككەوتنەكە تەنها لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەركردایەتییە".

چوارشەممەی ڕابردوو 3ی نیسانی 2019 لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند"پاش پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورستان و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ پێگەی یەكێتی لە سیستمی حكومڕانی و سەرۆكایەتییەكان و وەزارەت و دەستەكان".