گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەمەراسیمێكدا لەهەولێر

پارتی و یەكێتی رێككەوتنەكەیان واژوو دەكەن

2019.04.06 - 13:12
پارتی و یەكێتی رێككەوتنەكەیان واژوو دەكەن

ناس كورد-

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەشاری هەولێر و لەرێوڕەسمێكدا رێككەوتنەكەی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، واژوو دەكەن.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "رۆژی (دووشەممە) لەشاری هەولێر و لەمەراسیمێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رێككەوتنە نوێكەیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، واژوو دەكەن".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كرد، واژووكردنی رێككەوتنەكە لەكاتێكدایە كە لەكۆبوونەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە)ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا رێككەوتنەكە پەسەند كرا و بڕیارە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا دەنگی لەسەر بدرێت.

رۆژی 3ی نیسان، ناس كورد لەسەرچاوەیەكی بەرپرس لەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بڵاوی كردەوە "پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون و بەپێی رێككەوتنەكەش فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری لەدانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەن".

سەرچاوەكە بە (ناس كورد)ی وت “بەپێی رێككەوتنەكە، یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا ئەم پۆستانەی پێدەدرێت: شەش وەزارەت و سێ دەستە و سێ بەرپرس لە ئەنجوومەنی ئاسایش، یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سێ نوێنەری حكومەتی هەرێم”.